نزار تۆفیق قەبانی (بە عەرەبی: نزار توفیق قبانی‎) (٢١ی ئازاری ١٩٢٣ - ٣٠ نیسانی ١٩٩٨) سیاسەتوان و شاعیری خەڵکی سووریایە. شعرەکانی ئەو زۆرتر سەبارەتن بە ئەڤین و دڵداری، ناسییۆنالیزمی عەرەبی، ئیسلام و فێمینیزم. قەبانی یەکێکە لە بە ڕێزترین شاعیرانی عەرەب لە ناو خەڵکی عەرەبدا. نزار بەشاعیری نەتەوەیی لەسوریا دادەنرێت. نزار قەبانی لەشاری دەمیشق، لەخێزانێکی بازرگانی کەلەچینی ناوەند لەدایکبوو. لەساڵانی ١٩٣ تاکوو ١٩٤١، لە کۆلێژی زانستی نەتەوەیی خوێندوویەتی کە قوتابخانەیەکبووە لەلایەن ھاوڕێیەکی باوکی بەناوی ئەحمەد مونیف ئەلعیدییەوە بەڕێوەدەبرا. دواتر نزار چووە زانکۆی دیمەشق کەتاکوو ساڵی ١٩٥٨ پێی دەگوترا زانکۆی سوریا. نزار لەساڵی ١٩٤٥، بڕواننامەی لەیاسا وەرگرت. لەوکاتەی قوتابی بووە لەزانکۆ، کۆکراوەی شیعرەکان لەژێر ناونیشانی ئەسمەرەکە پێی گوتم (قالت لی السمراء) بڵاوکردەوە. ئەم بەرھەمە کۆکراوەیەکی دڵداری بوو و لەچەند شوێنێک ئاماژەی بەجەستەی ئافرەتدابوو ئەمەش بووە شۆکێک بۆنێو کۆمەڵگەی کۆنەپەرستی لە دیمەشق. بۆئەوەی ئەم بەرھەمە قبووڵبکرێت، قەبانی کۆکراوە شیعرەکەی پشانی وەزیری پەروەردە مونیر عەجلانی دا. مونیریش یەکێکبوو لەدۆستەکانی باوکی نزار. کە سەرکردایەتی بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیزمی سوریای دەکرد. عەجلانی بەرھەمەی نزاری زۆر پەسەندبوو وە پێشەکییەکیشی بۆ نزار نووسی بۆبڵاوکردنەوەی یەکەم کتێبی.

زیاتر...