دەگمەنی[١] لە بواری کارگێڕیدا بە واتای دەگمەنی کاڵا و پێویستییەکان دێت کە داواکارییەکی زۆریشی لەسەرە لە ھەمان کاتدا. دەگمەنی ئاماژەیەکە بۆ خراپی ئاستی دارایی کەسێکیش بۆ کڕینی کاڵاکانی. پێچەوانەی دەگمەنی بریتییە لە زۆری. دەگمەنی بریتییە لە کەمی کاڵایەک یان شتومەکێک یان ماددەیەک بەرامبەر داواکارییە بێ سنوورەکانی سەریان.[٢] بیرۆکەی دەگمەنی کاڵاکان ئەوەیە کە ھەمیشە بای پێویست کاڵایەک دەستەبەر ناکرێت بۆ پێویستییەکانی مرۆڤ، تەنانەت ئەگەر مرۆڤایەتی بگاتە قۆناغێکی تەواو پێشکەوتووی تەکنەلۆژیاش. ھەر لەبەرئەوەشە دەگمەنی بریتییە لە قوربانیدان - دەستبەرداربوونی شتێک یان گۆڕینەوەی شتێک- بۆ دەستەبەرکردنی ئەو شتەی دەمانەوێت.

کاتێک دەگمەنی کاڵایەک لە ئارادایە، مرۆڤەکان دەکەونە ڕکابەری لەپێناو ئەو کاڵایە. ھەر لەبەر ئەوەشە نرخی ئەو کاڵایانە کە بەرز دەبێتەوە بەھۆی دەگمەنیان، دەکرێ باشتر بەش بکرێت، بەوپێیەی ئاستی کڕینی کەمتر دەبێتەوە.

نموونە دەستکاری

بۆ نموونە، ھەرچەندە ھەوا لە زێڕ گرینگترە بۆ ئێمەی مرۆڤ، زێڕ ھەر دەگمەنترە بۆ مرۆڤ بەوپێیەی ھەوا نرخی بەرھەمھێنانی سفرە. لە بەرامبەردا زێڕ نرخی بەرھەمھێنانی ھەیە، دەبێت بدۆزرێتەوە و ئامادە بکرێت بۆ فرۆشتن کە ئەمەش تێچوویەکی باشی دەوێت. بەدەر لەمانەش، دەگمەنی ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە مەحاڵە ھەموو ئامانجێکی کۆمەڵگا لە ھەمان کاتدا دەستەبەر بکرێت.

جۆرێکی دیکە لە دەگمەنی بەھۆی دیاردەیەکەوە دێتە ڕوودان، کە پێیدەگوترێ کڕین لە ترسی نەمان (panic buying)، بۆ نموونە لە کاتی گشتگیربوونی ڤایرۆسی کۆرۆنای ٢٠١٩–٢٠ لە ئەمریکا کلینکسی تەوالێت ھەر بەزوویی لە بازاڕەکانی وڵاتەکەدا نەما و بووە کاڵایەکی دەگمەن و نرخیشی بەرز بوویەوە. لە ھەرێمی کوردستانیشدا، دەمامکی خۆپارێزی بە ھەموو جۆرەکانییەوە نرخی بەرز بوویەوە، بە جۆرێک کە کاتێک ھاوردەش دەکرا نرخی دەمامک لە ٥٠ سەنتەوە کرابووە ٧ دۆلار و لە سەرجەم دەرمانخانەکانیش بە نرخێکی گرانتر لە جاران دەفرۆشرایەوە.[٣]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ فەرھەنگسازی, لێژنەی (2012). زاراوەکانی کارگیڕی. ھەولێر: ئەکادیمیای کوردی. pp. ٢٦٢.
  2. ^ "Scarcity". Investopedia. Retrieved 2017-11-20.
  3. ^ "بەرزبوونەوەی نرخی دەمامک لە شارەکانی ھەرێم". ئانادۆڵو. 25/2/2020. Retrieved 25/10/2020. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |date= (help)CS1 maint: url-status (link)