کەسایەتی کورد لە مێژوودا


"گەڕیدە و جوگرافیاناسی موسوڵمان"

ئیبن فە‌زلان

  ناوی(ئەحمدی کوڕی عەباسی کوڕی راشدی کوڕی حەماد)ە، یەکێک بوو لە بەناوبانگترین گەڕیدە و جوگرافیاناسانی جیهانی ئیسلامی، لە‌ ساڵی ٨٧٧ز لە دایک بووە و لە ساڵی ٩٦٠ز لە بەغدا کۆچی دوایی کردووە.[١] لە ساڵی ٩٢١ز گە‌شتێکی بۆ وڵاتی بە‌لگارە‌کانی ڤۆڵگا کرد؛ تا نامە‌ی خە‌لیفە‌ی عە‌باسی(المقتدر باللە) بگە‌یە‌نێتە کراڵی رووس، یاخود‌ شای سلاڤان(بە‌ عە‌رە‌بی: ملک الصقالبە) کە‌ ناوی(بە‌ عە‌رە‌بی: ألموش بن یلطوار) بووە. وە‌ک زانراوە‌ لە‌ رۆژی ١٢/ئایاری/ ٩٢٢ز؛ گە‌یشتۆتە‌ شوێنی مە‌بە‌ست، ئە‌م ڕێکەوتە ئێستا لە‌ تە‌تە‌رستان بووە‌تە‌ رۆژێکی ئایینی موسڵمانان. [٢]

  ئیبن فەزڵان؛ لە کۆشکی خەلیفە بوو، تا ئەوکاتەی نامەکەی گەیاندە پاشاکەی بوڵگار لە ٩٢١ز، هەر بە گەیشتنی ئیبن فەزڵان نامەکەی بە مەلیکی بوڵگار دا، ئەویش داوای لێکرد کە باڵیۆز بێننە وڵاتەکەی و، ئەوان ئامادەشن دینەکە بگرنە خۆ، بەڵام دەبێ چەند مزگەوتێک دروست بکەن لە ناوچەکە، لەگەڵ چەند قەڵا و قوولەیەک؛ تا لە هێرشی دوژمنان بیانپارێزێت. دوای ئەوە خەلیفە ئیبن فەزڵانی هەڵبژارد تا ڕێبەرایەتی گەشتەکە بکا، چەند بانگخوازێکیشی لەگەڵدا نارد تا پەیامی دینەکە بە بوڵگاردا بڵاوبکاتەوە. [٣]


ـ سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئیسلام لەو ناوچانەدا

سەبارەت بە گەیشتنی ئاینی ئیسلام بەو ناوچانە، با وانەزانین کە ئەو گەشتە سەرەتای گەشتی موسڵمانان بوو بۆ ئەوێ، بەڵکو پێشتر موسوڵمانان لە ڕێگەی بازرگانییەوە ڕێسا سەرەتاییەکانی ئاینی ئیسلامیان بە زۆربەی خەڵکەکە ئاشنا کردبوو، گرنگترین کار کە بازرگانەکان کردیان پێ ئاشناکردنی یەکتاپەرستی بوو لەگەڵ ڕەفتار و ڕەوشتی موسڵمانێتی، بەڵام ئەوەی ئیبن فە‌زڵان کردی، گرنگییەکی تایبەت بوو کە نامەی خەلیفەی عەبباسی گواستەوە بۆ پاشای بوڵگار، جگە لە نامەکەش بەتەواوی دین و فکری ئیسلامی بە سەرانی بوڵگار ئاشناکرد، هەر لەگەڵ گرتنەخۆی دینەکە، ژیانی کۆمەڵایەتیی بوڵگارەکان زۆر بەخێرایی وەرچەرخا، چونکە بەتەواوی دینەکەیان لەگەڵ سەرجەم داب و ڕەسم و ڕەفتار و ڕەوشتیان تێکەڵ کرد، ئەو داب و ئادابە کۆمەڵایەتییە ئیسلامییە زەمەنێکی درێژ لەسەری بەردەوام بوون، زۆر بە نەرمیش دەیانچەسپاند، موسوڵمانان لە خوێندنگەی بوخاراوە درێژەیان دەدا بە ناردنی پەیام و ڕەوشتی ئیسلامی، هەروەها گۆڕانکاری و چاکسازییەکی باشی کۆمەڵایەتیی کرد لە نێویاندا.

لە ڕاستیدا ئەو گەشتە جگە لە گەیاندنی ئیسلام بەو ناوچانە، خواستێکی گرنگی جوگرافیش بوو، ئەو توانی هۆز و دابەشبوونی رەگەزی ئەو ناوچەیە تۆمار بکا لە گەشتەکەیدا، تا ئەوەی سنوورەکانی نێوان بوڵگار و ڕووسیا بزانێت، کە بە لێواری ڕووباری ڤۆڵگا لەوێش تا چیای ئۆرال بوو. [٤]


ـ گرنگی گەشتەکە

پێناسەکانی گەڕیدەی موسوڵمان ئەحمەدی کوڕی فەزڵان بۆ بەشێکی گەورەی رووسیا و دانیمارک و دەوڵەتانی ئیسکەندەنافیا، یەکەمین پێناسەیەکی ورد و لێکۆڵینەوەیەکی تەواوە بۆ واقیعی ژیانی ئەو خەڵک و، کۆمەڵگەیانەی کە جیهان زانیویەتی دەربارەی ئەو وڵاتانە.

ئەحمەدی کوڕی فەزلان لە ساڵی ٩٢١ز هەستاوە بە گەشتێکی سەیر -کە لە گرنگترین ئەو گەشتانەیە کە ئەنجام دراوە بۆ دروستکردنی پەیوەندی شارستانی لە سەدەکانی ناوەڕاستدا-، لە بەغداوە دەرئەچێت -کە لەو رۆژگارەدا پایتەختی زانست و شارستانی بووە- تێئەپەڕێت بەسەر زۆرێک لە وڵاتان و میللەتانی ئەو رۆژگارەدا و بینین و رووداوەکانی سەردەمی خۆی دۆکۆمێنتاری ئەکات لە کتێبێکدا، کە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٢٣ز بڵاوکرایەوە لە رووی رەنووسی دەستنووسێکەوە کە لە رووسیادا دۆزرابوویەوە. [٥]

هەروەها ئەو گەشتە بووەتە سەرچاوەیەکی سەرەکی مێژووی رووسیا؛ کە لە سەرەتای سەدەی دەیەمەوە دەست پێدەکات، کە لەو سەردەمەیەدا وڵاتانی رۆژئاوایی زۆر بێئاگا و داخراو بوون، هیچ زانیارییەکی ئەوتۆیان نەبوو سەبارەت بە ڕووس و وڵاتانی ڕۆژهەڵات، بۆیە تۆماری گەشتەکەی ئیبن فەزڵان شایستە و جێی تێڕامانی لێکۆڵەرانە، چونکە رێکخستنێکی ڕاستی مێژووی دەگمەنی خستۆتە ڕوو، وێنەیەکی گەوهەرییە لە هونەر و کارامەیی موسوڵمانان کە تۆماری کردووە بە عەرەبی، تێیدا باسی ئەو هۆز و خێڵانە دەکا کە هیچ کەس لە جیهاندا دەربارەیانی نەدەزانی. [٦]

هۆکاری بە گرنگ بینینی ئەو کتێبەی ئیبن فەزڵان، وەک زانایەکی ئەمریکی بە ناوی میخائیل کریکتۆن(Michael Crichton)  ئەڵیت: موسوڵمانەکان لە بەغداد لەگەڵ ئەوەی پابەندبوون بە ئاینەکەیانەوە، زۆر کراوەش بوون بەسەر میللەتانی دنیادا، کە لەوان جیاواز بوون لە رووکەش و رەوشت و عەقیدەشدا. موسوڵمانەکان لەو سەردەمەدا لە هەموو کەس کەمتر هەرێمی لۆکاڵی بوون، ئەمەش وای لێکردبوون کە شایەتێکی گەورەبن بەسەر کەلتووری میللەتانی بێگانە. [٥]

ئە‌و زانیاریە‌ گرنگانە‌ش لە‌ دووتوێی سە‌فە‌رنامە‌کە‌یدا ھاتووە‌، لە‌ بارە‌ی پێکهاتە‌ و دابە‌شبوونی ئە‌وسای گە‌لانی دانیشتووی رێڕە‌وی گە‌شتە‌کە‌، کە‌ لە‌ بە‌غداوە‌ دە‌ستپێدە‌کات و شارە‌کانی(نە‌ھرە‌وان، ھە‌لوە‌ن، کرماشان، ھە‌مە‌دان، ساوە، رە‌ی، سمنان، دامغان، نەیسابوور، سە‌رخە‌س، مە‌رو، ئامول، جەیحون، بوخارا، خەواریزم، جورجانییە، جیت و ھە‌رێمی باشگرد) دە‌بڕێت و بە‌ ناو ھۆزە‌ دواکە‌وتووە‌کانی ئۆغۆز(تورکمان) و بە‌شکیر ڕە‌تدەبێت، کە‌ ھێشتان موسوڵمان نە‌ببوون، تا دە‌گاتە‌ بنکە‌ی شای سلاڤە‌کان؛ لە‌ ئارێکی سە‌ر رووباری ڤۆلگا، کە بە‌ بۆچوونی ھە‌ندێک لە‌ مێژووناسان‌ دە‌بێت شاری(کازان) بێت -کە‌ ئێستا شارێکی‌ موسوڵمانە‌کانە‌ لە‌ رووسیای فیدراڵ و پایتە‌ختی ھە‌رێمی تە‌تە‌رە‌کانە‌-. هەروەها لە گەشتەکەیدا سەرجەم زانیارییەکانی دەربارەی ئەو ناوچانە تۆمارکرد کە پێیدا تێپەڕی بوو، وەک ڕوونکردنەوەی دید و فکر و چۆنییەتی ژیانکردنی خەڵکی ناوچەکان و لێکچوو و جیاوازی نێوانیان لە هەڵسوکەوت و داب و ڕەفتاریان.[٧]


ــ بۆ داھێنان سرووش

گە‌شتە‌کە‌ی ئیبن فەزڵان بووەتە‌ مایە‌ی پیتاندنی ئە‌ندێشە‌ی زۆر لە‌ نووسە‌ر و مێژووناس و فیلمسازان.. رۆماننووسی ئە‌مریکایی؛ مایکل کریچۆن، بە‌ کە‌ڵک وە‌رگرتن لە‌ زە‌مینە‌ی گە‌شتی ئیبن فەزڵان، رۆمانێکی زانستیی بە‌ ناوی(مردوو خۆرەکان: Eaters of the Dead)، ساڵی ١٩٧٦ز بە‌ چاپ گە‌یاند کە‌ دوواتر لە‌ ھۆلیوود کرا بە‌ فیلمێک بە‌ ناوی (سێزدە‌مین جە‌نگاوە‌ر‌: The 13th Warrior) لەدە‌رھێنانی و نواندنی(ئە‌نتۆنیۆ باندێران John McTiernan).[٨]


ــ سەرچاوەکان:

١ـ دە‌ستنووسێکی نووسراوی ئیبن فەزڵان لە‌ مۆزە‌خانە‌ی کتێبی دانسقە و دە‌گمە‌ن.

٢ـ الرحلات والرحالة في التاريخ الاسلامي ، د.جمال الدين فالح الكيلاني ، دار المصطفى ، القاهرة ، 2014 ، ص 99.

٣ـ الرحلات والرحالة في التاريخ الاسلامي ، د.جمال الدين فالح الكيلاني ، دار المصطفى ، القاهرة ، 2014 ، ص 106

٣ـ ^ أ ب "ابن فضلان – الرحالة السفير"، www.islamstory.com، اطّلع عليه بتاريخ 17

٤ـ إسلام أون لاين: رحلة "ابن فضلان"… بين الرسالة والذوبان

Michael Crichton (Eaters of the Dead)٥ـ

٦- لمصدر: مجلة التبيان – العدد 68 – 10 مارس 2010م

٧- کتێبی گە‌شتی ئیبن فەزڵان بە‌ زمانی ئینگلیزی

٨- بابە‌تێک لە‌ سە‌ر دە‌نگدانە‌وە‌ی گە‌شتە‌کە‌ی ئیبن فەزڵان لە‌ رووسیای ئە‌مرۆدا


شێروان عبدالرحمن