ئێل یان ئیل ( 'Ēl یان 'ئیل، بە شێوەی الف-لام نووسراوە، بۆ نموونە لە زمانی ئوگاریتی: 𐎛𐎍، بە زمانی فینیقی: 𐤀𐤋، بە زمانی عیبری: אל‎، بە سریانی: ܐܠ، بە عەرەبی: إل یان إله، هاوڕیشە لەگەڵ وشەی ئەکەدی: ilu) وشەیەکی سامیی باکووری ڕۆژئاوایە بۆ «خودا» یان «خواژن» کە ئاماژەیە (وەک ناوێکی تایبەت) بۆ هەریەکێک لە چەندین خودای کۆنی ڕۆژهەڵاتی نزیک. ئەم وشەیە لە وشەی دووپیتیی کۆن و مەهجووری ʔ‐L لە زمانی دایکی سامی وەرگیراوە کە بە واتای «خودا» دێت.

هەندێک خودا کە بە ئێل یان ئیل ناسراون بریتین لە گەورەترین خودای ئایینی کەنعانی کۆن، هەروەها خودای باڵای سامییەکانی میزۆپۆتامیا لە سەردەمی پێش سارگۆنی. ئێل بەرلە ئەهوە خودای ئیسرائیلییەکان بوو، بەڵام دواتر لە سەدەی نۆیەم تا شەشەمی پێش زایین لەگەڵ یەهوه بوو بە یەکێک. چیرۆکی بەخشینی ئیسرائیل لەلایەن ئێلەوە بە یەهوە هێشتا لە یەکێک لە وەشانی تەوراتدا ماوە.

ئێل پاشای خوداکانە و یەکێکە لە ناوە کۆنەکانی خودا لە کولتوورە جیاوازەکاندا.

ئێلۆهیم (بە عیبری : אֱלוֹהִים، אלהים) وشەیەکی عیبرییە بە واتای خوداوەندەکان و شێوەی کۆی ئێلۆە یە. لە تەنەخدا کە کۆکردنەوەی کتێبە پیرۆزەکانی جوولەکەکانە، ئەم وشەیە بەزۆری (بەڵام هەمیشە نا) ئاماژەیە بۆ خودای ئیسرائیل. لە شوێنەکانی تردا خوداکانی تر سەرجەم پێیان دەوترێت ئێلۆهیم. ئیلۆهیم سێیەم وشەیە کە لە تەوراتدا ئاماژەی پێ کراوە.