ئیکیومەنا (ئینگلیسی: Ecumene)، لە زمانی یۆنانییەوە (یۆنانی: οἰκουμένη/oikouménē) وەرگیراوە و بە مانای "نیشتەجێبوون" دێت. ئیکیومەنا زاراوەیەکە کە لە جوگرافیای هاوچەرخ بۆ پێناسەکردنی ئەو بەشەی لە ئاستی زەوی بەکاردێت کە بەردەوام ئاوەدان بووە و دانیشتووی هەبووە. چاوخشاندنێکی خێرا بە سەر نەخشەی چڕی دانیشتووانی جیهان، بەشینەوەی نایەکسانی دانیشتووان لەسەر ئاستی زەوی نیشان دەدا. هەندێ لە ناوچەکان تژی لە دانیشتووان و جەماوەرن و هەندێکی دیکە لە ڕاستیدا بەتاڵن و دانیشتووانێکی بەرچاویان نییە، لێ بە تێپەڕبوونی کات، ناوچەی ئیکیومەنا پەرەی ستاندووە. کاتێ کە ناوەندە سەرەکییەکانی چاند دەرکەوتن، ناوچە ئاوەدانەکانی ڕووی زەوی دیاریکراو بوون. لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان و کۆچ و ڕەوی دانیشتووان بۆ ناوچەکانی دیکە، ئیکیومەنا ڕووی لە پەرەستاندن کرد. لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی ڕۆمی، ئیکیومەنای ناسراو بەشەکانی ئەورووپا، باکووری ئەفریقا، ڕۆژهەڵاتی ناوین و ناوچەکانی ئاسیای لەخۆ دەگرت. لەم کاتەدا، بەشێکی زۆر لە ناوچەی ئەورووپا دانیشتووانی بەردەوامی خۆی پەیدا کردبوو. بە کرانەوەی نیوگۆی ڕۆژئاوای زەوی بۆ نیشتەجێ بوون، لە چەرخی دۆزینەوە و گەڕان، ئیکیومەنا پتر پەرەی ستاند و خەڵکانی ئەورووپایی بە خەڵکی بومی کە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە کیشوەری ئەمریکا نیشتەجێ بوون، زیاد بوون.

وێنەیەکی مۆدێرن لە ئیکیومەنای باسکراوی هێرۆدۆت سەدەی ٥ی پێش زایین

لە چەرخی مۆدێرن، ئیکیومەنا لە گەورەترین ئاستی خۆیدایە. شوێنی نیشتەجێ بوون بۆ ئەو شوێنانەی کە پێشتر مرۆڤ نەیدەتوانی لێی نیشتەجێ بێت، پەرەی ستاندووە.

سەرچاوەکان دەستکاری

  • Pitzl, Gerald R. (2004), Encyclopedia of Human Geography, Greenwood Press; USA.