جوگرافیای سلۆڤاکیا

سلۆڤاکیا یان کۆماری سلۆڤاکیا وڵاتێکە دەکەوێتە ئەورووپای ناوەڕاست. ھیچ سنوورێکی ئاوی نییە، واتە وڵاتێکی داخراوە. سلۆڤاکیا لەبەر گرنگیی پێگە جوگرافییەکەی کە کەوتووەتە ناوەڕاستی ئەورووپا، بووەتە ئەڵقەی بەیەکگەیاندنی وڵاتانی دەوروبەری، سەرەڕای بوونی چەندین شوێنەواری دێرین و سەیرانگای خۆش، ئەمەش بووەتە ھۆکاری ھاتنی گەشتیاران بۆ ئەم وڵاتە. لە باکووری ڕۆژاوا ھاوسنوورە لەگەڵ کۆماری چیک، لە باکوور ھاوسنوورە لەگەڵ پۆڵەندا، لە خۆرھەڵات لەگەڵ ئوکراینا، لە باشوور لەگەڵ مەجەرستان، و لە باشووری ڕۆژاوا لەگەڵ نەمسا.

ڕووبەرەکەی ٤٩٠٣٥ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. بەسروشتی شاخاوی جیادەکرێتەوە، زنجیرەچیای کارباسیان دەکەوێتە بەشی ڕۆژاوای، ئەم زنجیرەچیایە زۆر سەختە، ھەروەھا زنجیرەچیای کارباسیانی بچووک دەکەوێتە باکووری ڕۆژاوای وڵات، زنجیرە چیای تاتراسی بەرز بەدرێژایی سنووری باکووری ئەم وڵاتە دەکشێت. ڕووباری دانوب بە باشووری ئەو وڵاتە تێدەپەڕێت، بووەتە سنوور بۆ ئەو ھەرێمە و زەوییە نزمەکانیشی دەکەونە ئەو ناوچەیە، ئەو ناوچانەشی پاراو کردووە کە بۆ کشتوکاڵ زۆر بەپیتە، ئەم ڕووبارە و چەند ڕووباری تر لە سلۆڤاکیا پێچاوپێچن و ڕێڕەوەکانیان بەرز و نزمی تێدەکەوێت، وەک ڕووباری ھۆرنادا، ھەرونو فاخ. لە ھەمان کاتدا ئەم ڕووبارانە جگە لەوەی بۆ کشتوکاڵ کردن سوودیان لێوەردەگیرێت، بوونەتە ڕێڕەو و دەرچەی ئاویی سلۆڤاکیا، چونکە ئەم وڵاتە ڕێگای ئاوی نییە و ھیچ دەریایەک ناکەوێتە سەر سنوورەکانییەوە.

لوتکەچیای گرلانچۆفکا کە بەرزییەکەی ٢٦٥٥ مەترە بەرزترینە لەو وڵاتە. سلۆڤاکیا دابەش دەبێت بەسەر ھەشت یەکەی کارگێڕیدا، پێی دەڵێن (kraje) کە ئەمانەن: بانسکا بیستریتسا، براتیسلاڤا، کۆچیتسە، نیترا، ترینچین، بریچۆف، ترناڤا، و جیلینا. بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٤ ژمارەی دانیشتووانی سلۆڤاکیا ٥٬٤٥٤٬١٥٤ کەس بووە کە دەکاتە ٠.٠٨٪ی ڕێژەی خەڵکی جیھان. تەمەنی مامناوەندی خەڵکی ئەم وڵاتە ٣٨.٦ ساڵە. ھەروەھا ٥٥٪ی دانیشتووانی وڵات لە شارەکان دەژین. ئاووھەوای سلۆڤاکیا بەشێوەیەکی گشتی بە ئاووھەوایەکی مامناوەند دادەنرێت، لە ھاوینان ئاووھەواکەی سارد و باراناوییە، و لە زستانان زۆر ساردە و ئاسمانەکەشی تەماوییە، ھەروەھا زۆر بەچڕیش بەفر دەبارێت.

مەودای سنوور لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەستکاری

سەرچاوەکان دەستکاری