نەخۆشی سەلمۆنێلا نەخۆشییەکی باوی بەکتیریایە کە کار لە ڕیخۆڵەی مرۆڤ دەکات. بە شێویەکی گشتی، بەکتیریای سالمۆنێلا لە ناو ڕیخۆڵەی مرۆڤ و گیانلەبەرەکانی تر دەژی و لە کاتی پیسایی کردن لە جەستە دێتە دەرەوە. لە زۆربەی کاتدا خواردن یاخود ئاوی پیس دەبێتە ھۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکە. بە شێوەیەکی گشتی زۆربەی تووشبوان ھیچ نیشانەیەکی نەخۆشییەکە پیشان نادەن. نیشانەکانی نەخۆشییەکە کە ھەندێک لە تووشبوان پیشانی دەدەن بریتین لە سگ چوون، تا و ئێشی گەدە کە لە نێوان ٨ تا ٧٢ کاتژمێر دوای تووشبوون بە دیار دەکەون. کەسانی تەندرووست لە زۆر بەی حاڵەتەکاندا بە چەند ڕۆژێک و بە بێ چارەسەری پزیشکی چاک دەبنەوە. لە ھەندێک حاڵتدا، ئەو سگ چوونەی کە بەھۆی بەکتیریای سالمۆنێلا تووشی نەخۆش دەبێ، نەخۆشەکە ئەوەندە ھیشک دەکاتەوە کە دەبێ چارەسەری پزیشکیان بۆ بکرێ. ئەگەر نەخۆشییەکەش لە ڕیخۆڵە بۆ شوێنی تری جەستە بلاو ببێتەوە، ئەگەری ھەیە ئالۆزکاری مەترسیدار لەسەر ژیانی نەخۆشەکە دروست بکات. ئەگەری تووشبوون بە سالمۆنێلا زیاترە بۆ ئەو کەسانەی گەشت بۆ ئەو وڵاتانە دەکەن کە زۆر پاک و خاوێن نین.

نیشانەکان دەستکاری

لە زۆربەی کاتدا خواردنی گۆشتی خاو یا خود گۆشتی باش نەبرژاو، بەرھەمەکانی مریشک، ھێلکە و بەرھەمەکانی ھێلکە دەبێتە ھۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکە. ھەر وەک پێشتر باسمان کرد نیشانەکان لە نێوان چەند کاتژمێرێک تا چەند ڕۆژێک ئەگەری بە دەرکەوتنیان ھەیە. زۆربەی جۆرەکانی نەخۆشی سالمۆنێلا بە جۆرێک لە ئنفلەوەنزای گەدە پۆلێن دەکرێن. ئەو نیشانانەی کە ئەگەری بە دیار کەوتنیان ھەیە بریتین لە،

  • دڵ تێکەڵ ھاتن
  • ڕشانەوە
  • ئێشی گەدە
  • سگ چوون
  • تا
  • لەرز
  • سەر ئێشە
  • خوێن لەناو پیسایی

نیشانەکان بۆ ماوەی ٢ تا ٧ ڕۆژ بەردەوام دەبن، ھەر چەندە سگ چوونەکە ئەگەری ھەیە تا ١٠ ڕۆژ بەردەوام بێت، و لە وانەیە ئاسایی بوونەوەی کارەکانی ڕیخۆڵە چەند مانگێکی پێ بچێ. ھەندێک جۆری سالمۆنێلا دەبنە ھۆی تووشبوون بە تیفۆ، کە نەخۆشییەکی مەترسیدارە بە تایبەتی لە وڵاتە پێشکەوتوو خوازەکان، بۆ نموونە وڵاتە ئەفریقییەکان.

ھۆکارەکانی تووشبوون دەستکاری

بەکتیریای سالمۆنێلا لەناو ڕیخۆڵەی مرۆڤ، ئاژەڵ و باڵندە دەژی. زۆربەی کات خەڵک تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن بە خواردنی ئەو خواردنانەی کە بەر پیسایی کەوتوون. ئەو خواردنانەی کە ئەگریان ھەیە ببنە ھەڵگری بەکتیریاکە بریتین لە،

  • گۆشتی خاو، بەرھەمەکانی مریشک و خواردنی دەریایی. پیسایی بەر ئەو خواردنانە دەکەوێ لە کاتی بڕینیان لە لای قەسابەوە. خواردنە دەریایەکانیش دەبنە ھەڵگری بەکتیریاکە لە کاتی دەرھێنانیان لە نێو ئاوی پیس.
  • ھێلکەی خاو. ھەر چەندە وا دەزانین کە قەپێلکی ھێلکە دەبێتە بەرگرێک لە پیسایی، بەڵام ئەو مریشکانەی کە ھەڵگری بەکتیریاکەن و ھێلکە دەکەن نەخۆشییەکە دەدەنە ھێلکەکە پێش ئەوەی قەپەێلکەکە دروست ببێت. لە ھەمان کاتیشدا خەڵکانێکی زۆر ھەن ھێلکەی خاو لە کاتی چێشتلێناندا بە کار دەھێنن.
  • مێوە و سەوزە. ھەندێک لە بەرھەمە تازەکان (فرێش) بە تایبەتی ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات دەھێنرێن، ئەگەریان ھەیە بە ئاوێکی پیس بشۆردرێن و بەکتیریاکە پێیان وەبنوسێ. مێوە و سەوزە ئەگەری تووشبوونیان بە بەکتیریاکە ھەیە لە کاتی بەرکەوتنیان بە ئاوی گۆشت یان مریشک کە ھەڵگری بەکتیریاکەن لە کاتی چێشتلێنان.

بەڕێوبەرایەتی خواردن و دەرمانی ئەمریکی ئاماژە بەوەش دەکا کە ھەندێک حاڵەتی تەشەنەکردنی سالمۆنێلا بەھۆی ھەندێک جۆر لە بەھاراتە کە پیساییان پێ گەیشتوە، و ھەمان ڕێکخراویش کار لەسەر دییتنەوەی چەند ڕێگایەک دەکا بۆ پاک کردنەوەی ئەم بەرھەمانە. زۆر لەو خواردنانەش دەبنە ھەڵگری بەکتیریاکە کاتێ کەسێک دەستی خۆی لە پاش بەکارھێنانی ئاودەست بە باشی ناشوات. بە ھەمان شێوەش دەستکاری کردنی ئەو باڵندە و جانەوەرانەی کە ھەڵگری سالمۆنێلان و دواتر دەستدان لە دەم تووشی نەخۆشییەکەت دەکات.

ھۆکارەکانی مەترسی دەستکاری

بەرکەوتنێکی نزیک یا خود کێشەی تەندرووستی لە بەرگری جەستە ئەگەری تووشبوون زیاد دەکن.

  • ١- بەرکەوتنی درێژ خایەن

ئاستی نێودەوڵەتی. نەخۆشی سالمۆنێلا و جۆرەکانی کە دەبنە ھۆی تیفۆ لە وڵاتانی پێشکەوتوو خوازەکان و ئەو وڵاتانەی کە ئاستی پاک و خاوێنی تێیاندا کەمە باوترن بەخێو کردنی باڵندە و جانەوەر. ھەندێک لە ئاژەڵانی ناو ماڵ بە تایبەتی باڵندە و جانەوەر ئەگەری ھەڵگرتنی بەکتیریایەکەیان ھەیە.

  • ٢-کێشەی گەدە و ڕیخۆڵە

جەستەی مرۆڤ بەرگرییەکی سروشتی ھەیە دژی سالمۆنێلا. بۆ نموونە، ترشییەکانی ناو گەدە ھێزی کوشتنی زۆر جۆری سالمۆنێلایان ھەیە، بەڵام کێشەی تەندرووستی یا خود ھەندێک جۆر لە دەرمان کار لە بەرگری جەستە دەکن و بێ ھێزی دەکەن. نموونەکان بریتین لە: دژە ترشییەکان. ترشییەکانی ناو گەدە دەھێنە خوارەوە کە وا دەکا ژمارەیەکی زیاتر لە بەکتیریاکە بژی. ئیلتیھابی ڕیخۆڵە. ئەو نەخۆشییە کار لە دیوارەکانی ڕیخۆڵە دەکات و زیانیان پێ دەگەینی ئەمەش وا دەکا بەکتیریاکە بە ئاسانی بگاتە ناو ڕیخۆڵە. بەکار ھێنانی دژە زیندە. ژمارەی بەکتیریا باشەکان کەم دەکاتەوە کە لەوانییە ببێتە ھۆی لاواز بوونی بەرگری جەستە.

  • ٣- کێشەی بەرگری

ئەو کێشە تەندرووستیانە و ئەو دەرمانانەی کە ئەگەری تووشبوون زیاد دەکن بریتین لھ:

  • ئایدز
  • نەخۆشی سیکڵ سێل
  • مەلاریا
  • ئەو دەرمانانەی کە دەدرێنە نەخۆش دوای گواستەوەی ئەندام
  • دەرمانی کۆرتیزۆن

ئاڵۆزکارییەکان دەستکاری

زۆربەی کات سالمۆنێلا کوشندە نییە، بەڵام ھەندێک کەس بە تایبەتی منداڵی ساوا، منداڵ، بەتەمن، ئەوانەی گواستنەوەی ئەندامیان بۆ کراوە، ژنی دووگیان و ئەوانەی بەرگریان لاوازە ئەگەری پەیدا بوونی ئاڵۆزکاری مەترسی داریان زیاترە. ١- وشکبوونەوە ئەگەر توانای قەربوو کردنەوە ئەو ئاوەی کە بەھۆی سگ چوون لە دەستی دەدەی نەبێ، ئەگەری وشک بوونەوەت ھەیە، نیشانەکانی وشکبوونەوەش بریتین لھ:

  • کەمبوونەوەی میز
  • وشکبوونەوەی دەم و زمان
  • کەوتنی چاو
  • کەمبوونەوەی دروستبوونی فرمێسک

٢- چوونی بەکتیریاکە بۆ ناو خوێن ئەگەر سالمۆنێلا بگاتە ناو خوێن، کار لە شانەکانی ناو جەستە دەکات بۆ نموونە،

  • شانەکانی دەوروبەری مێشک و بڕبڕە
  • دیوارەکانی دڵ یا بۆرییەکان
  • ئێسک یان کۆلەکەی ئێسک
  • دیواری بۆرییەکانی خوێن بە تایبەتی ئەگەر شەبەکەی دڵت بۆ کرابێ

٣- ھەوکردنی جومگە

تووشبوان بە سالمۆنێلا ئەگەری تووشبوونیان بە ھەوکردنی جومگە زیاترھ (پێشی دەگۆترێ نەخۆشی ڕایتر). ھەوکردنی جومگە دەبێتە ھۆی:

  • ھەستەوەری چاو
  • ژان لە کاتی میز کردن
  • ئێش لە جومگەکان

خۆ پاراستن دەستکاری

پلانەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمریکی بۆ وەستان لە بەرامبەر بڵاو بوونەوەی سالمۆنێلا بریتین لە ئەنجامدانی پشکنین بۆ قەسابخانەکان و باشترکردنی سیستەمی پشکنینی گۆشت و بەرھەمەکانی مریشک. لە ھەمان کاتیشدا دەتوانی ببییە یارمەتی دەرێک بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بە پاک ڕاگرتنی ناندین لە کاتی چێشت لێناندا یا خود لە کاتی خزمەتکردنی مندال، کەسی بە تەمەن و ئەو کەسانەی کە کێشەی بەرگریان ھەیە. دلنیا بە لە دوای چێشتلێنان کە خواردنەکە باش برژاوە یا خود لەناو سەلاجە یان فرێزەر بووە پێش ئەوەی بیدەیت بە کەسێک

  • ١- دەست شۆردن

دەست شۆردنێکی باش دەبێتە ڕێگر لە بڵاوبوونەوەی سالمۆنێلا. دەستت بشۆ دوای،

  • چوون بۆ ئاودەست
  • گۆڕینی حەفازە
  • دەستکاری کردنی گۆشت یا خود مریشکی خاو
  • دوای خاوێنکردنەوەی پیسایی ئاژەڵی ناو ماڵ
  • دوای دەستکاریکردنی باڵندە یان جانەوەر
  • ٢- ھەڵگرتنی شت بە جیا

بۆ ڕێگری کردن لە گواستنەوەی نەخۆشییەکە، گۆشت، مریشک و خواردنە دەریایەکان لە خواردنی تر دوور ھەڵگرە. ئەگر بکرێ دوو تەختەی بڕینی جێواز لە ناندینەکەت بەکار بھێنھ- یەک بۆ گۆشت و یەک بۆ سەوزە و مێوە. خواردنی برژاو (ئامادەکراو) لەناو قاپی پیس ھەڵمەگرە.

  • ٣- دوورکەوە لە خواردنی ھێلکەی خاو

خەمیرە، ئایس کرێمی دروستکراو لە ماڵ و شیری ھێلکە ھێلکەی خاویان لە ناوە. ئەگەر بەکارت ھێنان، دڵنیا بە کە پاستێر کراون (تەعقیم کراون).

دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە دەستکاری

سالمۆنێلا دەستنیشان دەکرێ بە ئەنجام دانی پشکنین بۆ پیسایی. بەڵام لە زۆربەی جاران نەخۆشەکە پێش ئەوەی ئەنجامی پشکنینەکەی بێتەوە، لە نەخۆشییەکە چاک دەبێتەوە. ئەگەر پزیشکەکەت ھەست بکات کە نەخۆشییەکە چوویتە ناو خوێن، ئەو کات داوای ئەنجامدانی پشکنینی خوێنت لێ دەکات.

چارەسەر کردن دەستکاری

لەبەر ئەوەی سالمۆنێلا ئەگەری تووشبوون بە سگ چوون زیاد دەکات زۆربەی شێوازەکانی چارەسەرکردن بایەخ بە قەربوو کردنەوەی ئاو دەدەن. ھەندێک حاڵەتی مەترسیدار (ئاو زۆر لە لەشت ڕۆیشتبێ) خەستەخانکردن و موغەزی دانانی پێویستە، و لەگەڵ ئەوەش پزیشکەکەت لەوانەیە چەند دەرمانێکت بۆ بنووسی وەک: دژە سگ چوون: دەرمانی وەک ئایۆپیراماید دەدرێت بۆ ڕاگرتنی ژانی گدە، بەڵام ئگەری ھەیە سگ چوونەکە درێژبخایەنێت. دژە زیندە (ئەنتی بایۆتک): ئەگەر پزیشکەکەت ھەست بکات نەخۆشییەکە چویتە نێو خوێن یا خود کێشەی بەرگری جەستت ھەیە، ئەو کات پزیشکەکەت دەرمانی دژە زیندەت بۆ دەنووسێت. تێبینییەکی گرنگ: خواردنی دەرمانی دژە زیندە لە کاتی نا پێویست ئەگەری ھەیە ببێتە ھۆی درێژخایەندنی نەخۆشییەکە.

شێوازی ژیان و چارەسەری سرووشتی دەستکاری

ھەتا ئەگەر پێویستت بە چارەسەرکردنی پزیشکی نەبێ، پێویستە ئاگات لە خۆت بێت تووشی وشکبوونەوە نەبیت. کە ئاکامێکی باوی سگ چوون و ڕشانەوەیە. کەسانی پێگەیشتوو دەبێ ئاو زۆر بخۆنەوە و ئەگەر توانای ئاو خواردنەوەیان نەبێت، دەتوانن بەفر بمژن. بۆ منداڵ دەتوانی جۆرە چارەسەرکردنێک بەکار بێنی کە لە شلییەک پێکھاتوە بەڵام باشترە پەیوەندی بە پزیشک بکرێ پێش بەکارھێنانی.

ئامادەکاریکردن بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ پزیشک دەستکاری

ھەر وەک ئاماژەی پێکرا زۆربەی کەیسەکانی سالمۆنێلا پێویستیان بە دیتنی پزیشک نییە چونکە بە جەند ڕۆژێک لە جەستە دەروات. بەڵام ئەو کەیسانەی کە تووشبووان منداڵی ساوان، بە تەمەنن یا خود کێشەی تەندرووستیان ھەیە پێویستە پەیوەندی بە پزیشک بکەن؛ و ئەگەر نیشانەکانت بۆ چەند ڕۆژێک بەردەوام بوون و خوێنت لە ناو پیسایی بینی بە ھەمان شێوە پێویستە پەیوەندی بە پزیشک بکەی. ئەگەر چاوپێکەوتنت لە گەڵ پزیشک ھەبوو باشترە بەو شێوانەی خوارەوە ئامادەکاری بۆ بکەیت،

  • ئاگاداری دایتت (خواردنت) بە. زۆر جار پێش چاوپێکەوتنت لەگەڵ پزیشک لە وانییە ئاگادار بکرێیەوە کە ھەندێک خواردن نەخۆیت.
  • نیشانەکانت بنووسھ. تا ئەو نیشانەش کە پەیوەندیان بەھۆی دیتنی پزیشکەوە نییە.
  • زانیاری تایبەتی خۆت بنووسە. ئەو شتانەی کە سترێست دەکەن، گۆرانکارییە نوێیەکانی ژیانت یا خود گەشت کردنت بۆ دەرەوەی وڵات.
  • لیستێکی ئەو دەرمانانەی کە ئێستا دەیانخۆی بنووسە. ھەر چی دەرمانێک یان ڤیتامینێکی تێدا بێ.
  • ھاورێیەک یان خزمێک لەگەڵ خۆت ببە. لەوانەیە ئەو زانیاریانەی کە لە بیرت چووەتەوە بیانوسی یا بیڵێی ئەوان بیزانن.
  • ئەو پرسیارانەی کە دەتەوێ لە پزیشک بکەی بنووسەوە

ئامادەکردنی پرسیار پرۆسەی دیتنی پزیشک ئاسان دەکات. ھەندێک لەو پرسیارە باوانەی دەربارەی سالمۆنێلا کە دەتوانی بۆ پزیشکەکەت ئامادە بکەیت بریتین لە،

  • چییە ھۆی تووشبوونم؟
  • چی پشکنیێکم پێویستە؟
  • باشتریین کار ئێستا بیکەم چییە؟
  • جگە لەو چارەسەرانەی ئاماژت پێ کرد، چارەسەرکردنی تر ھەیە؟
  • کێشەی ترم ھەیە، چۆن ئاگام زیاتر لە خۆ بێت؟
  • ئایا ھیچ کارێک ھەیە پێویستە وازی لێ بھێنم یا خود پێویستە گۆرانکاری لە خواردنم بکەم؟
  • پێویستە پسپۆڕێک ببینم؟
  • لە جیاتی ئەو دەرمانەی بۆت نوسیوم دەرمانی تر ھەیە؟

قەت دوو دڵ مەبە لە پرسینی ھەر جۆرە پرسیارێکی تر

دەبێ چاوارێی چی لە پزیشکەکەت بکەی؟ دەستکاری

پزیشکەکەت پێویستە بزانێ:

  • کەی نەخۆشییەکەت (نیشانەکانت) دەستیان پێ کرد؟
  • ئایە ڕشانەوە و سگ چوونت زۆرە؟
  • ئایە ڕشانەوەت یا خود سگ چوونت زراو، بەڵغم یان خوێنی تێدایە؟
  • تات ھەیە؟
  • گەشتت بۆ دەرەوەی وڵات کردوە؟

لە کاتی چاوەڕوان کردن پێویستە چی بکەی؟ دەستکاری

تا ڕێگری لە وشکبوونەوە بکەی پێویستە ئاو زۆر بخۆیتەوە. تا ڕێگری لە وشکبوونەوەی منداڵەکەت بکەی پێویستە جۆرە شلەیەکی بدێیتێ کە پێی دەگوترێ پیدیاڵایت، بەڵام پێش ئەوەی بیدێیتێ پەیویستە پەیوەندی بە پزیشک بکەی.