خۆشاردنەوە بریتییە لە بەکارھێنانی چەند ماددە، ڕەنگ یان ڕووناکییەک بەمەبەستی خۆشاردنەوە لەڕێی ئاڵۆزکردنی بینینی ئاژەڵ و تەنەکان یان لەڕێی گۆڕینی ڕووخسارییانەوە بۆ شتێکی دی وەک: پێستە خاڵدارەکەی پڵنگ، پۆشاکی جەنگی سەربازە سەردەمییەکان و یان باڵی شێوە گەڵای جۆرە کولەی ئەمریکی. ڕێگەیەکی دی بۆ خۆشاردنەوە شەوارە کردنە کە دەبێتە ھۆی سەرلێشێواندنی لایەنی بەرانبەر بەپیشاندانی شێوەیەکی ڕوون بەڵام دواتر دژواربێت بۆ دەستنیشان کردن. زۆربەی شێوازەکانی خۆشاردنەوە لە لاسایی کردنی ژینگەی دەورووبەرەوە پێکدێت.

لە زەریا کراوە و فراوانەکان دا ژینگەی دەورووبەر بوونی نییە یان ڕوونە بیە شێوازەکانی خۆشاردنەوە بریتییە لە جەستە یان بەشێکی ڕوون (پشتی دەرکەوتوو بێت)، ڕەنگ گۆڕین بۆ ھاوشێوەی تەنێکی دی، دوو ڕەنگی و توانای دوو ڕووناکی دژ بە یەک. حەربا و ئەختەبوت توانایان ھەیە بە خێرای ڕەنگ و ھێڵکاری پێستیان بگۆڕن بەمەبەستی خۆشاردنەوە یان ئاماژە بێت و بەھەمان شێوەش ھەندێک لە ڕووەکەکان خۆشاردنەوە بەکاردەھێنان بۆ پارێزگاری کردن لە خۆیان لە بەرانبەر خواردنیان.

مێژوو دەستکاری

لە یۆنانی کۆن دا، ئەرستۆ بۆچوونی ھەبوو لەسەر توانای ڕەنگ گۆرینی ئەختەبووتەکان بۆ ھەردوو مەبەستی خۆشاردنەوە و ئاماژەکردن کە لە کتێبەکەی دا بە ناوی (مێژووی ئاژەڵ - Historia Animalium) و دەلێت:

"ئەختەبووت… بە دوای نێچیرەکانی دا دەگەرێت لەڕێی گۆڕینی ڕەنگەکەیەوە بۆ ئەوەی ڕەنگی خۆی ھاوشێوە و ھاوتا بکات لەگەل ڕەنگی بەردەکانی چواردەوری و بەھەمان شێوە ڕەنگیشی ئەگۆرێت لە کاتی ئاگاداری دا."

بەدرێژای سەدەیەک لە بواری ئاژەڵناسی دا خۆشاردنەوە بابەتێکی جێ سەرنج بووە بۆ لێکۆڵینەوە. بەپێی بیردۆزەکەی ساڵی ١٨٥٩ی چارڵز داروین دەربارەی ھەڵبژاردەی سروشتی،[١] خەسڵەتەکانی وەک خۆشاردنەوە پەرەیسەندووە لە ئاژەڵەکان دا بۆ سوودی زاوزێ کردن و زۆربوون کە بەشێوەیەکی گشتی بۆتە ڕێخۆشکەر بۆ خستنەوەی وەچەی زیاتر بەبەراورد بە ئاژەڵەکانی دیکەی ھەمان جۆر.

شێوازەکانی خۆشاردنەوە دەستکاری

خۆشاردنەوە دەکرێت بە چەند ڕێگەیەک ئەنجام بدرێت و زۆربەی ڕێگاکان خۆگۆڕین و خۆگنجاندن لەگەڵ چواردەورەکە لەخۆدەگرێت و دەکرێت ڕێگایەک بە تەنیا یان لەگەڵ چەند ڕێگایەکی دیکەدا پێکەوە بەکاربێن.

لاسایی کردنەوەی چواردەور دەستکاری

ھەندێک لە ئاژەڵان ڕەنگ و ھێڵکارییەکانی جەستەیان لاسایی کردنەوەی ژینەگەی چواردەورییانە و ئەمە بە پێکھاتەیەکی گرنگی خۆشاردنەوە دادەنرێت لە ھەموو ژینگەکان دا. ئاژەڵە بیابانییەکان تەواوی جەستەیان ھاوتا و لێکچووە لەگەڵ جۆری جیاوازی ڕەنگەکانی لمی، پرتەقاڵی، زەردی ژەنگاوی و خۆڵەمێشی قاوەیی لە ھەموو جۆرە ئاژەڵە شیردەر، باڵندە و خشۆکەکان دا.[٢]

زۆرێک لە مۆرانەکان (پەپولەی بچووک) پیشاندەری نیشانەکانی دیاردەی (ڕەنگ کردنی دەستکرد) ن کە ڕەنگەکان تێیاندا پەرەدەسێنن .[٣] ڕەنگ کردنی ئەم مێرووانە لە نێوان ساڵانی ١٨٦٠–١٩٤٠ دا پەرەیسەندووە بۆ ھاوتا بوون لەگەڵ ڕەنگی قەدی ئەو درەختانەی لەسەری دەژین کە ڕەنگی زەردی کاڵ تا ڕەشیشی تێدایە لە ناوچە پیسبووەکان دا.[٤] ئەم دیاردەیە لەلایەن ئاژەڵناسانەوە وەک بەڵگە تەماشادەکرێت کە ھەڵبژاردەی سروشتی کاریگەری کردۆتە سەر کردەی خۆشاردنەوە و ھەروەھا پیشاندەری ئەو ڕاستیەشە کە دەکرێت گۆرانکاری ڕووبدات لە ڕەنگ و شێوازەکان دا بۆ لاسایی و ھاوتا کردنەوە لەھەڵ ژینگەی چواردەوردا.[٥]

نەھێشتنی سێبەر دەستکاری

ھەندێک لە ئاژەڵان وەک مارمێلکەکان لە باکووری ئەمریکا پەرەیانسەندووە بەچەندین ئامرازی ورد بۆ نەھێشتنی سێبەراکانیان. لاشەیان پان بۆتەوە، لاتەنیشتەکانیان باریک بۆتەوە تا قەڕاخەکان وە ھەڵدەستن بە پاڵنانی جەستەیان بەرەو زەوییەکە بەمەبەستی کەم کردنەوەی سێبەر تا ئەو پەڕی توانایان. ھەندێک لە جۆری پەپولەکان لە کاتی پشوودان دا ھەڵدەستن بە داخستنی بەڵەکانیان لەسەر پشتیان و ڕێکخستنی جەستەیان بەرانبەر بە خۆر بۆ ئەوەی سێبەرەکەیان ببێتە یەک ھێڵی باریکی گوومان لێنەکراو لە جێگەی پارچەیەک سێبەری بینراو.

سەرلێشێواندنی جۆڵەیی دەستکاری

زۆربەی جۆرەکانی خۆشاردنەوە ناکاریگەرە لە کاتی جوڵانی ئاژەڵەکەدا، ئاسکێک یان کوڵەیەک دەکرێت تەواو نھێنی و نادیار بێت کاتێک جێگیر و وەستاوە بەڵام یەکسەر ببینرێت کە دەجوڵێت. بەڵام ئاژەڵەکانی شێوازی سەرلێشێواندنی جوڵەیی خاوەنی ھێڵکاری زەقی جوڵاو و خێران کە لەکاتی جوڵەدا رەنگە تۆخ و کاڵەکان بەخێرایی دەجوڵێن و تێکەڵ دەبن.[٦] ئەم شێوازە دەکرێت توانای ئاژەڵی ڕاوکەر کەم کاتەوە لە خەمڵاندنی خێرایی و ئاراستەی نێچیرەکەی بە وردی کەدەرفەتێکی زیاتر دەبەخشێت بە قوتاربوونی نێچیرەکە.[٧] ھەروەھا ھێڵکارییە جیاوازەکانی سەر جەستە دەکرێت ببێتە شێواندنی خەمڵاندنی قەبارە و دووری نێچیرەکەش و ئەم شێوازی خۆشاردنەوەیە تەنھا لە خێراییە زۆرەکان دا باشترین کاریگەریی ھەیە.

لە ساڵی ٢٠١١ دا، شێوازی سەلێشواندنی جوڵەیی بۆ ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان پێشنیار کرا بەڵام ھەرگیز جێبەجێ نەکرا چونکە سەرلێشواندنی جوڵەیی تەنھا لە کاتی جوڵەدا کاریگەرە و دەستنیشان کردنی تەنەکە لە کاتی وەستان دا ئاسانترە.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ Aristotle (c. 350 BC). Historia Animalium. IX, 622a: 2–10. Cited in Borrelli, Luciana; Gherardi, Francesca; Fiorito, Graziano (2006). A catalogue of body patterning in Cephalopoda. Firenze University Press. ISBN 978-88-8453-377-7. Abstract ٦ی شوباتی ٢٠١٨ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  2. ^ Darwin 1859, p. ٨٤.
  3. ^ Beddard 1892, p. ٨٣.
  4. ^ Beddard 1892, p. ١٢٢.
  5. ^ Forbes 2009, p. ٧٧.
  6. ^ Cott 1940, pp. ١٧٤–١٨٦.
  7. ^ Troscianko, Jolyon; Wilson-Aggarwal, Jared; Stevens, Martin; Spottiswoode, Claire N. (29 January 2016). "Camouflage predicts survival in ground-nesting birds". Scientific Reports. 6 (1): 19966. doi:10.1038/srep19966. PMC 4731810. PMID 26822039.