بەکتریا (بە ئینگلیزی: Bacteria، بە یۆنانیی کۆن: bakterion بە واتای "گۆپاڵی ورد") زیندوەری تاک خانەن وەک گۆیەکان و گۆپاڵۆچکەکان کە بە شێوەی بەکۆمەڵ کۆدەبنەوە شێوازی جۆراوجۆر وەردەگرن وەک زنجیرەیی یان تەزبیحی کە پێیان دەوترێت "گۆی زنجیرەیی" یان لە شێوەی ھێشوو کە پێیان دەوترێت "گۆی ھێشوویی". دوورییەکانی بەکتریا لەنێوان ٠٫٥ بۆ ٥ مایکرۆمەتردایە، و بەکتریا بە چەندین شێوەی جیاواز دەردەکەوێت، میکرۆب یان بەکتریا لە زانستی بەکتریا (بەکتریۆلۆژی) خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت کە بە بەشێک لە وردبینناسی (مایکرۆبایۆلۆجی) دادەنرێت.لەھەموو شوێنێک دەیبنین، لەژێر زەوی تاقوڵایی ٤٠٠ مەتر تا بەرزایییەکی سەرکەش لەھەوا، لە پلەی گەرمی زۆر بەرز نزیکی دەمەگڕکانەکان، لەناوچە جەمسەرییەکان، وەلەناو لەشی گیانەوەراندا (لەناو دەزگای ھەرس و ھەناسە).

ژینگەی بەکتریا زۆر جۆرە. ئەم زیندەوەرە توانای ژیانی لەھەر شوێنک و ژینگەیەکی جیاوازدا ھەیە لەسەر زەوی تەنانەت خاک و ئاوی قووڵ و توێکڵی زەوی، بگرە ئەو ژینگانەی ڕێژەیەکی بەرزی پاشەرۆی ناوەکی و گۆگردی ترشی تێدایە، نزیکەی ١٠ ملیارد خانەی میکرۆبی لەیەک گرامی خاکدا دەژی و سەدان ھەزاری لەیەک مللیمەتر سێجا ئاوی دەەریادا دەژی. لەسووڕەکانی ژینگەدا، بەکتریا ڕۆڵێکی سەرەکی چالاک دەگێڕێت لەسووڕاندنی خۆراکە ژینگەیییەکان، زۆرێک لەقۆناغە گرنگەکانی سووڕی خۆراک (بەئینگلیزی: nutrient cycle) بەھۆی بەکتریاوە ئەنجام دەدرێت. گرنگترین ئەم قۆناغانەی جێگیرکردنی نایترۆجینە لە بەرگی ھەوا.