مێژووی پۆڵەندا باسکردنە لە مێژووی وڵاتی پۆڵەندا و ئەو ڕوودا و و پێشھاتانەی لە سەدەکانی ڕابردوو لەم ناوچەیە ڕویداوە بەمەبەستی ئاشنا کردنی نەوەکانی ئێستا بە ڕابردووی ئەم وڵاتە لە ساڵی ١٠٢٥ خرۆبەری (Chrobry) وەک یەکەم پاشای وڵات، دەسەڵاتی پۆڵەندای گرتەدەست، زۆرینەی بەشەکانی پۆڵەندا لە ساڵی ١١٦٣ خرایە سەر ئیمپراتۆرییەتی پیرۆزی ڕۆمان، ساڵی ١٢٤١ ئەم وڵاتە ڕووبەڕووی دوژمنکارییەکی سەخت بووەوە کە ئەویش ھێرشی مەغۆلەکان بوو بۆسەر پۆڵەندا بە سەرکردایەتی باتۆخان، مەغۆلەکان میرنشینەکانی باشووریان خاپوورکرد. ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای ئەڵمانی - پۆڵەندی لەگەڵ مەغۆلەکان سوودی نەبوو لەشەڕی لیکنیتچادا، دوای ئەو کێشانەی کە پۆڵەندا تووشی بوو، لەسەدەی پانزەھەم ھەوڵی یەکخستنەوەی ئەم وڵاتە درا. ساڵی ١٤٤٧ پۆڵەندا لەگەڵ لیتوانیا یەکیگرت. پۆڵەندا سێجار دابەشکراوە، ئەویش لەساڵانی ١٧٧٢ و ١٧٩٣ و ١٧٩٥، دوای ئەوەی ناپلیۆن شکستی ھێنا دەوڵەتە سەرکەوتووەکانی جەنگ کە نەمسا، پرووسیا و ڕووسیا بوون لە ساڵی ١٨١٥ ڕێکەوتن لەسەر دابەشکردنی پۆڵەندا، بەم شێوەیە پۆڵەندییەکان بوونە قوربانی و بە بێ دەوڵەت مانەوە تا ساڵی ١٩١٦ شانشینی پۆڵەندا ڕاگەیەنرا. لە ساڵی ١٩١٨دا لە نێوان ساڵانی جەنگی جیھانیی یەکەم کۆماری پۆڵەندا ڕاگەیەندرا. ساڵانی دواتر پۆڵەندا ئەو زەوییانەی گێڕایەوە سەر خاکی خۆی کە لە دەستی دابوون، ئەو ماوەیەی کە کەوتە نێوان دوو جەنگی جیھانی یەکەم و دووەم، واتە لە نێوان ساڵانی ١٩١٩–١٩٣٩ وڵاتی پۆڵەندا تووشی بارودۆخی ناجێگیری سیاسی و ئابووری بوویەوە، لاوازی و بێھێزی پۆڵەندا وایکرد کە نەتوانێت ڕووبەڕووی مەترسی بەردەوامی ھەر دوو دەوڵەتی ئەڵمانی و سۆڤیەتی ببێتەوە، ھەر لەبەر ئەمەش ئەو ڕێکەوتننامەیەی کە لە نێوان ھێتلەر و ستالیندا واژۆکرا لە ساڵی ١٩٣٩ بەوەی کە کاری دوژمنکاری نەکەنە سەر یەکتری پۆڵەندا باجەکەی دا، چونکە جارێکی تر ئەم وڵاتە دابەش کرایەوە. بەو شێوەیە ئەڵمانیا جەنگی جیھانی دووەمی بەرپاکرد لە ئەیلولی ١٩٣٩دا، بەھۆی ئەوەی بەشێکی پۆڵەندای داگیرکرد، ھەروەھا ئەمە وایکرد کە ھێزەکانی سۆڤیەت لای خۆرھەڵاتی پۆڵەندا داگیر بکەن و لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا پێگەی لەسەر نەخشەدا نەھێڵن، بەڵام ئەڵمانیا بە خێرایی لە ساڵی ١٩٤١ جەنگی بەرامبەر یەکێتی سۆڤیەت ڕاگەیاند و توانی دەست بەسەر خۆرھەڵاتی پۆڵەندا دابگرێت کە ھێزەکانی سۆڤیەت پێشتر داگیریان کردبوو، بەڵام ھێزەکانی سۆڤیەت جارێکی تر توانیان کە ھێزەکانی ئەڵمانیا تێک بشکێنن و لە ساڵی ١٩٤٥دا دەست بەسەر پۆڵەندا بگرنەوە. لە ساڵی ١٩٩١دا وڵاتی پۆڵەندا لەگەڵ ھەنگاریا و چیکسلۆڤاکیا چوونە ناو بەرەی خۆرئاواوە و ھەمان ساڵ پۆڵەندا بوو بە ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا، لە ساڵی ١٩٩٩ش بوو بە ئەندام لە پەیمانی ئەتڵەسی باکووری (ناتۆ)، ھەروەھا لە ساڵی ٢٠٠٤دا بوو بە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا.[١]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "History of Poland - Wikipedia". en.wikipedia.org (بە ئینگلیزی). Retrieved 2021-05-08.