دیکتاتۆری ئیتالی (بەنیتۆ موسۆلینی) لە ٢٨ ی نیسانی ساڵی ١٩٤٥ لەگەڵ ژنە دۆستەکەیدا کە ناوی (کلارا پەتاججی) بوو هەردوکیان بەیەکەوە گوللە بارانکران و گاڵتەجاری بە لاشەکانیان کراو بۆئەوەی ببن بە عیبرەت بۆ هەموو جیهان لاشەی هەردوکیان لە بەنزینخانەی (ئیسسۆ) لە شاری (میلانۆ) لە ئیتالیا سەربەرەوخوار هەڵواسێنران .



لەدوا ڕۆژانی جەنگی جیهانی دووەم موسۆلینی لە ٢٥ ی نیسانی ساڵی ١٩٤٥ چاوەڕێی نێردراوەکانی ئەڵمان دەکات ، بەڵام پێی سەیرە کەکەس نایەبەلایدا ، لەوکاتەدا موسۆلینی دەڵێت (فریودراین جارێکیتر لەلایەن ئەڵمانەکانەوە فریودراین) موسۆلینی لە ٢٧ ی نیسانی ١٩٤٥ بە ماشینێکی تایبەتی خۆی و بەیاوەری ٢٥ ماشێنی سەربازییەوە کەوتە ڕێ ، دەیویست خۆی بگەهێنێتە سویسراو لەوێشەوە بە فڕۆکەیەک بچێت بۆ ئیسپانیا ، لەڕێگادا دەکەونە بۆسەی پارتیزانەکانی پارتێک کە ناوی (موسسۆ) بووە ، دەکەونە شەڕەوە ، دەرەنجام سەربازەکانی موسۆلینی خۆیان ئەدەن بەدەستەوە بەڵام موسۆلینی دەتوانێت خۆی ڕزگار بکات ، پاشان لە نزیک گوندێک بەناوی (دۆنگۆ) دەکەونە ناو خاڵی پشکنینی پارتیزانە کۆمۆنیستەکانەوە ئەم گروپە لەلایەن وربانۆ لاززارۆ وە فەرماندەیی کراوە ، کاتێک پارتیزانەکان ماشێنەکە دەپشکنن دەبینن پیاوێک لە بەتانییەکەوە پێچراوە ، هەرچەندە کەسانی ناو ماشێنەکە وتویانە گوایە ئەم زەلامە سەرخۆشێکی بەسزمانە بەڵام پارتیزانەکان موسۆلینیان ناسیوەتەوە و دەستبەسەریان کردووە .

دوای گرتنی موسۆلینی دەبرێتە گوندێک بەناوی (مێززەگرا) و لێرەدا دەیبەنە ماڵی خانەوادەیەک بەناوی (دیماریا) ، بۆڕۆژی دوایی واتا ٢٨ ی نیسانی ساڵی ١٩٤٥ کۆمیتەی ڕزگاری نەتەوەیی بڕیاردەدات کە موسۆلینی بکوژن ، هەربۆیە یەکێک لە ئەفسەرەکانی پاریزانەکانی کۆمۆنیست بۆ ئەم کارە تەرخان دەکرێت کە نازناوی (کۆلۆننەللۆ ڤالەریۆ) بووە ناوە ڕاستەقینەکەشی (والتەر ئاودیسیۆ) بووە ، ناوبراو هەریەک لە موسۆلینی و ژنە دۆستەکەی لەیەک شوێندا دەکوژێت ، لە بەڵگە فەرمێکاندا ئەم کوشتنە بەم شێوەیە تۆمارکراوە .. پارتیزان (والتەر ئاودیسیۆ) دەچیتە ئەو ژوورەی کە موسۆلینی و خۆشەویستەکەی تێدا دەستبەسەر کرابوون ، ناوبراو بە کورتی پێیانی وتوە کە ڕاسپێردراوم دەبێت جارێکی تر عەدالەتی نەتەوەیی بۆ گەلی ئیتالیا بەرجەستە بکەمەوە ، فەرمانی پێکردوون کە هەردوکیان بەچۆکدا بێن ، بەڵام کلاریای دۆستی موسۆلینی ئەمەی ڕەتکردۆتەوە و باوەشی بە موسۆلینیدا کردووە ، سەرەتا چەکی دەستی ئاودیسیۆ چروکی کرد و تەقەی نەکرد ، دووەمین چەکیش هەر تەقەی نەکرد ، هەربۆیە ئاودیسیۆ بە ڕقداهات و چەکی یەکێک لە پاسەوانەکانی هەڵگرت و لوولەی کردە ڕووی هەردوکیان ، ئاودیسیۆ سەرەتا تەقەی لە کلارا کردو کوشتی لەوکاتەدا موسۆلینی کراسەکەی خۆی دادڕی و سنگی دەرپەڕاند و هاواریکرد من بکوژن ، ئاودیسیۆ بەبێ هیچ تەرەدودێک فیشەکی نا بە سنگی موسۆلینەوە و موسۆلینی بەلادا هات ، بەڵام هێشتا گیانی دەرنەچوبو هەناسەی دەدا پاشان ئەویش مرد .

لەدوای کۆتایی جەنگی دووەمی جیهانی فەرماندەی پارتیزان (ئاودیسیۆ) لەبیرەوەریەکانی خۆیدا بەم شێوەیە باس لەم مەسەلەیە دەکات (موسۆلینی و ژنە دۆستەکەی هەردوکیانم بە ٥ فیشەک کوشت) دوای کوشتی موسۆلینی وەزیر و بەڕێوبەرە باڵا دەستەکانی موسۆلینی هەموویان بەیەکەوە و لەیەک کاتدا لەسێدارە دران ، بۆ ڕۆژی دوایش لاشەی موسۆلینی و خۆشەویستەکەی و چەند کەسێکی باڵادەست نزیک لە موسۆلینی لە مەیدانی (لۆریتۆ) لە شاری (میلانۆ) لەسەر بەنزینخانەی (ئیسسۆ) سەربەرەو خوار هەڵواسێنران ، گەل تفیان لە لاشەی موسۆلینی دەکرد و شێواندیان ، دوای ئەوەی لاشەکانیان بۆخەڵک نمایشکرد لەباکوری شاری (میلانۆ) لە گۆڕستانی (موسۆککۆ) خرایە چاڵێکەوە .