ئەنابێڵ دەگەڕێتەوە ماڵەوە (بە ئینگلیزی: Annabelle Comes Home) فیلمێکی ترسناکی سەرووسروشتیی ٢٠١٩ی ئەمریکییە. لە نووسین و دەرھێنانی گاری داوبەرمان، لە یەکەم کاری دەرھێنانیدا لە چیرۆکێکی داوبەرمان و جەیمز وان کە ھەروەھا وەک بەرھەمھێنەر لەگەڵ پیتەر سەفران کاری کردووە. وەک درێژەی فیلمی "ئەنابێڵ" لە ساڵی ٢٠١٤ و "ئەنابێڵ: دروستکردن" لە ساڵی ٢٠١٧ و وەک قۆناغی حەوتەم لە زنجیرەفیلمی "گەردوونی جادووگەریی" پەرەیپێدراوە. لەم فیلمەدا ھەریەک لە مەکینا گرەیس و مادیسۆن ئیسمان و کەتی ساریف ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن، لەگەڵ ڤێرا فارمیگا و پاتریک ویلسۆن کە ڕۆڵی ئێد و لۆرین وارن دەگێڕنەوە وەک دوو لێکۆڵەر.

لە نیسانی ٢٠١٨ وارنەر برۆس پیکچەرز لەوکاتەدا ڕای گەیاند کە فیلمێکی بێ ناونیشان لە زنجیرەفیلمی «گەردوونی جادووگەریی» لە ٣ی تەممووزی ٢٠١٩ نمایش دەکرێت. لە کۆتایی ئەو مانگەدا ڕاگەیەندرا کە فیلمەکە دەبێتە پاشکۆیەکی دیکەی زنجیرەفیلمی ئەنابێڵ، داوبەرمان بۆ یەکەم کاری دەرھێنانیدا واژووی لەسەر فیلمەکە کرد ھەم بۆ نووسین و دەرھێنانی فیلمەکە، کە لەسەر بنەمای چیرۆکێکی داوبەرمان و جەیمز وان نووسیویەتی. وێنەگرتنی سەرەکی تا ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم دەستی پێکرد و لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ لە لۆس ئانجلەس بە فەرمی تەواوکرا. فیلمی ئەنابێڵ دەگەڕێتەوە ماڵەوە لە ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠١٩ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە شێوەی شانۆیی لەلایەن کۆمپانیای وارنەر برۆس و نیو لاین سینەما بڵاوکرایەوە. داھاتەکەی لە سەرانسەری جیھاندا زیاتر لە ٢٣١ ملیۆن دۆلار بووە و لەلایەن ڕەخنەگرانەوە پێداچوونەوەی جیاوازی لێکرا، کە بە بەراورد بە فیلمەکانی پێش خۆی کەمتر ترسناک بووە.

زانایانی جنۆکەناسی ئێد و لۆرین-وارن دەست بەسەر بووکەڵەی ئەنابێڵدا دەگرن لە ناوچەیەک، کە باسی ئەوەیان کردووە بووکەڵەکە زۆرجار چالاکیی توندوتیژی لە شوقەکەیان ئەنجامداوە. لە کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە بە ئۆتۆمۆبیلەکە، لەناکاو ئۆتۆمۆبیلەکە تووشی تێکچوونێک لە بزوێنەرەکانیدا دەبێت، ناچار ئێد بۆ چاککردنەوەی دادەبەزێت و سەیێکی دەکات لە ڕێگایەکی چۆڵ و نیوەتاریک؛ بەڵام بووکەڵەکە بە نھێنی ڕۆحەکان بانگ دەکات بۆ ئەوەی ھێرش بکەنە سەر ئێد، بۆیە ئێد بەزەحمەت ڕزگاری دەبێت، و پاشان بەخێرایی دەگەنەوە ماڵەوە. ئەنابێڵ لەناو شووشەیەکی چوارچێوەیی پیرۆزدا لە ژووری شوێنەوارەکانی ئەو دوو ھاوسەرەدا (ئێد و لۆرین) قفڵی دەکرەن، و ھەروەھا لەلایەن باوکە گۆردۆنەوە بەرەکەتی پێدا دەکرێت بۆ ئەوەی دڵنیابن لەناو چوارچێوە شووشەیەکەدا خراپە ئەنجام نادات.

زیاتر...