سکلێرۆدرما نەخۆشیێکە کە دروست دەبێت بەھۆی نارێکی لە سیستەمی بەرگری لەشدا. واتا حاڵەتێکە کە تییایدا سیستەمی بەرگری لەش ھێرش دەکاتە سەر جەستە. شانە تەندروستەکان لە ناو دەچن چونکە سیستەمی بەرگری بەھەڵە پێی وایە شانەکان ماددەیەکی بیانین و مەترسیدارن. چەندین جۆر لە ناڕێکی سیستەمی خۆپارێزی ھەن کە دەتوانن کاریگەری نەرێنی لەسەر سیستەمە جیاوازەکانی لەشدا دروست بکەن. ئەم نەخۆشییە بەشێوەیەکی بەربڵاو لە کەسانی ٣٠ بۆ ٥٠ ساڵاندا دەبینرێت بەڵام لە ھەر تەمەنێک بێت دەتوانرێت دەست نیشان بکرێت. ئەگەری تووشبوونی ژنان لەم نەخۆشییە زیاترە لە پیاوان. دژواری و نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە دەگۆڕێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر لەسەر بنەمای ئەو سیستەم و ئەندامانەی کە تێوەگڵاون.

جۆرەکانی سکلێرۆدرما دەستکاری

١)ڵۆکەڵ سکلێرۆدرما زیاتر کاریگەری لە پێست دەکات. ئەمەش بە دوو جۆر ڕوودەدات:

  • مۆرفیا: ئەم جۆرە بریتییە لە شێوە ھێلکەیییەکی ڕەق کە لە بەشێکی پێستدا دروست دەبێت بە ڕەنگی سوور یان مۆر دەست پێدەکات و پاشان ڕەنگەکە لە ناوەڕاستدا سپی دەبێت. ھەندێک جار ئەم جۆرە دەتوانێت کاریگەری لەسەر لوولەی خوێن و ئەندامەکانی ناوەوە ھەبێت، ئەمە پێی دەگوترێت مۆرفیای گشت کراو.
  • لینییەر: ئەم جۆرە دەبێتە ھۆی ھێڵی پێستی ئەستوور کراو لەسەر قۆڵ، قاچ، دەمو چاو.

٢) سکلێرۆدرمای سیستەمی، کە بە سکلێرۆ درمای گشتیش ناو دەبرێت، دەتوانێت زۆر ئەندام و سیستەم تێوەبگڵێنێت. دوو جۆری ھەیە:

  • سکلێرۆدرمیای سنووردار. ئەمە بە ھێواشی دێت و کار دەکاتە سەر پێستی دەم و دەست و قاچ. ھەروەھا دەتوانێت زیان بە سییەکان، ڕیخۆڵە، یان قوڕگ بگەیەنێت. ھەندێک جار ئەم جۆرە پێی دەگوترێت (کرێست سیندرۆم) لەبەر ئەو پێنج نیشانە باوانەی کە دروستی دەکات. ئەم نیشانانەش بریتین لە:

oکالسینۆسز: ئەمە کاتێک خوێی کالیسیۆم لەژێر پێست یان لە ناو ئەندامەکاندا دروست دەبێت.

oفێنۆمینۆنی ڕەینۆد: ئەمە کەمی ڕۆیشتنی خوێنە بۆ بەشەکانی لەش، وەکو پەنجەکان و لووت، بەھۆی زۆری سەرما؛ و دەکرێت پێست سوور یان شین یان سپی ھەڵبگەرێت.

oنەکارکردنی ئیسۆفەیگس: ئەمە کاتێکە کە سوورێنچک بەو شێوەیە کار ناکات کە پێویستە.

oسکلێرۆادک تیڵی: ئەمە کاتێک پێستت باریک و درەوشاوە دەبێت. زۆر جاردەبێتە ھۆی کێشە لەجوڵاندنی پەنجەکانی دەست و قاچ.

oتێڵانگیێستێیشیا: ئەمە کاتێک لوولە خوێنە بچووکەکان لە نزیک ڕووی پێست گەشە دەکەن

  • سکلێرۆدرمای بڵاو. ئەم جۆرە بەخێرایی دێت. پێستی بەشی ناوەڕاستی لەش و ڕان و قۆڵ و دەست و قاچ ئەستوور دەکات. ئەم فۆڕمە کاریگەری لەسەر ئەندامی ناوەوەش دەکات وەکو دڵ و سییەکان و گورچیلە و کۆئەندامی گەدە.

نیشانەکانی سکلێرۆدرما: ئەم نەخۆشییە لە قۆناغەکانی سەرەتادا تەنھا کار لە پێست دەکات. لەوانەیە تێبینی ئەستوور بوونی پێست و سەرھەڵدانی ناوچەی بریقەدار بکەیت لە دەوروبەری دەم و لووت و پەنجە و شوێنە ئێسکاوییەکان. لەگەڵ بەرەو پێشچوونی نەخۆشییەکە، لەوانەیە جموجۆڵێکی سنووردارت ھەبێت لەو شوێنانەی کە زیانیان پێگەیشتوە. ھەندێک لە نیشانەکانی تر بریتین لە:

  • وەرینی قژ
  • دانانی کالیسیۆم لەژێر پێست
  • ئازاری جومگە
  • کەمی ھەناسە
  • کۆکەیەکی وشک
  • سکچوون
  • قەبزی
  • بە زەحمەت قوت دان
  • بێھێزی لە ماسولە جیاوازەکانی لەشدا
  • لەدەستدانی کێش بەبێ ھیج ھۆکارێکی ڕوون
  • پەڵەیەکی زۆری سووری بچووک لەسەر دەم و چاو و سینگ و قاچ و ڕان
  • پێستی ڕەق یان ئەستوور کراو کەبریقەدارو ساف دیارە. ئەمەیان زۆرتر باوە لەسەر دەست و دەم و چاو

و ھەروەھا ھەستکردن بە کرش بوونی لوولە خوێنەکان لە پەنجەکاندا. دواتر، لەوانەیە پەنجەکانت ڕەنگیان بگۆڕێ بۆ سپی و شین کاتێک لە سەرما دابیت یان ھەست بە فشارێکی زۆر بکەیت. ئەمەش پێی دەگوترێت (فێنۆ مینۆنی ڕەینۆت).

ھۆکارەکانی سکلێرۆدرما دەستکاری

ئەم نەخۆشییە ڕوودەدات کاتێک لەشت دەست دەکات بە زیاد بەرھەمھێنانی کۆلاجین و لە شانەکاندا کۆدەبێتەوە. کۆلاجین سەرەکیترین پڕۆتینە لە دروستکردنی ھەموو شانەکاندا. پزیشکەکان دڵنیانین چی دەبێتە ھۆی ئەوەی جەستە کۆلاجینی زۆر بەرھەم بھێنێت. ھۆکاری تەواوی سکلێرۆدرما نەزانراوە.

فاکتەرەکانی مەترسی بۆ نەخۆشی سکلێرۆدرما دەستکاری

  • ئەو ھۆکارانەی کە مەترسی سەرھەڵدانی ئەو نەخۆشییە زیاد دەکات بریتین لە:
  • ئەمریکییەکی ڕەسەن بیت
  • ئەفریقی ئەمریکی بیت
  • مێ بیت
  • بەکارھێنانی ھەندێک دەرمانی چارەسەری کیمیایی وەک بلیۆ مای سین
  • بەرکەوتن لەگەڵ تۆزی سیلیکە
  • گۆڕانکاری لە جینەکان
  • مێژوویەکی خێزانی لە نەخۆشییەکانی ناڕێکی سیستەمی بەرگری لەشی مرۆڤ
  • بەکارھێنانی ھەندێک لەجۆری چارەسەر

ھیچ ڕێگایەکی زانراو نییە بۆ ڕێگریکردن لە سکلێرۆدێرما جگە لە کەمکردنەوەی فاکتەرەکانی مەترسی کە دەتوانرێت کۆنتڕۆڵ بکرێن.

دەست نیشان کردنی نەخۆشییەکە دەستکاری

لەکاتی تاقیکردنەوەی جەستەییدا، پزیشک دەتوانێت گۆڕانکاری لە پێست دەست نیشان بکات کە نیشانەی نەخۆشییەکەن. لەوانەیە بەرزی پەستانی خوێن بەھۆی گۆڕانکاری گورچیلەوە بێت لە نە خۆشی سلێرۆسس. ڕەنگە پزیشکەکە داوای پشکنینی خوێن بکات وەک پشکنینی دژە تەن و ھۆکارو ڕێژەی ڕیۆمەتۆید.

ھەندێک پشکنینی دی بریتین لە:

  • تیشکی ئێکسی سینگ
  • پشکنینی میز
  • سی تی سکانی سییەکان
  • بای ئۆپسی پێست
  • پشکنینی خوێن
  • پشکنینی دڵ وەکو ئیکۆکاردیۆگراف
  • پشکنینی گەدەو ئەندامەکانی ھەرسکردن

چارەسەری نەخۆشی سکلێرۆدرما دەستکاری

چارەسەر ناتوانێت ئەم نەخۆشییە کۆتایی پێ بێنێت، بەڵکو دەتوانێت یارمەتی دەربێت لە کەمکردنەوەی نیشانەکان و خاو بوونەوەی نەخۆشییەکە. چارەسەر پەیوەستە بە نیشانەکانی کەسەکە و پێویستی بە نەھێشتنی ئەو ئاڵۆزییەی کە نەخۆشییەکە دروستی کردووە. چارەسەری نیشانەکان بریتین لە:

  • دەرمانی پەستانی خوێن
  • دەرمان بۆ یارمەتیدانی ھەناسەدان
  • چارەسەری جەستەیی
  • چارەسەری تیشکی وەک تیشکی وەنەوشەیی ئەی ١
  • نایترۆ گڵای سرین ئۆینت مێنت بۆ توندکردنەوەی پێست
  • چارەسەری ستێرۆید بۆ خاوکردنەوەی سیستەمی بەرگری لەشی مرڤ. ئەمانە دەتوانن یارمەتی کێشەی ماسولکە، جومگە، یان ئەندامەکانی ناوەوەی لەشی مرۆڤ بدات.

بەپێی نیشانەکان ھەندێک چارەسەری تر ھەن کە بریتین لە:

  • کۆرتیکۆ ستێرۆید
  • ئیمیونۆ سەپرێسەنت، وەک مێسۆ ترێک سەیت یان سایتۆکسا
  • دەرمان بۆ کردنەوەی لولە خوێنەکان لە سییەکان یان لە پاراستنی شانەکان لە ئاسەواری نەخۆشییەکە
  • دەرمانی دژە ھەوکردنی بێستێرۆید
  • چارەسەری پێست، لەوانە وەکو چارەسەری تیشک و لێزەر
  • چاندنی ئەندام ئەگەر ئەندامەکان بە سەختی زیانیان پێگەیشتبوو

دەتوانرێت گۆڕانکاری لە شێوازی ژیان بکرێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی تەندروست لەگەڵ نەخۆشییەکە بمێنینەوە، وەک دورکەوتنەوە لە جگەرەو مانەوەی چاڵاکی جەستەیی و دورکەوتنەوە لە و خواردنانەی کە دەبێتە ھۆی دڵەکزە.

ئاڵۆزییە شاراوەکانی سکلێرۆدرما دەستکاری

ھەندێک کەس کە ئەم نەخۆشییەیان ھەیە، ھەست بە بەرەو خراپ چونی نیشانەکانیان دەکەن. ئەم ئاڵۆزییانەش بریتین لە:

  • شکست ھێنانی دڵ
  • شێرپەنجە
  • لەکار کەوتنی گورچیلە
  • بەرزی پەستانی خوێن
  • لەدەستدانی خوێن بە ڕێژەیەکی زۆر لە پەنجەکانی دەست و قاچ

زانیاری زیاتر لەسەر سکلێرۆدرما دەستکاری

چارەسەری سکلێرۆدرما لە٣٠ساڵی ڕابردوو پێشکەوتنێکی تۆکمەو گۆڕانێکی زۆری بەسەرداھاتووە. ھەرچەندە ھێشتا چارەسەری ئەم نەخۆشییە نەبینراوەتەوە، بەڵام چەندین چارەسەری جیاوازی کیمیایی و جەستەیی ھەن کەدەتوانن ببنە یارمەتی دەر لەباشتر بوون و کەمکردنەوەی نیشانەکان. ئەگەر ھەر یەک لە نیشانەکان ڕێگری کرد لە کارەکانی ژیانی ڕۆژانە پێویستە پزیشک ئاگادار بکەیتەوە.

ھەروەھا پێویستە داوا لە پزیشکەکەت بکەیت کەیارمەتیت بدات لەدۆزینەوەی گرووپێکی پشتگیری ناوخۆیی بۆ نەخۆشی سکلێرۆدرما. قسەکردن لەگەڵ کەسانی تر کە ئەزموونی ھاوشێوەیان ھەیە دەکرێت ببێتە یاریدەدەر بۆ ئەوەی ئەم نەخۆشییە درێژخایەنە ھیچ ڕێگرییەکی دەروونی لە ژیانی ڕۆژانەدا دروست نەکات.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. https://www.healthline.com/health/scleroderma#causes
  2. https://www.webmd.com/skin-problems-and-treatments/scleroderma

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری

پۆلێنکردن
بەستەرە دەرەکییەکان