فەرموودەی مەشھوور
فەرموودەی مەشهور بریتییە لەو فەرموودەیەی کە لە هەموو بەشەکانی ڕشتەکەیدا سێ کەس یان زیاتر هەبێت بەمەرجێک نەگەشتبێتە ئاستی فەرموودەی موتەواتر[١].
بۆ نموونە پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم دەفەرموێت "خوای گەورە زانست_مەبەست پێی زانستی شەرعییە_ هەڵناکێشێ لە دڵی زانایاندا بەڵکو زانست لە ناوتاندا ناهێڵێت بە مراندنی زانایان، هەتا کاتێک کە هیچ زانایەک نەمایەوە خەڵکی پرسیار لە کەسانی نەزان دەکەن و دەیانکەن بە گەورەی خۆیان، پرسیاریان لێ دەکرێت فەتوا دەدەن بەبێ زانست، خۆیان گومڕا بوون و خەڵکیشیان گومڕا کرد" بە عەرەبی"إن الله لا يقبض العلم انتزاعا ينتزعه من صدور العلماء، ولكن يقبض العلم بقبض العلماء، حتى إذا لم يبق عالما اتخذ الناس رءوسا جهالا، فسئلوا فأفتوا بغير علم، فضلوا وأضلوا"ئەم فەرموودەیە ئیمامی بوخاری گێڕاویەتیەوە لە ئیبن ئەبی ئوەیس لە مالکەوە لە هیشامی کوڕی عوڕوە لە عوڕوەوە لە عەبدوڵڵای کوڕی عەمر[٢]، و ئیمامی موسلیم گێڕاویەتەوە لە قوتەیبەی کوڕی سەعید لە جەریر لە هیشامی کوڕی عوڕوە لە عوڕوەوە لە عەبدوڵڵای کوڕی عەمر[٣]. ئیمامی تەبەڕانی گێڕاویەتیەوە لە موحەممەدی کوڕی عەمر لە بابیەوە لە عەلائی کوڕی سولەیمانی ڕەقییەوە لە زوهری لە ئەبوو سەلەمە لە ئەبوو هورەیرە[٤]. و ئیمامی ئەحمەد گێڕاویەتیەوە لە عەبدوڵڵا لە بابیەوە لە وەکیعەوە لە ئەعمەشەوە لە سالمەوە لە زیادی کوڕی لەبید.[٥] و خەتیبی بەغدادی گێڕاویەتیەوە لە بەکری کوڕی سەدەقە لە عەبدوڵڵای کوڕی سەعد لە موسای کوڕی عوقبە لە عوڕوەی کوڕی زوبەیر لە عائیشەوە[٦]. هەمووشیان لە پێغەمبەرەوە صلى الله عليه وسلم. بەم شێوەیە ئەم فەرموودەیە هەموو بەشەکانی ڕشتەکەی سێ کەس یان زیاتری تێدایە.
حوکمی فەرموودەی مەشهور
دەستکاریفەرموودەی مەشهور مەرج نییە فەرموودەیەکی سەحیح بێت. دوای لێکۆڵینەوە دەردەکەوێت فەرموودەکە سەحیح یان زەعیف یان لەوانەیە فەرموودەیەکی مەوزوع بێت.
دیارترین ئەو کتێبانەی دەربارەی فەرموودەی مەشهور نوسراون
دەستکاری١_المقاصد الحسنة فيما اشتهر على الألسنة. سخاوي.
٢_كشف الخفاء ومزيل الإلباس فيما اشتهر على ألسنة الناس. العجلوني.
٣_تميز الطيب من الخبيث فيما يدور على ألسنة الناس من الحديث. ابن الدبيع الشيباني.
ئەم کتێبانە دەربارەی ئەو فەرمودانەن کە لەسەر زمانی خەڵکی بڵاون. نەک ئەو فەرمودانەی کە لە هەموو بەشێک لە بەشەکانی ڕشتەکەیدا سێ کەس یان زیاتر هەبێت،چونکە زانایان هیچ کتێبێکیان دەربارەی ئەو جۆرە فەرموودانە نەنوسیوە. [٧]
سەرچاوەکان
دەستکاری- ^ تسير مصطلح الحديث. الدكتور محمود طحان. مكتبة المعارف. ٢٠١١
- ^ صحيح البخاري. محمد ابن إسماعيل. الطبعة السلطانية. كتاب العلم. فەرموودەی ١٠٠
- ^ صحيح مسلم. مسلم ابن الحجاج. الطبعة السلطانية. كتاب العلم
- ^ المعجم الأوسط. الطبراني. فەرموودەی ٦٤٠٣
- ^ مسند الإمام أحمد. تحقيق شعيب الأرناؤوط وآخرون. مؤسسة الرسالة. ٢٠٠٨
- ^ تاريخ بغداد. خطيب البغدادي. تحقيق بشار عواد
- ^ نزهة النظر في توضیح نخبة الفكر. ابن حجر العسقلاني. تحقيق ناصر بن الهاب المطيري. دار ابن الجوزي. ٢٠١١