ڕیچارد ڤاگنەر

ئاوازدانەری ئۆپێرا ئەڵمانی

ڕیچارد ڤاگنەر (بەئەڵمانی: Wilhelm Richard Wagner، ٢٢ی مایسی ١٨١٣، لیپزیگ١٣ی شوباتی ١٨٨٣، ڤەنیسیا) مۆزیکدانەر و کۆندەکتەرێکی ئەڵمانی بوو کە زۆر بەناوبانگە بە ئۆپێراکانیەوە. (ڤیلھێلم ڕیچارد ڤاگنەر), ساڵی ١٨١٣ لە شاری (لایپتزیگ)لە ئەڵەمانیا لەدایکبوە، شەش مانگ دوای لەدایکبوونی باوکی دەمرێت, پاش ساڵێک دایکی شوودەکاتەوە بە ھاوڕێیەکی مێردەکەی خۆی کە ناوی (لودڤیگ گایەر) بوە و ئەکتەر و شانۆنووسبوە، پاشان دەچنە شاری (درێزدن). ھەر زوو (ڤاگنەر) بە بۆنەی (لودڤیگ) ەوە حەزی لە شانۆ دەبێت و ئەویش جارجار لە شانۆکانیدا ڕۆڵی پێدەبەخشێت, کاتێک (ڤاگنەر) دەگاتە تەمەنی ھەشت ساڵان (لودڤیگ) دەمرێت, پاشان لە لایەن برایەکی (لودڤیگ) ەوە پارەی خوێندنی مۆزیکیی بۆ دەدرێت. لە تەمەنی گەنجییدا زۆر سەرسامدەبێت بە مۆزیکەکانی (بێتھۆڤن) و وانەی (مۆزیکدانان) دەخوێنێت. پاشان لە تەمەنی بیست ساڵاندا یەکەم ئۆپێرای تەواوکراوی خۆی دەنووسێت بە ناوی (جنۆکەییەکان – Die feen)ەوە, کە تا پاش مردنیشی نمایش نەکرا. پاشان دەکرێتە بەڕێوەبەری مۆزیکیی خانەی ئۆپێرای شاری (ماگدیبورگ) کە لەم کاتانەدا ئۆپێرای (قەدەغەکردنی خۆشەویستیی- Das Liebesverbot) دەنووسێت. پاشان لە ساڵی ١٨٣٦دا ئەکتەرێک دەخوازێت کە ناوی (مینا پلانەر) بوە. پاشان ھەندێک ئۆپێرای تر دەنووسێت بە ناوەکانی (ھۆڵەندییە فڕیوەکە - Der fliegende Holländer), (ڕەینتزی - Rienzi), (تانھاوزەر - Tannhäuser). پاشان بە بۆنەی چالاکیی سیاسییەوە فەرمانی دەستگیرکردنی دەردەکرێت, ناچار خۆی دەربازدەکات و دەچێتە شاری پاریس. پاشان ئۆپێرای (لۆھێنگرین - Lohengrin) دەنووسێت و کار لەسەر نووسینی زنجیرەئۆپێرای (موستیلەکەی نیبێلونگەکان)دەکات، بەڵام تەواوی ناکات و دەستدەکات بە نووسینی ئۆپێرای (تریستان و ئیزۆلدە - Tristan und Isolde) دواتریش (گەورە گۆرانیبێژانی نورنبێرگ - Die Meistersinger von Nürnberg) دەنووسێت. لە ساڵی ١٨٦٢دا لە ژنەکەی جیادەبێتەوە. پاشان بۆ ماوەی دوو ساڵ لە شاری (میونیش) (پاشا لودڤیگی دوەمی باڤاریا) دەیگرێتە خۆی و زۆرھاوکارییشی دەکات، بەڵام پاشتر زۆریلێدەکرێت کە داوا لە (ڤاگنەر) بکات (میونیش) بەجێبھێڵێت. پاشان کچێکی دەبێت لە (کۆزیما) کە کچی مۆزیکدانەر و پیانۆژەنی بەناوبانگی ھەنگاریی (فڕانز لیست) و ژنی مایسترۆی بەناوبانگی ئەڵەمانیی (ھانس ڤان بیولۆ)بوو. کچەکەی ناوی (ئیزۆلدە) یە و پاشانیش کچێکی تر بە ناوی (ئێڤا)وە، پاشانیش کوڕێک بە ناوی (زیگفرید). ئەمە وا دەکات (کۆزیما) و (بیولۆ) جیاببنەوە و لە ساڵی ١٨٧٠دا (ڤاگنەر) (کۆزیما) دەخوازێت, کە ٢٤ ساڵ لە خۆی منداڵتر بوە. لە ساڵی ١٨٧٤دا زنجیرەئۆپێرای (موستیلەکەی نیبێلونگەکان) تەواودەکات. پاشانیش دواھەمین ئۆپێرای دەنووسێت بە ناوی (پارسیفال - Parsifal) و لە ساڵی ١٨٨٣دا دەمرێت.

ڕیچارد ڤاگنەر لە ١٨٧١دا