قودرەت گونەش
قودرەت گونەش (بە تورکی: Kudret Güneş) ژنە دەرهێنەرێکی کوردە لە ساڵی ١٩٥٦ز لە گوندێکی بچوکی ئەنقەرە لەدایک بووە. ئەو سینەمای خوێندووە و ئێستا نیشتەجێی وڵاتی فەرەنسایە.[١][٢]
ژیان
دەستکاریقودرەت گونەش لە باکووری کوردستان و لە بنەماڵەیەکی کورد کە تەنها بە کوردی قسەیان کردووە گەورە بووە، ئەو لە ساڵی یەکەمی خوێندنی سەرەتاییدا فێری زمانی تورکی دەبێت. چونکە تا ئەو کات لە دێهاتەکەیان هەر بە کوردی قسە دەکرا. ئەو لە وتووێژێکی لەگەڵ ڕۆژنامەڤان"رۆزەرین ئوروجو" دەڵێت من لە ساڵی یەکەمی خوێندنم بوو کە هەستم کرد کوردم، هەر بەهۆی ئەمەش و نەزانینی زمانی تورکی بۆم سەخت تێپەڕ بوو. قودرەت گونەش خوێندنی سەرەتایی لە گوندەکەیان و ئامادەیی لە شارۆچکەیەکی بچوکی ئەنقەرە تەواو دەکات. لە ساڵی ١٩٧٨خوێندنی زانکۆ لە بەشی ڕۆژنامەگەری و پەیوەندییە گشتییەکان لە ئەنقەرە تەواو دەکات. لە ساڵی ١٩٨٢بۆ خوێندنی سینەما ڕوودەکاتە فەڕەنسا. بۆ ماوەی سێ ساڵ مۆنتاژ و دەرهێنەرایەتی لە پەیمانگای ئازادی سینەمای فەڕەنسا دەخوێنێت. دواتر ماستەرەکەی بە هەڵسەنگاندنی لێڕوانین و ڕوانگە سینەماییەکانی یەڵماز گونەی و ڤیتۆریا دۆ سیکا لە زانکۆی سۆربۆنی فەڕەنسا وەردەگرێت. دوا بە دوای تەواوکردنی ماستەرەکەی سێ ساڵی دیکەش لە زانکۆی سۆربۆن لە سەر تێزی دوکتۆراکەی "یەلماز گونەی و کۆمەڵگەی تورکی" کاری کرد بەڵام لە بەر چەندین هۆکار نەیتوانی کۆتایی پێ بهێنێت.
بەرهەمەکانی
دەستکاری- بێریتان
بەڵگەفیلمی بێریتان بە پێ گوتەی دەرهێنەر لە ژیانی کچێکی سەر بە عەشیرەتی بێریتان سەرچاوە دەگرێت. بەڵگەفیلمەکە باس لە ژیان و بیر و باوەڕی چەند بنەمالەی کوردی باکوور دەکات کە سەر بە عەشیرەی بێریتانین و لە کوێستانێکی باکووری کوردستان نیشتەجێن.
- چەرچەفی زێڕین
کورتە فیلمێکە کە هاوسەرگیری ڕێکخراوی کردۆتە بابەتی خۆی (واتە بێ ئەوەی دوو لایەنەکە پێشتر یەکتریان بینیبێت یا ناسیبێت، هاوسەرگیرییەکە لە لایەن دایک و باوکی دوو لایەنەکەوە بڕیاری لە سەر درابێت)ئەم جۆر هاوسەرگیرییە لە نێو کوردان، تورک و بە گشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا باو بووە و تا ئیستاش لە زۆر شوێن بەردەوامە و بەو پێیەش دەکرێ دەرئەنجامی زۆری لێ بکەوێتەوە. دەرهێنەر یەکێک لە دەرئەنجامەکانی خستووتە ڕوو.
- کۆچەر
ئەم فیلمە لە ڕێگەی چارەنووسی قاسم ئوور و بنەماڵەکەیەوە کە لە ساڵی ١٩٨٢ەوە لە پرۆڤەن نیشتەجێ بوونە توانەوەی ئارامی کوردان لە کۆمەڵگای فەڕەنسییدا پیشان دەدات. قاسم ئوور و هاوسەرەکەی نیلووفەر، وەک هەموو هاووڵاتییانیان زۆر پابەندی کەلتوور، ئایین و داب و نەریتەکانیانن: لە نۆستالژیای وڵاتێکدا دەژین کە دەبوو هی ئەوان بوایە بەڵام نییە. لێ وردە وردە لە ڕێگەی ژیانی کۆمەڵایەتییان لە پرۆڤەنەوە و لە ڕێگەی منداڵەکانیانەوە کە یان لە تەمەنێکی کەمەوە لەوێ ژیاون یان هەر لەوێ لە دایک بوونە ڕەنگی شێوازی ژیانی ئورووپاییان لە سەر دەنیشێت.
- لەیلا زانا، مژدەی گەلێک
زمانحاڵی خەباتێکی ئاشتییانەی سیاسی کە لە کۆتاییدا دان بە مافی کوردان دابندرێت، لەیلا زانا بە بوێری و کاریزماکەیەوە دەدرەوشێتەوە. ئەم فیلمە لە ڕێگەی شایەتی زۆرێک لە نزیکانی لەیلا زانا و ئەو کەسایەتییە سیاسیانە کە پشتیان گرتووە وێنەی ژنێکی ناوازەمان پیشان دەدات کە خۆی دەکاتە قوربانیی هەموو گەلەکەی.
- مێهدی زانا، ڕوانینێکی جیاواز بۆ ژیان
مێهدی زانا هەوەڵین شارەداری کۆمۆنیستی کوردی شاری دیاربەکر، تورکیەیە. هەر لە بەر ئەمانەش یازدە ساڵ لە زیندانەکانی تورکیادا بەندیان کرد و لەوێش زۆر دڕندانە ئەشکەنجەیان کرد. ئەو ئەمڕۆکە لە دوورەوڵات و لە سوید، دوور لە وڵات و بنەماڵەکەی دەژیت و سەرقاڵی نووسینە و هەوڵ دەدا درێژە بە خەباتەکەی بدا.
- ژنە سووکایەتی پێکراوەکان
دوو ژنی گەنجی کورد بە ناوی هۆزان جانێ و "نازڵی تۆپ" کە لە تورکیە و ئەو مۆتەکەی کەوتبووە سەر ژیانیان هەڵاتوون. ئێستا لە ئورووپان، هەوڵ ئەدەن سەر لە نوێ ژیانیان ساز کەنەوە، و ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ دژوارییەکانی خۆگونجان لەگەڵ ژیانی ئورووپی دەیانباتەوە بۆ ئازار و سووکایەتییەکانی زیندانەکانی تورکییە.
- بە شوێن پێیەکانی بەدیعەدا
ئەم فیلمە خەباتی ژنێکی کورد بە ناوی بەدیعە دەگێڕێتەوە کە لە ساڵی ١٩٩٦دا کاتێ ٢٣ ساڵیەتی لە تورکییە و لە بەر باوەڕە سیاسییەکانی دەسبەسەر دەکرێ و ١٢ ساڵ زیندانی بە سەردا دەسەپێنن.[٣] دوای ١٣٠ ڕۆژ مان گرتن لە خواردن، تووشی ئیفلیجی و لەبیرچوونەوەی ناتەواو دەبێ. لە ساڵی ٢٠٠٠دا بۆ شەش مانگ ئازاد دەبێ. لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٠دا ئەم ژنە گەنجە لە تورکیە هەڵدێ و لە فەڕەنسە نیشتەجێ دەبێ. ئەمڕۆکەش هەوڵی ئەوە دەدات کە پارچەکانی بیرە لاوازەکەی کۆ کاتەوە.
سەرچاوەکان:
دەستکاریسەرچاوەکان
دەستکاری- ^ «Kudret Gunes: Films about an Oppressed Nation». www.rudaw.net. لە ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ ھێنراوە.
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر) - ^ «KUDRET GUNES, Paris». www.saradistribution.com. لە ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ ھێنراوە.
- ^ «film-documentaire.fr - Portail du film documentaire». www.film-documentaire.fr. لە ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ ھێنراوە.