جەللاد (شیعر)

(لە شیعری جەللادەوە ڕەوانە کراوە)

جەللاد پارچە شیعرێک لە عەلی حەسەنیانییە کە لە ساڵی ۱۹٥۹ نووسراوە. لەم شیعرە وەکوو یەکەم شیعری ئازاد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان ناو براوەتەوە.[١] ھەلومەرجی ژیانی شاعیر، خوێندن لە تاران، تێکەڵ بوون لەگەڵ ڕووناکبیران و چالاکانی کورد، ھەروەھا ئاشنا بوون لەگەڵ شیعری نوێی کوردی، بوون بە ھەوێنی خوڵقانی ئەم بەرھەمە.[٢]

جەللاد[٣] دەستکاری

وەرە جەللاد!
وەرە گیانم ھەموو لەت لەت بکە تاکوو بزانی چۆنە ئیمانم
ئەتۆ جەللاد!
ئەگەر دەربێنی ئێسکانم
ئەگەر لەبەر چاوم بکووژی گشت عەزیزانم
بە وەڵڵاھی
بە خاکی پاکی کوردستان
ئەمن کوردم، قەتیش ناڵێم پەشیمانم…
وەرە جەللاد!
وەرە ئەی خوێنمژی بەدکار!
دەتوانی بیخەیە ئەستۆم گوریسی دار
ئەوە شانازییە بۆ من
بەوەی ناکووژی ئیمانم، ئەوە سەربەزییە بۆ من…
وەرە جەللاد!
وەرە ئەی دوژمن، ئەی بێداد!
لەبەر چی مەعتەلی، ئەی بۆچی نامکووژی؟
بە زیندوویی لە گۆڕا بۆچی نامنێژی؟
قەسەم بەو کۆت و زنجیرە
بە ھەرچی دیل و یەخسیرە
بە ئاواتم
بە ئیمانم
بە ئامانجم
بە پەیمانم
بە خوێنی پاکی ئەو کوردەی لە ڕێی ئاواتی کوژراوە
قەسەم بەم خاکە خوێنینە :قەسەم بەم ژینە شێواوە
ئەگەر دەربێنی چاوانم
ئەگەر بشکێنی ئێسکانم
بە وەڵڵاھی
بە خاکی پاکی کوردستان
ئەمن کوردم، قەتیش ناڵێم پەشیمانم…

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ کێ ڕەچەی شکاند؟ ڤەژینبوکس
  2. ^ ھاوار (عەلی حەسەنیانی )، خاک تیڤی، زاھیر لەتیف کەریم، ٣ی ئەیلوولی ٢٠١٩ بڵاو کراوەتەوە.
  3. ^ جەللاد، ڤەژینبوکس