پەرەسەندنی ماسییەکان

پەرەسەندنی ماسییەکان (بە ئینگلیزی: Evolution of fish) نزیکەی ٥٣٠ میلیۆن ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکردووە لە سەردەمی تەقینەوەی کامبیری. ھەر لەو سەردەمەدا بوو پێکھاتەی کەلەسەر و بڕبڕەی پشت پەرەی سەند لە ئاژەڵەکان و بووەھۆی دەرکەوتنی یەکەمین جۆری بربڕەدارەکان. یەکەمین جۆری ماسییەکان دەگەڕێتەوە بۆ جۆری ماسییە بێشەویلگەکان.

سەرەتاترین جۆری بربڕەدارە شەویلگەدارەکان لە کۆتاییی سەردەمی ئۆردۆڤیکی گەشەیان کردووە و بۆ یەکەمین جار تۆماری پاشماوە و جێماوە بەردینەکانیان لە سەردەمی سیلۆری دۆزراوەتەوە، کە پێکدێت لە دوو کۆمەڵە ماسی، جۆری یەکەم: ماسییە قەڵخاندارەکان کە بە پلاکۆدێرم (Placoderm) ناسراون و لە جۆرە ماسیی ئۆستراکۆدێرم و ئەکانسۆدی پەرەیان سەندووە، لەگەڵ جۆری دووەم: ماسییە شەویلگەدارەکان کە ھەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆ لە ژیاندان و لە کۆتای سەردەمی جیۆلۆجی سیلۆری (ئەم سەردەمە جیۆلۆجییە بۆ ماوەی ٢٤٫٦ میلیۆن ساڵ بەردەوامی ھەبووە) دەرکەوتوون. ماسییە ئێسکدارەکان (Bony Fish) بۆ دوو کۆمەڵەی جیاواز پەرەیان سەندووە ئەوانیش ماسییە کەوانە ڕێکەکان (Actinopterygii) و ماسییە کەوانە لولدارەکان (Sarcopterygii).

لە سەردەمی دیڤۆنی، ڕێژەیەکی بەرچاو لە جۆراوجۆری ماسی گەشەی کردووە بەتایبەتی لە جۆرەکانی ئۆستراکۆدێرم، پلاکۆدێرم، ماسییە کەوانە لولدارەکان و قرشە سەرەتاییەکان. ھەر بۆیە ئەم چاخە بە سەردەمی ماسی ناسراوە. جۆرە ئاژەڵە چوار پێیەکان (Tetrapod) لە ماسییە کەوانە لولدارەکان (Lobe-Finned Fish)ەوە پەرەیان سەندووە.

بە درێژاییی مێژووی سروشت ماسییش وەک ھەموو ئاژەڵ و زیندەوەرەکانی دی بەشێوەیەکی بەرچاو ڕووداوەکانی قڕبوون کاری تێکردوون. سەرەتاترین ڕووداو، ڕووداوی قڕبوونی سەردەمی (ئۆردۆڤیکی- سیلۆری) بوو کە بووە ھۆی لەناوچوونی چەندەھا جۆری ماسی. لە کۆتایی سەردەمی دیڤۆنی و کۆتا ڕووداوی قڕبوونی دیڤۆنی بووە ھۆی لەناوچوونی جۆرەکانی (ئۆستراکۆدێرم Ostracoderm و پلاکۆدێرم Placoderm) و چەندەھا جۆری تر. قرشە دڕکاوییەکان (Spiny Sharks) لەناوچوونی لە ڕووداوی قڕبوونی (پێرمی- تراسیک) دا و ھەروەھا ڕووداوە قڕبوونەکانی وەک (تراسیک-جوراسیک، کرەیشس «گەچی» - بالیوجین و ھالۆسین) کاریگەرییان ھەبووە لەسەر ژمارە و جۆراوجۆری ماسییەکانی سەردەمی ئەمرۆ.

ماسییە شەویلگەدارەکان

دەستکاری

ئەگەرێکی زۆر ھەیە بربڕەی شەویلگە سەرچاوەکەی لە سەردەمی (سیلۆری) دا پەرەیسەندبێت و بۆ یەکەمین جار لە جۆرە ماسی (پلاکۆدێرم - Placoderm) دا دەرکەوتبێت و کە دواتر لە سەردەمی (دیڤۆنی) دا زیاتر جۆاروجۆری بەخۆیەوە بینیەوە.

وەک زۆربەی بربڕەدارەکان، شەویلگەکانی ماسی لە پێکھاتەی ئێسکی یان کرکڕاگەی پێکھاتوون و بەشێوەیەکی ئەستوونی دەجولێن کە لە دوو بەش پێھاتووە، شەویلگەی سەرو لەگەڵ شەویلگەی خواروو. شەویلگەکان لە بەشی پێشەوەی دوو ئێسکی کەوانەی پێکھاتوون کە کەوانە ڕیشەدارەکانی لەسەر بنیادنراوە و زۆرجار شەویلگەکان چەندین ددان ھەڵدەگرن.[١]

وا زانراوە کە سوودە گرنگەکانی شەویلگەکان ھەیانبووە پەیوەست نەبووە بە خۆراک و کردەی خواردنەوە بەڵکو پەیوەست بووە بە زیادکردنی چوستی و کارایی کرداری ھەناسەدان. شەویلگەکان لە کرداری ھەناسەدانی گۆنەیی دا بەکاردەھاتن بۆ پاڵنانی ئاو بەرەو کەوانە ڕیشوەدارەکانی ماسی یان پاڵنانی ھەوا بەرەو سییەکان لە ئاژەڵە خشۆکەکان خوێن ساردەکان دا. بە تێپەڕینی کاتی پەرەسەندن کارپێکردنە باو و ئاشناکەی شەویلگەکان ھەڵبژێردرا و باڵادەستبوو کە ئەویش کارپێکردنیەتی بەمەبەستی کرداری خواردن و ئەمە بە ئەرکێکی یەکجار گرنگ دادەنرێت لە ئاژەڵە بربڕەدارەکان دا. چەندین جۆری ماسییە ئێسکەدارە تەواوەکان بەشیوەیەکی بەرچاو ھەستاون بە گۆرین و باشترکردنی شەویلگەکانیان بەمەبەستی بەکارھێنانیان وەک کرداری ڕاکێشانی خۆراک و دەرپەڕینی شەویلگەکان کە لە ئەنجام دا بۆتە ھۆی ھاتنەکایەی شەویلگەی زۆر ئالۆز لەگەڵ چەندین ئێسکی پەیوەستدار بە کردارەکەوە.

بربڕەدارە شەویلگەدارەکان و ماسییە شەویلگەدارەکان لە سەرەتاترین ماسی بێ شەویلگەوە پەرەیانسەندووە.

ماسییە ئێسکدارەکان

دەستکاری

ماسییە ئێسکدارەکان (Osteichthyes) تایبەتمەند و ناسراون بە ھەبوونی ئێسکەپەیکەرێکی پێکھاتە ئێسکی لەجیاتی پێھاتەیەکی کرکڕاگەیی و لە کۆتایی سەردەمی جیۆلۆجی (سیلۆری) دا دەرکەوتون کە نزیکەی ٤١٩ میلیۆن ساڵ لەمەوبەر دەکات. دۆزینەوەی بە بەردبووی (شەویلگەی سەرەتایی تەواو - Entelognathus) پێشنیاردەکات کە ماسییە ئێسکەدارەکان (بە ئەگەرێکی زۆریش ماسییە کرکڕاگەییاکان) لە جۆرە ماسییە (پلاکۆدێرم)ەکانەوە پەرەیانسەندووە.[٢] یەکێک لە جۆرەکان ماسی ئێسکەدار بە ناوی (ماسییە کەوانە ڕێکەکان - Ray-Finned Fishes - Actinopterygii) بوونەتە کۆمەڵەیەکی باڵادەستی ماسییەکان لە سەردەمی (دوای پێلیۆزۆویک post-Paleozoic و جیھانی ھاوچەرخ) کە خاوەنی نزیکەی ٣٠ ھەزار جۆر ماسی زیندوون.

ھەروەھا کۆمەڵە ماسییە ئێسکەدارەکان و کرکڕاگەدارەکانیش لە دوای سەردەمەی (دیڤۆنی) سەریان ھەڵداوە کە بە بەرەوپێشچوونی بەردەوام ناسراون لە لایەنی خۆراک دۆزینەوە و توانای جوڵەدا.[٣]

کۆکراوە بەردینەکان

دەستکاری

ھەندێک ناوەندی گرنگی کۆکردنەوەی بەردینی ماسی:

  • کۆکراوەی ماسی بەردین، مۆزەخانەی مێژووی سروشتی، بەریتانیا.
  • کۆکراوە و شارەزایی، مۆزەخانەی مێژووی سروشتی، ئەڵمانیا.

ماسییە بەردینەکان، مۆزەخانەی مەیدانی، ویلایەتە یەکگرتووەکان.

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ Lecointre & Le Guyader 2007
  2. ^ Dawkins 2004, p. ٣٥٧.
  3. ^ Haines & Chambers 2005.