تاقە‌دار لەسەر تەپکێکی ڕۆژئاوای شاری مەهاباد، سەرەتای جادەی مەهاباد ـ سەردەشتە.

مێژوو دەستکاری

پتر لە سەد ساڵ بەر لە ئێستا، لەسەرتەپکێکی ڕۆژئاوای شاری مەهاباد، کە سەرەتای جادەی مەهاباد ـ سەردەشتە، «دارەبووز»[١]ێکی تاک و تەنیا، وەک شاهیدی زیندوو، بەم دیودا دەیڕوانییە شار و بەودیودا دەیڕوانییە قۆپی مەولەوی و مێشەی سەید جامی، کە ئەمڕۆ نوقمی دەریاچەی بەنداوی مەهابادن. لە قەتڵی‌عامی خەڵکی سابڵاغ بە دەستی سپای ڕووس لە ١٩١٦دا، کە بە پێی بەڵگە، بەینی هەشت تا دە هەزار کەس لە شارێکی سێزدە‌هەزار حەشیمەتی کوژران، دەوروبەری تاقەدار بووبە گۆڕستانی شەهیدان. هەر لەم ڕووداوەشەوە بوو کە دارەکە پەڕۆی کەسکی تێهاڵا و بووبە خاوەن کەسایەتییەکی مەعنەوی.

بەردێکی زل لە بەر پێی دارەکە بوو، کە شوێنی کەلێنێکی قووڵی لەسەر بوو. ئەو شوێنە زۆر وە جێگا ئەژنۆی یەکسم دەچوو. بەو بۆنەوە خولیا و ئاواتی کەس‌وکاری شەهیدان، ئەو کەلێنەی کردە جێگە ئەژنۆی ئەسپی حەزرەتی عەلی و بەم‌جۆرە کەسایەتییەکی ئایینی هێنایە سەردانی گۆڕستان و لە ئاست بێ‌تاوانیی هەزاران کەس، کرنۆشی بە دۆڵدۆڵ برد.

لە ناو گۆڕەکاندا، دوو گۆڕی «سەید غەفوور» و «سەید ئەحمەد»، لە ئەولادانی سەید جامی چۆڕی، کە جێگای ڕێزی خەڵکی ناوچەکە بوون، بە کێلی بەرز و داتاشراوەوە، پتر خۆیان دەنواند. لەسەر یەکێک لە کێلەکان تاقەیەکی بچووک و لەسەر ئەوی تریان کونێک هەڵکەندرابوو کە لەچکە و دەسرۆکەیان بەناودا دێنا و دەبرد و بۆ شفای ئازار، بە تایبەت کۆخەڕەشە و لە ئەستۆیان گرێ دەدا.

سەر ئەو تەپکە، بەم دیمەنانەوە، نزاگە و جێگە ڕاز و نیازی ڕۆژانەی تاسە‌باران بوو. لە پای دارەکە دادەنیشتن و فاتیحایان بۆ شاری نوستوو دەنارد و دەستیان بە کەلێنی گابەردەکەدا دێنا و دوای ئاوات و نیاز، شاڵی کەسکیان بە لک و پۆی دارەکەوە هەڵداوەسی.

تاقەدار تا نیوەی دوویەمی دەیەی ٤٠ی هەتاوی، کە بەنداوی مەهاباد هەڵبەسترا، هەر وا تاک و تەنیا، بە دیار گۆڕستانەوە ڕاوەستابوو. بەیانیان بە گزینگی خۆر، کە لە پشت «داشامەجید»ەوە دەیئەنگاوت چاوی هەڵدێنا و ئێوارانیش بە زەردەی ڕۆژپەڕ، ئەو کاتەی هەتاو لەو دیو بەرزایی‌یەکانی «مەیدان بەڵەک»ەوە هێدی هێدی نوقم دەبوو، پێڵۆکانی دادەکێشا و وەک شوانی دوای شەوین بە پێوە دەنوست.

لە ساڵەکانی ١٣٤٦ تا ٤٩ی هەتاوی، دەوری بەنداو قۆڕغ کرا و دیواری کێشرا. بەڵام شوورەی بەردین و نەردەی ئاسن، لە ئاست تاقەدار بە نیشانەی ڕێزدانان بۆ بیروباوەڕی جەماوەر، دەستیان لێک بەردا و دارەکەیان لە ئامێز وەرێنا. کەچی لەو ساڵانە و ساڵانی دواتردا، گۆڕستانەکە وردە وردە کەوتە بەر جادە و ئیسفاڵت و بینای ئیدارەی ئاو و هەر جارە لوولاک و کاژەڵەی شەهیدانی بە «شووشکا» لەت‌وپەت کراوی زستانی ١٩١٦ لە گۆڕیچە دەهاتەوە دەر و وەک شاهیدانی تاوانی فەرامۆش کراو، لەگەڵ نەوەکانیان، کە ئێستا ڕێبوارانی سەیرانی هەینی و سێزدەبەدەر بوون، دەدوان و لایان سەیر بوو کە نایانناسنەوە!

ئێستا ئیدی دوایین شوێنی گۆڕستانەکە سڕاوەتەوە، بەڵام تاقەداری وەفادار، هەرچەند پیر و نەخۆش و نیوە‌گیان، هەروا لە شوێنی سەد ساڵەی ڕاوەستاوە و لە دنیایەکی تەواو جیاوازتر لەوەی پێشووی دەڕوانێ.

ئەمڕۆ تاقەدار ڕیشەی لە خاکدا سست ولاواز بووە و وەک هەر زیندەوەرێک بەرەو کۆتایی‌ی تەمەن دەڕوا، بەڵام ڕیشەیەکی نوێی لە ئاواز و فۆلکلۆر و ئەدەب و مێژووی وڵاتەکەی داکوتاوە و بڕیاری وایە لە بیچمێکی تردا درێژە بە ژیان بداتەوە. مامۆستا هەژار لە «بەرەو موکریان»[٢]دا ئاوای باس دەکا:

تاقە‌دار هەر بژی داری چاکیبە ڕەگ و دڵ پتەوی بێ‌باکی
زۆر بە میوان و لە کەس ناپرسیوەکوو بێکەس لە تەرەس ناترسی
جار و بار بێژە بە مەحموودکانێگۆڕە سەرباز هەیە، سمکۆ کوانێ؟

ماموستا برایمی ئەفخەمیش لە بەستەیەکدا[٣] دەڵێ:

تاقەداری بە تەمەن پیر و بە بیرلە ترۆپی کەژی بێدەنگ وەکوو میر
لە جیهان زویر و لە عالەم زیز بووبە تەنێ ژینی لە لا ئازیز بوو
بوو لە ناخی دڵی ئاخی خزمیچووبووە بەرزی لە داخی نزمی...

هەرچەند تاقەدار لە شار و ناوچەکانی تری کوردستاندا چەند ئاواڵی تری هەبوون، بەڵام زۆربەیان نەماون. بەرچاوترینیان دارگوێزەکەی «ئاویەر بچووک»ی سنە بوو لە ئەردەڵان، کە مامۆستا محیەددینی حەقشناس لە شوێنەوارە بەنرخەکەی «شارەکەم سنه»[٤]دا ئاوای باس دەکا:

سڵام سەد سڵام ئەوە من هاتمئاویەر بووچک، بموەخشە ماتم
تاقە‌دارەکەت دار گوێزێ بوویادگار دەس یەک عەزیزێ بوو
ئەو دەسە بشکێ وا ئەوی سۆزانتاقە‌دارەکەی سنەی ئەردەڵان

مامۆستا هێمن موکریانی لە پشتبەرگی "پاشەرۆک"ـەکەی خۆی دا، ژیانی بێحەسانەوەی خۆی چەشنی تاقەدارەکەی مەهاباد دەشوبهێنێت و ئاوا دێتە گۆ:

تاقەداری، کزی، پیری عەوداڵ

دێمەنی، هێمنی هێنامە خەیاڵ

وەکوو ئەو تاک و تەریک لەم لێژا

غەیری سوێرئاوی گڕاو، نەیچێژا

ئێستا تاقەدار وەک سیمبۆل و نەمادی شاری مەهاباد، زۆر شوێنی بە ناو کراوە. زیندە‌یاد کاک «ئەنوەری ئێرانزادە»ش ڕۆمانەکەی خۆی بە ناوی «تاقەدار»[٥]ەوە نێودێر کردووە. خەڵکی شاریش ئەو بەرزاییەیە هەر بە «تاقەدار» دەناسن. خۆزگە بەرپرسانی کاروباری شاریش، بە چەقاندنی تابلۆیەکی «تاقەدار» لەو شوێنە، ناوەکە وەبیر بەرەی نوێ بێننەوە، تا داهاتووان لانی‌کەم ناوەکە بپارێزن.

سەرچاوەکان دەستکاری

  • گۆڤاری مەهاباد، ساڵی دوازدەیەم، ژ١٣٤، بانەمەڕی ١٣٩١، ل:٢٠-٢١
  • سەید محەممەد سەمەدی
  • سەید عەبدوڵڵا سەمەدی

پەراوێزەکان دەستکاری