سدیق بلووکینی
سدیق بلووکینی : ( ١٩٢٧ - ١٩٦٢ ) مەلا و سیاسەتوان و خاوەنی ئیمتیاز و بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی کوردی - عەرەبیی حەفتانەی (ڕای گەل- رأي الأهالي)ی بوو
سەرەتای ژیان و خوێندنی
دەستکاریسدیق کوڕی عەلی کوڕی حەسەن کوڕی حسێنە، لە ساڵی ١٩٢٧ لە دێی (بلووکین)ی سەر بە ناوچەی (ئاغجەلەر)ی قەزای چەمچەماڵ ھاتووەتە دنیاوە . بە منداڵی چووەتە حوجرە، لای مەلا عەبدولعەزیزی شیلە خانی (عەبدولعەزیز کوڕی محەمەد گووروون) لە مزگەوتی حاجی قادری عەللاو و مزگەوتی عەبدولڕەزاق لە شاری کەرکووک خوێندوویە، ھەموو زانستێکی دینیی تەواوکردووە و ئیجازەی لێ وەرگرتووە. پاشان پێشنوێژ و مامۆستایەتیی لە مزگەوتی (سەججاد) کردووە. لە مزگەوتی حاجی قادر عەللاویش کە ھاوزەمان پەیمانگای ئیسلامی بووە، دەرسی وتووەتەوە.[١][٢]
ژیانی هاوسەرگیری
دەستکاریسدیق بلووکینی، لە ڕۆژی ٥/١١/١٩٤٧ ژنی ھێناوە و لە خاتوو "نازدارە کچی مەلا عەبدولعەزیزی محەمەد گووروون" منداڵەكانی بەناو ساڵی لەدایك بوونیان (ئاواز ١٩٤٩، کەنعان ١٩٥٣، دڵشاد ١٩٥٦، ئازاد ١٩٥٧، نەوزاد ١٩٦١، نەزەھات ١٩٦٣ ) .[١][٢]
چالاکیی سیاسی
دەستکاریدووکانی فرۆشتنی کەرەستە و ئامێری کارەباییی لەسەر جادەی مەجیدییە و جادەی ئەتڵەسیش ھەبووە، ڕۆژنامەی "ڕای گەل - رأي الأهالي"ی خۆیی لەمەی دوایییاندا فرۆشتووە. ھەر لە لاوی و ئاخرو ئۆخری ساڵانی سییەوە تێکەڵی سیاسەت بووە و بە ئەندامی (حیزبی ھیوا) وەرگیراوە. پاشان چووەتە ڕیزی (پارتی دیموکراتی کورد). ھێندە چالاک و ھەڵسووڕاو بووە، بووە بە بەرپرسی لیژنەی ناوچەی کەرکووکی پارتی. ١٩٥١ بەر لە سازدرانی دووەم کۆنگرەی پارتی، بووە بە لایەنگری باڵی ساڵح ڕوشدی دژی باڵی ھەمزە عەبدوڵڵای سکرتێری ئەوسای حیزب.[١][٢]
لایەنە سیاسییەکانی دیکەی عیراق
دەستکاریتێکەڵی لایەنە سیاسییەکانی دیکەی عیراق بووە، بە تایبەت حیزبی نیشتمانیی کامیل جادرچی، بەتایبەت بووەتە بەرپرسی لقی کەرکووکی ئەو حیزبە و خاوەنی ئیمتیاز و بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی کوردی - عەرەبیی حەفتانەی (ڕای گەل- رأي الأهالي)ی ئۆرگانی حیزبەکەیش کە لە کەرکووک دەرچووە .[١][٢]
كۆچی دوای
دەستکاریتاقمێک تورکمانی ناحەز ڕۆژی ١٧/٨/١٩٦٢ غافڵکوژیان کردووە. ئیدی منداڵەکانی لای باپیریان لە دایکەوە دەستی سۆزیان بەسەردا کێشراوە و گەورە کراون.[١][٢]
سەرچاوەکان
دەستکاری- ^ ئ ا ب پ ت ئەوەی زانراوە، یەکەم ژمارەی ڕۆژی ٦/٩/١٩٥٩ و ژمارە ٧١ی ٥/٩/١٩٦١ بڵاوبووەتەوە. مام جەلال، ھەندێ لە بیرەوەرییەکانم لەگەڵ مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدی نەمر، ڕۆژنامەی "کوردستانی نوێ"، سلێمانی، ژمارە ٢١٢٢، ١٧/٤/٢٠٠٠؛ مام جەلال، ھەمزەیی و ساڵحی لە پارتی دا، گۆڤاری "خاک"، سلێمانی، ژمارە ٢٠، ١٠/٢/١٩٩٩؛ زانیاریی ڕۆژانی ٨/٩ و ٥/١٠/٢٠١٦ ی بەڕێز نەوزاد سدیق بلووکینی سەبارەت بە ژیانی باوکی.
- ^ ئ ا ب پ ت گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ل 7958 - 7959 ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .