ڕەمزی قەزاز

(لە رِەمزی قەزازەوە ڕەوانە کراوە)

رِەمزی قەزاز :(١٩١٧-١٩٧٣) نووسەر و چالاكوانی سیاسی

سەرەتای ژیان و خوێندنی دەستکاری

 
رەمزى قەزاز

ڕەمزی کوڕی محێدین و لە بنەماڵەی ناسراوی قەزازە، ١٩١٧ لە گەڕەکی (قەزازەکان)ی شاری سلێمانی لەدایکبووە. باوکی خۆیی نەدیوە، چونکە ئەفسەری سپای عوسمانی و بەشداری یەکەم جەنگی جیھانی بووە و نەگەڕاوەتەوە، لەبەر ئەوە دایکی و تۆفیق قەزازی خاڵی پەرەوەردەیان کردووە. قۆناغی سەرەتاییی لەوێ خوێندووە و ١٩٣٦ لە خانەی دێھاتیی مامۆستایانی بەغدا وەرگیراوە. کە تەواوی کردووە، بووە بە مامۆستا لە دێی (عەسکەر)ی ئەوسا سەر بە لیوای کەرکووک. [١][٢]

چالاكی سیاسی دەستکاری

لە ساڵانی چلەوە کەوتووەتە خولیای سیاسەت و حیزبایەتی و بووەتە ئەندامی حیزبی (ھیوا). حکوومەت لەو ماوەیەدا دەستگیری کردووە و دووری خستووەتەوە بۆ شاری (مونتەفیک) لە باشووری عیراق.[١][٢]

سینەمای سلێمانی دەستکاری

کە گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی، دەستی کردووە بە کاری ئازادی وەک بەڵێندەرێتی. سەروبەندی دووەم جەنگی جیھانی لەتەک ڕەفیق چالاک و گۆران لە بەشی کوردیی ڕادیۆی ڕۆژھەڵاتی نزیکی لە (یافا) کاری کردووە. ١٩٤٥ کە گەڕاوەتەوە بۆ وڵات، یەکەم مەکینەی سینەمای ھێناوەتە سلێمانی، فلیمی بیانیی پێ لێداوە.[١][٢]

پارتی دیموکراتی کوردستان دەستکاری

پاشان بووە بە ئەندامی (پارتی دیموکراتی کوردستان). ١٩٥٨ بە داوای حیزب بە ماڵەوە چووەتە بەغدا و کراوە بە بەرپرسی ڕێکخراوی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەر بە حیزب. بەرنامەی (باخچەی منداڵان)یشی لە ڕادیۆی کوردیی بەغدا پێشکەش کردووە. ١٩٦٦ دەزگای ئاسایشی حکوومەت گرتوویە و ماوەی نۆ مانگ بەندکراوە، بەبێ ئەوەی ھیچ نھێنییەک بدرکێنێ.[١][٢]

کە ئازادکراوە، ڕووی کردووەتە شاخ و پێوەندیی بە شۆڕشی ئەیلوولەوە کردووە. ئیدی خەریکی سەرپەرشتیی خوێندنی قوتابخانەکانی شۆڕش بووە لە ناوچەکانی سلێمانی و کەرکووک. پاش ڕاگەیاندنی بەیاننامەی ١١/٣/١٩٧٠، گەڕاوەتەوە بۆ شار و ١٩٧١ ماوەیەک سەرپەرشتیی ڕۆژنامەی (پاشکۆی گۆڤاری "برایەتی")ی کردووە، کە ژمارەی یەکەمی ٢٣/٤ و ژمارە ١٢ی ٢٩/٨ لە سلێمانی بڵاوبووەتەوە. پاشتر بە داوای مەکتەبی سیاسی براوەتەوە بۆ بەغدا و لە ڕاگەیاندنی حیزبدا کاری کردووە. [١][٢]

كۆچی دوایی دەستکاری

تا لە ئەیلوولی ١٩٧٣دا بە جەڵتەی مێشک لەوێ کۆچی دواییی کردووە. [١][٢]

ژیانی هاوسەرگیریی دەستکاری

ڕەمزی قەزاز، چوار کوڕ (نەوزاد، شێرزاد، فەرھاد، ئازاد) و دوو کچ (شەونم، شیرین)ی لە پاش خۆی بەجێھێشتووە.[١][٢]

بەرهەمەكانی دەستکاری

ئەندامی (یەکێتیی نووسەرانی کورد) بووە و وتار و نووسینی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ڕۆژگاری خۆیدا (گەلاوێژ، برایەتی) ھەیە. [١][٢]

ئەم بەرھەمە بڵاوکراوانەیشی ھەن:[١][٢]

  1. ڕاستی و ئازایی، چاپخانەی سلمان الأعظمي- بةغدا، ١٩٦٧.
  2. گورنەتەڵە، چاپخانەی سلمان الأعظمي- بةغدا، ١٩٦٧.
  3. داستانی دوو پاڵەوانەکە، چاپخانەی الجاحظ- بەغدا، ١٩٦٨.
  4. بزووتنەوەی سیاسی و ڕۆشنبیریی کورد، چاپخانەی ژین- سلێمانی، ١٩٧١.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ جمال بابان، أعلام كرد العراق، ص٣٠٧؛ لاپەڕەیەکی ژیاننامەکەی، ئامادەکراوی بەڕێز ئازادی کوڕی.
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ل 8077 - 8078 ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .