سەنتەری چارەسەری فریاگوزاری

نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی (Emergency Management Care) دەستکاری

نەخۆشخانەی سەنتەری چارەسەری فریاگوزاری(EMC) یەکێکە لە نەخۆشخانە گشتییەکان لە هەولێر. ئەم نەخۆشخانەیە بەڕادەیەکی زۆر پەیوەست کراوە بۆ ئەو نەخۆشانەی کە پێویستیان بە چارەسەرێکی دەستبەجێ هەیە. نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی لە ساڵی ١٩٩٨ی زایینی لە لایەن ڕێکخراوێکی ئیتاڵی دروست کراوە. لە ساڵی ٢٠٠٥ی زایینی ئەم نەخۆشخانەیە کەوتە ژێر ڕکێفی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان. سەنتەری چارەسەری فریاگوزاری نەخۆشخانەیەکی گەورەیە و لە یەک قات پێکدێت کە چەند باخچەیێکی بچووک لە خۆ دەگرێت.   

هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی تایبەت بووە بەو خەڵکانەی کە سووتاون یاخود بەرکەوتەی گوللە و چەکن.

نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی ١٠٠ قەرەوێلە و ٣ هۆبەی نەشتەرگەری و ٥ قاوش لە خۆ دەگرێت و نزیکەی ٢٦٥ کارمەند تێیدا کاردەکەن.

هەر قاوشێک تایبەتکراوە بە جۆرە نەخۆشییەکی دیاریکراو بە پێی ئەم خشتەیەی خوارەوە:

*قاوشی A: تایبەتکراوە بۆ ئەو نەخۆشانەی کە بارودۆخیان باشە و هیچ مەترسییەک نییە لەسەر ژیانیان و پێویستیان بەچاودێرییەکی چڕ نییە.

*قاوشی F: ئەم قاوشەش بە هەمان شێوە تایبەتکراوە بۆ ئەو نەخۆشانەی کە بارودۆخیان جێگیرە.

*قاوشی C: تایبەتکراوە بۆ ئافرەت و منداڵان.

*قاوشی ICU(چاودێری چڕ): تایبەتکراوە بۆ ئەو نەخۆشانەی کە بارودۆخیان جێگیر نییە و پێویستیان بە چاودێرییەکی توند هەیە. ئەم قاوشە چەند پلەیەکی تر لە خۆ دەگرێت وەک (sub ICU).

*قاوشی سووتان: تایبەتکراوە بۆ ئەو نەخۆشانەی کە سووتاون کە پێکدێن لە ٣٦ قەرەوێلە. ئەم قەرەوێلانەش بە شێوەیەکی دروست دابەش کراون بۆ سەر پیاو و ئافرەت و منداڵان.

بەش و ژوورەکانی نەخۆشخانە دەستکاری

بەشی فریاکەوتن: یەکێکە لە گرنگترین بەشەکانی ئەم نەخۆشخانەیە کە دەبێت بە شێوەیەکی دروست و خێرا چارەسەری نەخۆشەکان بکرێت بەر لەوەی ژیانیان بکەوێتە مەترسییەوە. پزیشکەکان ٢٤ کاتژمێر بە بەردەوامی لەم بەشەدا ئامادەن بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشەکان. هەموو ئەو پزیشکانەی بەشی فریاکەوتن کەسانی پسپۆڕ و شارەزان لە بواری خۆیاندا.

بەشی چارەسەری سروشتی: ئەم بەشەش بۆ ئەو کەسانە تەرخان کراوە کە پێویستیان بە چارەسەری سروشتییە.

بەشی ڕاوێژکاری: لە بەشی ڕاوێژکاریدا کۆمەڵێک دکتۆر هەن کە هەر یەکێکیان بە پێی پسپۆری بواری خۆی و لە چەندەها ژووری تایبەتدا بۆ بینین و چارەسەرکردنی نەخۆش ئامادەن. وەک دیارە کە ئەم نەخۆشخانەیە نەخۆشخانەیەکی فریاکەوتنە بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئەو کەسانەی کە ئازارێکی کەمیان هەیە یاخود هەر شتێکی تر دەتوانن سەردانی پزیشکانی بەشی ڕاوێژکاری بکەن.

ژووری نانخواردن: وەک هۆڵێکی گەورە وایە کە هەموو کارمەندانی نەخۆشخانە لەم ژوورەدا ژەمەکانی خۆیان دەخۆن.

بەشی شووشتن و ئوتی: ئەم بەشەش تەنها بۆ شووشتن و خاوێن کردن و ئوتی کردنی ئەو کەلوپەلانە بەکاردێت کە لە لایەن نەخۆشەکانەوە بەکارهاتوون.

بەشی تاقیگە: ئەم بەشە یەکێکە لە بەشە هەرە گرینگەکان لەبەر ئەوەی نەخۆش پێویست ناکات سەردانی تاقیگەیەکی تر بکات بۆ ئەنجامدانی پشکنینەکانی بەڵکو لە هەمان شوێن دەتوانێت پشکنینەکانی ئەنجام بدات. ئەمەش کارئاسانییەکی زۆر بۆ نەخۆش وپزیشکەکان کردووە. لەم بەشە ٣٠ بۆ ٤٠ جۆر پشکنین بەردەستن کە پێکدێن لە پشکنینی کیمیاوی و ڤایرۆس و چەندەها جۆری پشکنینی تر. تایبەتمەندییەکی تری ئەم بەشە ئەوەیە کە سی تی سکان(CT Scan) و تیشکی ئێسک(X-ray) بەردەستن و ئەنجامدەدرێن بۆ ئەو نەخۆشانەی کە پێویستیان بەم پشکنینانەیە. ئەم تایبەتمەندییەش بە هەمان شێوە کاتێکی زۆر بۆ پزیشک و نەخۆشەکان دەگەرێنێتەوە و ئەگەری دووچاری مەترسی لەسەر ژیانی نەخۆشەکە کەمتر دەکات لەبەر ئەوەی ئەنجامی پشکنینەکان زووتر دەگەن بە پزیشکەکان و بە کاتێکی کەمتر نەخۆشییەکان دیاری دەکرێن.

دەرمانخانە: بوونی دەرمانخانە لەم نەخۆشخانەیە تایبەتمەندییەکی ترە کە زۆربەی نەخۆشەکانی خۆشحاڵ کردووە لەبەر ئەوەی دەتوانن بە زووترین کات دەرمانەکانیان بە دەست بگات و ماندوو نابن لە گەڕان بە دوای دەرمانەکان لە شوێنێکی تر.

ژووری شۆفێرەکان: لەبەر ئەوەی ئەم نەخۆشخانەیە ئەمبولانسی تایبەت بە خۆی هەیە، ژوورێکی تایبەت بۆ شۆفێرەکان تەرخانکراوە بۆ ئەوەی لە کاتی ڕوودانی هەر بارودۆخێکی مەترسیدار، شۆفێرەکان بە زووترین کات ئامادە بن لە شوێنی دیاریکراو.

جگە لەم بەشانەی سەرەوە، چەند ژوورێکی تر لە نەخۆشخانەکەدا هەن وەکو: ژووری پرسگە، ژووری ژمێریاری، ژووری کارگێری و بەشی لێکۆڵینەوە.

کارمەندەکان دەستکاری

وەک لە سەرەوەش ئاماژەمان پێکردووە کە کارمەندەکانی ئەم نەخۆشخانەیە بریتین لە ٢٦٥ کارمەند کە پێکدێن لە:

پزیشک: بە شێوەیەکی گشتی پزیشکەکان ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە. ٣ پزیشکی پسپۆری نەشتەرگەری ئێسک و شکان و جومگە و بڕبڕەی پشت لە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی کار دەکەن.

-پزیشکی فریاکەوتن: پێکدێن لە ٧ پزیشک و هەریەکیان ڕۆڵێکی تایبەتیان هەیە کە پێویستە بە زووترین کات چارەسەرە سەرەتاییەکانی نەخۆشەکان ئەنجام بدەن و ژیانی نەخۆشەکان لە مەترسی ڕزگار بکەن. هەروەها هەریەکە لەم ٧ پزیشکە، پزیشکانی شارەزا و پسپۆرن لە نەشتەرگەری گشتی.

-پزیشکی نیشتەجێی خوولاو: زیاتر ڕۆڵی چاودێری کردنی نەخۆشەکان دەبینن بە بەردەوامی بۆ ئەوەی ئاگاداری هەر بارودۆخێکی نەخوازراو بن. بەڵام ڵەگەڵ ئەمەشدا هاوکاری پزیشکەکان دەکەن و کاریان ڵەگەڵ دەکەن.

پەرستار: ڕۆڵێکی گەورەی هەیە کە دەبێت چارەسەرە سەرەتاییەکان ئەنجام بدات و یارمەتی پزیشک بدات و کەلوپەلە پێویستەکان ئامادە بکات.

نۆرینگەی پزیشکی ئیمێرجنسی ئێواران دەستکاری

تایبەتمەندییەکی تری نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی ئەوەیە کە لە کاتی ئێواراندا نۆرینگەکان کراوەن بۆ ئەوەی هەریەک لە نەخۆشەکان سەردانی پزیشکەکان بکەن. چەندەها ژووری تایبەت ئامادەکراون بۆ پزیشکانی نۆرینگە و هەریەکێک لەم پزیشکانە پسپۆر وشارەزان لە بوارەکانی خۆیان وەکو بواری نەشتەرگەری گشتی، بواری نەشتەرگەری ئێسک و شکان و جومگەکان و بڕبڕەی پشت وچەندەها بواری تر.

ناونیشان دەستکاری

٦٠ مەتری نزیک وەزارەتی ئەوقاف.

سەرچاوەکان دەستکاری

هەموو ئەو زانیارییانە کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێ کراوە لە لایەن بەڕێوبەری کارگێری نەخۆشخانەی سەنتەری چارەسەری فریاگوزاری (کاک پشتیوان)ەوە هێنراون.