ساڵح قەفتان : (١٨٨٤-١٩٦٨) نووسەر و ئەفسەر

سەرەتای ژیان و خوێندنی دەستکاری

 
ساڵح قەفتان

ساڵح کوڕی عەبدولڕەحمان کوڕی مەحموود کوڕی ئەحمەد قەفتانچییە، ١٨٨٤ لە سلێمانی لەدایک‌بووە. مەکتەبی ڕوشدییەی عەسکەریی سلێمانی و ئەعدادیی عەسکەریی بەغدا و مەکتەبی حەربییەی ئەستەمووڵی تەواوکردووە و بووە بە ئەفسەر تا تەمووزی ١٩١٤، کە لەبەر نەخۆشیی دڵ کراوە بە مامۆستای ئەعدادیی موڵکیی سلێمانی. [١][٢]

جەمعییەتی کوردستان دەستکاری

١٩١٩-١٩٢٢ بازرگانیی بە تووتنەوە کردووە. ٧/٢١/١٩٢٢ بە ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبردنی (جەمعییەتی کوردستان) ھەڵبژێردراوە. لە دووەم حکوومەتی کوردستان‌دا، بووە بە موعەللیمی جوگرافیا و مێژووی مەکتەبی ئەعدادیی مەحموودی.[١][٢]

جەمعییەتی زانستی کوردان دەستکاری

سەرەتای حوکمی پاشایەتی، ٤/٩/١٩٢٣-٧/٩/١٩٢٥ مامۆستای قوتابخانەی کۆیە بووە. پاشتر کراوە بە بەڕێوەبەری مەکتەبی ئەووەڵ و ئەمجا فەیسەڵییە. ئەندامی ئەنجومەنی مەعاریفی لیوا بووە، کە نێوانی تشرینی یەکەم- تشرینی دووەمی ١٩٢٥ دامەزرێندراوە. ١٣/١٠/١٩٢٦ بە ئەندامێکی ھەیئەتی ئیدارەی (جەمعییەتی زانستی کوردان) ھەڵبژێردراوە. لە ١/٩/١٩٢٨-١/١٠/١٩٢٩ بووە بە بەڕێوەبەر و ئەوەبەدوا تا ١/١٠/١٩٣٠ بە مامۆستای قوتابخانەی ناوەندیی سلێمانی. دوایی براوەتە قوتابخانەی سەرەتایی تا ٨/٣/١٩٣٦ کە ئیتر خانەنشین‌کراوە. [١][٢]

ژیانی هاوسەرگیریی دەستکاری

ساڵح قەفتان، دوو ژنی ھێناوە: لە جەمیلە کاکەمین- فوئاد، سەڵاحەدین، فاتمە، مونیرە و لە صەبرییە ڕەفعەت- نازەنین، گوزیدە، بەھاری بووە.[١][٢]

كۆچی دوایی دەستکاری

ڕۆژی ٢٩/٨/١٩٦٨ بە خۆێن پژانی مێشک کۆچی دواییی کردووە.[١][٢]

بەرهەمەكانی دەستکاری

ساڵح قەفتان، بەرپرس (موحەڕڕیر)ی ڕۆژنامەی "زبان"ی شارەوانیی سلێمانی بووە لە (ژمارە ١، ١٢/٩/١٩٣٧)ەوە تا ٢٠-٢٧ ژمارەی ھەووەڵ. خاوەنی یەکەم گۆڤاری کوردیی "زانستی" ناوی شاری سلێمانی بووە، کە ھەر خۆی ٢٥/٢/ ١٩٣٨ تاقە ژمارەیەکی ٨ لاپەڕەییی لێ بڵاوکردووەتەوە.[١][٢]

نووسینی بڵاوکراوەی لە (زبان، ژین، ڕووناکی، گەلاوێژ)یشدا ھەیە.[١][٢]

ئەم لەچاپدراوانەیشی ھەن:[١][٢]

  1. بەراوردێکی تاریخی و ئەھەممییەتی زبان و دیارییێکی وریائی بۆ لاوانی کورد، چاپخانەی ژین- سلێمانی، ١٩٣٦،
  2. پەندی تاریخی، چاپخانەی نجاح- بغداد، ١٩٣٧،
  3. نەتەوەی کورد تورکمان نین، چاپخانەی کامەران- سلێمانی، ١٩٥٩،
  4. مێژووی نەتەوەی کورد لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ، چاپخانەی سلمان الأعظمي- بغداد، ١٩٦٩،
  5. گریگۆری پیترۆف، لە وڵاتی گوڵەزەنبەقی سپیدا، چاپخانەی سلمان الأعظمي- بغداد، ١٩٦٩ .

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .ل 8110-8111
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح ڕۆژنامەی "ژیان"، دووەم بەرگ (ژمارە ٨٢-٢٥٩)، ئامادەکردنی ڕەفیق ساڵح و سدیق ساڵح، سلێمانی، ٢٠٠٣، ل٤٣-٤٤.