قەڵای سرۆچک ئەو قەڵا دێرین و مێژووییە دەکەوێتە نزیک گوندی قەویلەی خۆرھەڵاتی ناحیەی بەرزنجەی ناوچەی شارباژێڕ و لەسەر ڕەوەزە شاخێکی سەخت و بەرز لەشوێنێکی گرنگ و ستراتیژی ھەڵکەوتووە. مێژووی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی میرنشینی ئەردەڵان، و پێش فەرمانڕەوایی مەئموون بەگ (١٤٥٧ـ١٤٩٤ز) ی ئەردەڵان. لەسەردەمی میرنشینی بابانیشدا وەکوو زیندانییەکی گرنگی سەربازی سوودی لێ وەرگیراوە و بەھۆی کێشە و ململانێیە بەردەوامەکانی ناو بنەماڵەشەوە چەند پاشایەکی بابانی ماوەیەک تێیدا زیندانی کراون، ھەر چەندە دیوارەکانی لەبەردی تایبەتی بەقسڵ و گەچ و بەشێوەیەکی زۆر پتەو دروست کراوە، بەڵام لەئێستادا بەھۆی پشت گوێ خستنی لایەنی پەیوەندیدار زوربەی دیوارەکانی داڕماوە.

زیاتر...