سەدیق ھەنجیری لەدایک بووی ساڵی ١٩٢٤ی شاری مەھابادە و کوڕی کاک حەمە ڕەسوڵ و ئایشە خاتونە. خوێندنی سەرەتایی لەشاری مەھاباد تەواو کردووە و قۆناغی ناوەندیشی لەدانیشەرای مقدماتی تەواو کردووە. ناوبراو لە ساڵی ١٩٤٥دا بووەتە مامۆستای قوتابخانە و لەئیدارەی فەرھەنگی مەھاباد دامەزراوە و خەریکی وانەگوتنەوە بووە. لەسەردەمی دامەزراندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان و کۆماری کوردستان، سەدیقی ھەنجیری بووەتە ئەندامی حیزب و بووە لێپرسراوی تەبلیغاتی خوێندکاران و لە چاپکردن و دەرچوونی گۆڤاری (کوردستان) دا ڕۆڵی ھەبووە و جاروبار وتاریشی تێدا نووسیوە. سەدیقی ھەنجیری لە و سەردەمەشدا چەپ و مارکسیست بووە و پێش ئەوەی ھانی کرێکارەکانی چاپخانەی کوردستان بۆ مانگرتن دەدات، لەلایەن حەمە حسێن خانی سەیفی قازییەوە لەسەر کار لادەبرێت.