خانزایە خانمی کەڵھوڕ

خانزایە خانمی کەڵھوڕ ژنێکی یاخی لە سەرکردەکانی عەشیرەتی کەڵھوڕ لە ناوچەی کرماشان بوو کە بە سەرۆکایەتیی عەشیرەتەکە گەیشتەوە. خانزایە خانم لە سەردەمی حکۆمەتی محەممەدعەلی میرزای دەوڵەتشا لە ناوچەی کرماشان (١٨٠٦ - ١٨٢١) دەژیوە.[١]

کەسایەتی دەستکاری

خانزایە خانمی کەڵھوڕ ژنێکی یاخی لە عەشیرەتی کەڵھوڕ بووە. ئەو لە سەردەمی کچیدا لە ناوچەی کرماشان و لە ڕێگای نێوان ئارووناوا و کرن جڵی پیاوانەی لەبەر دەکرد و کارەوانانی تاڵان دەکرد. خانزایە خانم لە ساڵەکانی نیوەی یەکەمی سەدەی ١٩ی زایینی و ھاوکات لەگەڵ حکۆمەتی محەممەدعەلی میرزای دەوڵەتشا لەسەر ناوچەی کرماشان (١٨٠٦ - ١٨٢١) ژیاوە، بەڵام ڕێکەوتی ڕێک و ڕاستی لەدایک بوون و مردنی ئاشکرا نییە. لەو سەردەمە قاجارەکان بۆ ئەوەی شەرعییەت بە حکۆمەتی خۆیان لە کرماشان بدەن، لەگەڵ ئافرەتانی بنەماڵەکانی سەرکردەی عەشیرەتەکانی کورد بەتایبەت زەنگنە و کەڵھوڕ زەواجیان دەکرد. بۆیە بەھۆی ناوبانگی کە خانزایە خانم دەرکردبوو، محەممەدعەلی میرزا دەوڵەتشا خوازبێنیی لێ دەکات و داوەت لێ دەکات کە ببێت بە یەکێک لە ژنەکانی حەرەمسەراکەی.[١]

مۆسیۆ چریکۆف نوێنەری حکۆمەتی ئیمپراتۆریی ڕووسیا کە لە ساڵی ١٨٥١ سەردانی کرماشانی کردووە، لە میرزا ھادیخان کە سەرقەڵەمی ئاغەی شاری کرن بووە سەبارەت بە خانزایە خانم بیستووە و لە سەفەرنامەکەی خۆی لەبابەتی نووسیوە. بە گوێرەی کتێبی سەفەرنامەی موسیۆ چریکۆف خانزایەخانم داوەتی محەممەدعەلی میرزای قەبوول کردبوو، بەڵام ئەو کەسانەی کە لە نێوی عەشیرەتی کەڵھوڕ دژ بەم زەواجە بوون بە شازایەی قاجار دەگەیێنن کە خانزایە خانم کچێنیی نییە و ژنێکی ئابڕووتکاوە و بۆ زەواج لەگەڵ شازایە شیاو نییە. بۆیە زەواجی ئەوانە سەرناگرێت. بەڵام محەممەدعەلی میرزا سەرۆکایەتیی عەشیرەی کەڵھوڕی پێ دەسپێرێتەوە. محەممەدعەلی میرزا لە ساڵی ١٨٢١ مرد و حکۆمەتی کرماشان بە کوڕەکەی ئەو ڕادەگوێزرا، بەڵام لە ساڵی ١٨٥١ کە چریکۆف سەردانی ناوچەی کرماشانی کردووە خانزایە خانم ھێشتا سەرکردەی عەشیرەتی کەڵھوڕ بووە. بە وتەی چریکۆف خانزایە خانم لە شەڕ لەگەڵ موعتەمیدەددەوڵە فەرماندەی ھێزەکانی کەڵھوڕ بووە و توانیوە شکستی سوپای موعتەمیدەددەوڵە بدات.[١] بەم ڕێکەوتانە دەتوانین بزانین کە خانزایە خانم لانیکەم لەنێوان ساڵانی ١٨٢١ ھەتا ١٨٥١ سەرکردەی عەشیرەتی کەڵھوڕ بووە، بەڵام نەزانراوە کە دەستپێک و کۆتایی سەرۆکایەتییەکەی لە چە ڕێکەوتێک بووە. بۆیە دەسەڵاتداریی خانزایە خانم لەسەر عەشیرەتی کوردانی کەڵھوڕ یەکێک لە درێژماوەترین سەرکردایەتییەکان لە مێژووی کەڵھوڕەکان بووە. ھەروەھا کەوشەنی ھێز و دەسەڵاتی خانزادە خانمیش بە ڕوونی ئاشکرا نییە، چونکە لەو ساڵانە سەرۆکایەتیی عەشیرەی کەڵھوڕ لە دەستی بنەماڵەی حاجیزادە لە شاری کرماشان بووە و دیار نییە کە خانزایە خانمیش لەم بنەماڵە بووە یان ھەر بە تەنیا لە ناوچەیەک یان بەشێک لە کەڵھوڕەکان دەسەڵاتی بە دەستدا گرتبووە.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ ئ ا ب چریکف،‌ ١٣٥٨، پ ١٥١.

پەرتووکەکان دەستکاری

  • چریکوف. ١٣٥٨(=١٩٧٩)، سیاحتنامەی مسیو چریکف، ترجمە آبکار مسیحی، بە کوشش علی اصغر عمران، تھران: شرکت سھامی کتابھای جیبی، چاپ اول.