مافی یاسایی ژنان بۆ دەنگدان بەدرێژایی ماوەی زیاد لە نیو سەدە دامەزراوە و لە سەرەتادا لە چەند ویلایەتێک و یەکەیەکی بەڕێوبردنی ناوچەیی مافەکە بە یاسایی ناسێنرا بە شێوەیەکی سنووردار و پاشان لەسەر ئاستی نەتەوەیی لە ساڵی ١٩٢٠دا.

یەکەم ڕێکخراوی مافی دەنگدانی ژنان لە ساڵی ١٨٦٩دا ھاتە کایەوە لەڕێی دوو ڕێکخراوی جیاواز کە پێشبرکێیان بوو لەگەڵ یەکتردا، یەکێکیان بە ڕابەرایەتی سوزەن ب. ئانتۆنی و ئیلیزابێت کادی ستانتۆن و ئەوەی دیکەیان بە ڕابەرایەتی لوسی ستۆن. دوای چەندین ساڵ لە ململانێ و پێشبرکێ لە ساڵی ١٨٩٠دا یەکیان گرت و (کۆمەڵەی نەتەوەیی مافی دەنگدانی ژنانی ئەمریکی - NAWSA) دامەزراند کە سوزەن ب. ئانتۆنیان وەک ڕابەر دیاریکرد.

بەو ھیوایەی دادگای باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکان بڕیار دەدات بە دەستووری بوونی مافی ژنان بۆ دەنگدان، چالاکەوانانی بوارەکە چەندین ھەوڵیان دا بۆ دەنگدان لە سەرەتای ١٨٧٠کاندا و دوای ڕێگەگرتن لە دەنگدانیان چالاکەوانان داوای یاساییان تۆمار دەکرد. لەڕاستیدا سوزەن ب. ئەنتۆنی سەرکەوتوو بوو کە بتوانێت دەنگ بدات لە ساڵی ١٨٧٢ دا بەڵام دواتر دەستگیرکرا لەسەر کردەکە و لە دادگاییەکی گشتی کراوەدا بە تاوانبار لەقەڵەمدرا کە بووە ھۆکاری تاودانی جۆڵانەوەکە بە گڕوتینێکی نوێوە. دوای ئەوەی دادگای باڵا لە دۆسییەکی ساڵی ١٨٧٥ دا لە دژیان بڕیاری دا، چالاکەوانان دەستیان کرد بە ھەڵمەت و چالاکی بۆ دەیەیەک بە پەیامی ھەموارکردنەوەی دەستووری ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ ڕێگەدان بە ئازادی مافی دەنگدان بە ژنان ھەرچەندە زۆربەی چالاکییەکان لەسەر بنەمای ویلایەت بە ویلایەت کاریان دەکرد.

زیاتر...