دەشتى شارەزوور

دەکەوێتە باشور و باشورى ڕۆژهەڵاتى شارى سلێمانى و بەگرنگترین و گەورەترین دەشتى ناوچەی شاخاوی دادەنرێت، تێکڕاى درێژی لەڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا نزیکەى (٤٥) کیلۆمەترە و پانیەکەى لەنێوان (١٥-٢٠) کیلۆمەتر و لەهەندێ شوێن دەگاتە (٢٥) کیلۆمەتر، بەرزییەکەى لەئاستى ڕووی دەریاوە لەنێوان (٤٥٠-٦٠٠) مەترە، چیاکانى هەورامان لەڕۆژهەڵات و چوارتا لەباکوور و باڵامبۆ لەباشوورەوە دەوریان داوە، بەڵام لەئاڕاستەى باکوورى ڕۆژئاوایەوە دەشتى سلێماتییە.

خاکى ئەم دەشتە بە بەرزى ڕێژەى بەپیتیەکەى ناسراوە، بەهۆى ئەو نیشتەنیانەى جۆگە ئاوییەکان لەچیاکانى دەوروبەریەوە بۆى دێنن، ئاوى تانجەرۆ و سەرچاوەکانى دیکەى زەڵم و چەقان بەشەکانى ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتى دەشتەکە ئاودێرى دەکەن.

لەڕۆژهەڵاتى دەشتەکەدا بەنداوى دەربەندیخان دروستکراوە، کە ڕووبەرێکى بەرفراوانى دەشتەکەى داپۆشیوە.

لەڕووى کارگێڕییەوە ناوچەکانى قەزاى شارەزوور و بەشێکى فراوانى پارێزگاى هەڵەبجە و بەشی باشورى ناحیەى تانجەرۆ دەکەونە ئەم دەشتەوە.

گرنگترین شارەکانیشی پارێزگاى هەڵەبجە و سەیدساق و عەربەت و خورماڵ و سیروان و هەڵەبجەى تازە و زەڕایەنە.

سەرچاوە: ڕۆڵى هۆکارە سیاسییەکان لەدابەشبوونى پارێزگای سلێمانی، جاسم محەمەد محەمەد عەلى، سلێمانى، ٢٠٠٨