ئه‌خته‌بوته‌كه‌ بێنن بۆ عێراق ..! - محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د

[[١]]

ئه‌خته‌بوت (پۆل) ، ئه‌و ئه‌خته‌بوته‌یه‌ پێشبینی یارییه‌كانی مۆندیالی ساڵی 2010 ی ده‌كرد بۆ بردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژارده‌كانی تۆپی پێی وڵاتان ، وه‌ك ده‌وترێت ئه‌خته‌بوته‌كه‌ هه‌موو پێشبینییه‌كانی راست بوون . لێره‌دا جگه‌ له‌ تۆپی پێ ، عێراق ئێستا له‌ كێشه‌یه‌كی سیاسی گه‌وره‌دایه‌ ئه‌ویش لای هه‌موان ئاشكرایه‌ كێشه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ كه‌ تاكو ئێستا له‌ نێوان ( عه‌لاوی و مالیكی)دا ماوه‌، ئاشنایه‌ وا له‌دوای نزیكه‌ پێنج مانگ له‌ هه‌ڵپژاردنی 7/3/2010 ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، تاكو ئێستا لایه‌نه‌ سیاسێكانی نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و بڕیاره‌ی كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێ ده‌ستنیشان بكه‌ن بۆ به‌ڕێوه‌بردی كاری وه‌زاره‌ته‌كانی عێراق. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ كه‌ كوتله‌ سیاسێكان تاكو ئێستا نه‌یانتوانیه‌وه‌ یه‌كێك له‌ نێوان مالكی و عه‌لاویدا ده‌ستنیشان بكه‌ن ، با (پۆل) ی خاوه‌ن پێشبینیه‌ راسته‌كان بێنن بۆ عێراق بۆ ئه‌وه‌ی بزانن له‌ داهاتوودا كوتله‌ سیاسێكان له‌سه‌ر ( مالكی یان عه‌لاوی) رێكده‌كه‌ون بۆ ده‌ستنیشانی به‌ سه‌رۆك حكومه‌تی نوێی عێراقی فیدڕاڵ . هه‌ر به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌ ! ئێمه‌ وه‌كو كورد ئه‌مانه‌وی ئه‌نجامی مه‌سه‌له‌ چاره‌نووس سازه‌كه‌ بزانین ئه‌ویش كێشه‌ی كوردستانی بوونی كه‌ركوكه‌ ، كه‌ كێشه‌یه‌كی هه‌ره‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ عێراقه‌، نه‌ك وه‌ك كێشه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران له‌ماوه‌ی پێنج مانگ چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌، به‌ڵكو له‌ دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراقه‌وه‌ كێشه‌ی جێبه‌جێ كردنی مادده‌ی 140ی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراق چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌، كه‌چی له‌ ده‌ستوریشدا نوسراوه‌ ئه‌بێت دۆسی كه‌ركوك له‌ ساڵی 2007 ه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرایه‌، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئێمه‌ی كورد ده‌ستبه‌ردانی كه‌ركوكی خۆمان نابین و نه‌ عه‌ره‌به‌كانیش كه‌ به‌ مولكی باو باپیری خۆیانی ده‌زانن. پێشبینییه‌كه‌ی من بۆ هێنانی ئه‌خته‌بوت (پۆل) هه‌ر بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چاره‌نووسی دۆسییه‌ هه‌ڵپه‌سێنراه‌وكانی كوردستان و عێراق بزانین ، به‌ڵام من لێره‌دا ئه‌یڵیم گه‌ر ئه‌خته‌بوته‌كه‌ بهێنرێته‌ عێراق كه‌س زامنی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌سه‌لامه‌تی له‌دوای پێشبینییه‌كه‌ی بگه‌یه‌نرێته‌وه‌ شوێنی خۆی ؟ چونكه‌ له‌ پێشبینییه‌كیدا كه‌ له‌ یاری نێوان ( ئیسپانیا – ئه‌ڵمانیا) پێشبینیه‌كه‌ی (پۆل) بردنه‌وه‌ی ئیسپانیا بوو، به‌ڵام له‌دوای بردنه‌وه‌ی ئیسپانیا ، ئه‌ڵمانێكان هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی ئه‌خته‌بوته‌كه‌یان دا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌وته‌ی ئه‌وان پۆل روخێنه‌ری مه‌عنه‌وی هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیا بوو له‌ دۆڕاندنی له‌ مۆندیالدا ، به‌ڵام لێره‌دا گه‌ر پۆلی پێشبینی ( عه‌لاوی یا مالیكی) بكات و یه‌كێكیان بیباته‌وه‌ ، ئه‌هێڵن پۆڵ به‌سه‌لامه‌تی بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ شوێنه‌كه‌ی خۆی ...؟ ئه‌م بابه‌ته‌م ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه‌ ببێته‌ په‌ندێك (عیبره‌ت) بۆ سیاسه‌تمه‌دارانی عێراق و كوردستان ، چونكه‌ بۆ هه‌ر كێشه‌یه‌ك له‌به‌ر رێكنه‌كه‌وتن و گوێنه‌دانیان به‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی ماوه‌یه‌كی زۆر ده‌خایه‌نێت بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ، یا هه‌ر چاره‌سه‌ر ناكرێت ، وه‌ نمونه‌ی زیندو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ، جێبه‌جێ نه‌كردنی مادده‌ی 140 ی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراقه‌