فیزیکی ناوکی (بە ئینگلیزی: Nuclear physics) بەشێک لە زانستی فیزیکە کە تەرخان کراوە بۆ توێژینەوە لە تایبەتمەندی و گەوشینی ناوکی ئەتۆم. چەند نموونەیەک لەم تایبەتمەندییانە بریتین لە تایبەتمەندیی وەستاویی ناوکەکان (مەندی، بە ئینگلیزی "Static") وەکوو ھەڵچەرخێنەری موگناتیسی و ئەلەکتریکی، وزەی ھەڵپێکەر (ھەڵپێکان، بەستنەوە. بە ئینگلیزی: binding energy) و ھەروەھا تایبەتمەندیی دینامیکی ناوک وەکوو جۆرەکانی ھەڵوەشانی ناوکی ئەتۆم و تایبەتمەندییەکانی رادیۆئەکتیڤی ناوکەکان. ئەم لقەی زانست ئێستاکە بناخەی گەلێک لە زانستە نوێکان وەکوو فیزیکی گەردیلە بنیاتییەکان و ئەندازیاریی ناوەکییە. ھەروەھا بەگشتی ٣٠٠ بواری زانستی - لێکۆڵینەوەیی و دەوروبەری ١٥٠ بواری بەرھەمھێنانی تەکنۆلۆژیا دەکارھاتوو لەخۆ گرتووە. ("دەکارھاتوو" نەک بە مانای بەکارھێنراو، بەڵکوو بەو مانایەی کە بکرێ و توانای ئەوەی ھەبێ یەکسەر بخرێتە بواری کارکردنەوە). پێویستە ڕوون بکرێتەوە کە فیزیکی ئەتۆمی و فیزیکی ناوەکی لێک جیاوازن. فیزیکی ئەتۆمی لە پێکھاتەی ئەتۆم ئەکۆڵێتەوە و زۆرتر لە ھەوڵی ئەوەدایە کە پەی بە دەق و ڕیزبەندیی ئەلەکترۆنەکان ببات و رێوشوێنی بەکارھێنانی ئەلەکترۆن بۆ ھەر مەبەستێک بدۆزێتەوە؛ لەکاتێکدا کە فیزیکی ناوەکی خۆی بۆ لێکۆڵینەوە لە ناوکی ئەتۆم تەرخان دەکا و لە ھەوڵدایە کە لە ناوکی ئەتۆم کە لە نوکلیئۆن (پرۆتۆن و نۆترۆن) و کوارک (گەردیلەی ھەرە بچووکتر کە لەناو پرۆتۆن و نۆترۆندا ھەن) پێکھاتووە، وزە بەرھەم بھێنێ. ھەروەھا ھەندێ کاری دیکەش وەکوو "دیاری کردنی نیوەی تەمەن" و... ھەیە کە تایبەتە بە فیزیکزانانی ناوەکی. سەرەڕای ئەمانەش، بەزۆری فیزیکی ئەتۆمی و ناوەکی ھەر بە یەکێک دادەنرێن. 

زیاتر...