دەروازە:زانستی کۆمپیوتەر/دەستپێک/١

زانستی کۆمپیوتەر بریتییە لە زانستی ناسینی پێکھاتەی کۆمپیوتەر، داڕشتنی کۆمپیوتەر و ناسینی ئەلگۆریتمەکان. زانستی کۆمپیوتەر پەیوەندییەکی زۆری لەگەڵ بیرکاری و ئەندازیاریی کۆمپیوتەردا ھەیە. زانای کۆمپیوتەر لێکۆڵینەوە لە تیۆری ھەژماردن دەکات، ھەروەھا بەرپرسە لە داڕشتن بۆ دانانی نەخشەی سیستمی نەرمەواڵە. بوارەکانی زانستی کۆمپیوتەر دابەش دەبن بەسەر بەشەکانی تیۆری و پراکتیکیدا. تیۆری ئاڵۆزی ژماردن (شێوازی پۆلێنکردنی گرفتەکانی کۆمپیوتەر و ژماردن) زیاتر ئاستەم و واتاییە، لە کاتێکدا ھێڵکاری کۆمپیوتەر بایەخ دەدات بە چارەسەرکردنی بەرەنگارییەکانی ڕۆژانە. مێژووی بناغە سەرەتایییەکانی زانستی کۆمپیوتەر پێش مێژووی کۆمپیوتەری دیجیتاڵ دەکەوێت. ئامێرەکانی ژمێریاری لە سەردەمانی کۆنەوە دروست بوون بۆ شیکارکردنی کێشە ژمێریارییەکانی وەک لێکدان و دابەشکردنی ژمارەکان. لە ئاستی سەرەتایی دا، کۆمپیوتەر بۆ بواری ژمێریاری دروست کراوە. لە ساڵی ١٦٢٣دا، ویڵھێلم شیکارد یەکەمین ئامێری ژمێریاریی میکانیکی دروست کرد. لە ساڵی ١٦٧٣، گۆتفرید لێبنیتز یەکەمین ئامێری ژمێریاریی میکانیکی-دیجیتاڵی پێشکەش کرد. لێبنیتز بە یەکەم زانای کۆمپیوتەر دادەنرێت کە تۆماری سیستمی ژمارەی دووانی (باینەری، بە ئینگلیزی: Binary) کردبێت.