لامارکیزم یان بۆماوەی لامارکی (بە ئینگلیزی: Lamarckism) بریتییە لەو چەمکەی کە زیندەوەرێک دەتوانێت خەسڵەتە جەستەییەکانی بگوازێتەوە بۆ وەچەکانی لەڕێی ئەوەی کە باوانی زیندەوەرەکە ئەو خەسڵەتە جەستەییانەی بەدەستھێناوە بەھۆی بەکارھێنان یان بەکارنەھێنانی لە ماوەی ژیانی دا و دیاردەکە بە (میراتی خەسڵەتە بەدەستھاتووەکان یان میراتی ئارام)یش ناودەبرێت. دەستەواژەکە بەشێوەیەکی ھەڵە و ناورد[١][٢] بە ناوی زیندەزانی بەڕەچەڵەک فەڕەنسی (جان پاتیست لامارک، ١٧٤٤–١٨٢٩) ناونراوە کە ھەڵسا بە پێکەوەلکاندنی کردەی میراتی ئارام بۆ ناو بیردۆزەکانی پەرەسەندنی تایبەت بەخۆی وەک چەمکێکی (پێشکەوتنی پەرەسەندن - Orthogenesis) کە پاڵنەورێکە بەرەو ئاڵۆزی.

ناوی بیردۆزی (لامارکیزم) شانبەشانی بیردۆزی داروینزم وەک بەڵگە و سەرچاوە بەکارھاتووە کە ئەمە بۆتە ھۆی کێشان و پیشاندانی وێنەیەکەی ھەڵەی مێژووی زیندەزانی چونکە زانا لامارک خۆی ھەڵنەستاوە بە داھێنانی بۆچوونی میراتی ئارام بەڵکو ئەم بۆچوونە لە سەردەمی کلاسیکی بەدواوە بۆچوونێکی زانراو بووە و جێی جەختی سەرەکی کارەکانی لامارک نەبووە. ھەروەھا سەرەڕای ڕەت کردنەوەی لایەنەکانی تری بیرۆکەکانی لامارک، چارڵز داروین لە کتێبەکەی دا بە ناوی (دەربارەی سەرچاوەی جۆرەکان - On The Origin Of Species، ١٨٥٩) پشتگیری بیرۆکەی "بەکارھێنان و بەکارنەھێنانی بۆماوە (میرات)" کردووە.

لە ساڵانی ١٨٦٠ کانەوە ھەتا ئێستا چەندین لێکۆڵەر ھەوڵیانداوە بەڵگە بدۆزنەوە دەربارەی میراتی لامارکی بەڵام ھەموو ئەو بەڵگانە ڕوونکراونەتەوە لەڕێی ڕێکاری ترەوە (وەک: پیسبوونی بۆماوەیی) یان لەڕێی نادروستی و ساختەی بەڵگەکانەوە. بەھەمان شێوە ئێستا تاقیکردنەوەکەی ئۆگست وایزمان بە سەرنەکەوتوو ھەژماردەکرێت لە ڕەتکردنەوەی بیردۆزی لامارکیزم چونکە ھەڵنەدەستا بە باسکردنی بەکارھێنان و بەکارنەھێنان. دواتر بۆماوەیی مەندێلیەن (Mendelian Genetics) چەمکی میراتی خەسڵەتە بەدەستھاتووەکانی چارەسەرکرد و بووە ڕێخۆشکەر لە گەشەکردنی (بیردۆزی نوێی بەرھەمھێنان - Modern Synthesis) و وازھێنانێکی گشتی لە بیردۆزی لامارکیز لە زیندەزانی دا. سەرەڕای ئەمەش ھێشتا ئارەزوو و بایەخ بۆ لامارکیزم بەردەوامی ھەیە.

مێژووەکەی دەستکاری

بۆچوونی گواستنەوە و مانەوەی خەسڵەتە بەدەستھاتووەکان لە سەردەمەی کۆنەوە پێشنیارکراوە و بە درێژای چەندەھا سەدە بەردەوامی ھەبووە. مێژوونوسی زانستی (کۆنوەی زیرکڵ) لە ساڵی ١٩٣٥ دا نووسی کە:

لامارک نە یەکەمین کەس و نە دیارترین زیندەزان بووە کە باوەڕی بە گواستنەوەی خەسڵەتە بەدەستھاتووەکان ھەبووە. ئەو تەنھا پاڵپشتی باوەڕێکی کردووە کە بە درێژای ٢٬٢٠٠ ساڵ پێش لامارک پەسەندکراوە و بەکارھاتووە لە ڕوونکردنەوەی چۆنیەتی کارکردنی پەرەسەندن. پێشتر گواستنەوەی خەسڵەتە بەدەستھاتووەکان پەسەندکرابوو لەلایەن ئەم زانایانەوە: ھیپۆکرێیتس، ئەرستۆ، گالن، رۆجەر بەیکن، جیرۆم کاردن، لێڤینس لێمنیس، جۆن ڕەی، مایکڵ ئەدانسن، جۆھان فردریک بلومنباخ و ئیراسموس داروین و چەندەھای تر.[٣]

پێکھاتەی کارەکانی لامارک لەسەر پەرەسەندن دەستکاری

لە نێوان ساڵانی ١٨٠٠ بۆ ١٨٣٠ دا، لامارک ھەستا بە پێشنیارکردنی پێکھاتەیەکەی بیردۆزی بەرنامە دارێژراو بەمەبەستی تێگەیشتن لە پەرەسەندن وە باوەڕی وابوو کە پەرەسەندن لە چوار یاسا پێکدێت:[٤][٥]

  1. «ژیان بەپێی ھێزە تایبەتییەکەی خۆی، مەیلی ھەیە بەرەو زیادکردنی قەبارەی ھەموو ئەو ئەندامانەی خاوەنی ھێزی ژیانن و ھێزی ژیان ڕەھەندەکانی ئەو بەشانە تێدەپەڕێنێت.»
  2. «ھاتنەکایە و گەشەکردنی ئەندامێکی نوێ لە جەستەی ئاژەڵ دا دەبێتە ھۆی سەرھەڵدانی داواکارییەکی نوێ کە وا دەکات ھەستی پێ بکرێت و ھەروەھا ئەم داواکارییە نوێیەش دەبێتە ھۆی لەدایک بوونی جووڵەیەکەی نوێ و پاراستن و ھێشتنەوەی کە سەرەکەی و بنچینەییە بۆ داواکارییەکە.»
  3. «بەرەوپێشچوونی ئەندامەکان و تواناکانیان ئەنجامی بەردەوام بەکارھێنانی ئەو ئەندامانەیە.»
  4. «ھەموو ئەو خەسڵەت و توانایانەی بەدەستھێنراوە، ماوەتەوە یان گۆردراوە لە جەستەی تاکەکان دا لە ماوەی ژیانیان دا دەپارێزرێت لەڕێی زۆربوون و زاوزێ کردن، وە دەگوازێتەوە بۆ ئەو تاکە نوێیانەی نزیک یان خزمی ئەو کەسەن کە گۆڕانکارییەکانی بەسەرا ھاتووە.»

گفتووگۆی لامارک دەربارەی میرات دەستکاری

یاسای یەکەم "بەکارھێنان و بەکارنەھێنان (فەرامۆشکردن)": لە ھەموو ئاژەڵێک دا کە سنووری گەشەکردنی خۆی تێنەپەڕاندووە، بەکارھێنانێکی بەردەوام و دووبارەبۆوەی ھەر ئەندامێک دەبێتە ھۆی بەھێزکردن، بەرەوپێش بردن و گەورەکردنی ئەو ئەندامە و ھێزێکی پێ دەبەخشێت ھاوتا بێت لەگەڵ مەودای کاتەکەی بەکاریھێناوە. بەڵام بەکارنەھێنان (فەرامۆشکردن) ی ھەر ئەندامێک بەشێوەیەکی بەردەوام و ھەمیشەیی دەبێتە ھۆئ لاواز بوون و پووکانەوەی توانا کردەیەکانی ھەتا لە کۆتایی دا لەناودەچێت.

یاسای دووەم «میراتی ئارام»: ھەموو پێکھاتە بەدەستھاتوو و لەدەستچووەکانی کاری سروشتەوە بەسەر تاکەکەسەوە کە لەڕێی کاریگەرییە ژینگەییەکانی سەر جۆرەکە و بەکارھێنان یان فەرامۆشکردنی بەردەوامی ھەر ئەندامێکی جەستەوە ھاتۆتەکایەوە دەپارێزرێت لە نەوە نوێیەکان دا بەھۆی زاوزێکردنەوە، ئەگەر ئەم گۆرانە بەدەستھاتووانە باو بێت لە ھەردوو ڕەگەزدا یان بە لاییەنی کەمەوە باو بێت لەو ڕەگەزەی کۆرپەلەکە دەخاتەوە.[٦]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ Ghiselin, Michael T. (1994). "The Imaginary Lamarck: A Look at Bogus "History" in Schoolbooks". The Textbook Letter (September–October 1994). Archived from the original on 12 October 2000. ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  2. ^ Gould 2002, pp. 177–178
  3. ^ Darwin 1794–1796, Vol I, section XXXIX
  4. ^ Larson, Edward J. (2004). A Growing sense of progress. Evolution: The remarkable history of a Scientific Theory. Modern Library. pp. 38–41.
  5. ^ Gould, Stephen (2001). The lying stones of Marrakech: penultimate reflections in natural history. Vintage. pp. 119–121. ISBN 978-0-09-928583-0.
  6. ^ Lamarck 1830, p. 235