نیوزیلاند یان نیوزلەندا (بە ئینگلیزی: New Zealand) وڵاتێکە لە ئۆقیانووسیا و لە چەند دوورگە پێکھاتووە. پایتەختەکەی ویلینگتۆنە. ئەم وڵاتە پێکھاتوە لە دو دورگەی گەورەو و چەندین دورگەی بچووک و ھەروەھا چەندین ناوچەی ئۆتۆنۆم لەوانە:نیو دورگەکانی کۆک، نیو کاڵدۆنیا مەودایەکی زۆر لە نێوان نیوزلاند و وشکانییەکانی دیکەی گۆی زەوی ھەیە، دو ھەزار کیلۆمەتر لە نێوان ئەم وڵاتە و نزیکترین دراوسێی کە وڵاتی ئوستورالیایە مەودا ھەیە، دەریای تاسمان دەکەوێتە نێوانیان. دوای ئوستورالیا نزیکترین دراوسێکانی لە باکوورەوە دورگەکانی تونگا و فیجی و پۆلۆنێزییەکانن.

زۆرینەی دانیشتووانی نیوزلاند کۆچبەرە ئەوروپییەکانن بە تایبەتی بەریتانی و ئیرلەندی. گرنگترین کەمەنەتەوەی ڕەنگین پێست مائورییەکانن کە دانیشتووی ڕەسەنی ئەو وڵاتەن و بە ھەزاران ساڵە لەوێ ژیاون. کەمەنەتەوەی دیکە ئاسیایی و پۆلۆنێزییەکانن کە زۆرتر لە شارەگەورەکان نیشتەجێن. ٧٢٪ی دانیشتووانی نیوزلاند نیشتەجێی ١٦ شاری ئەم وڵاتەن. نیوەی ئەم ڕێژەیە لە چوارشاری سەرەکی:ئوکلاند، ولینگتۆن، ھامیلتۆن وچراست چێرچ دەژین.

لە ساڵی ١٦٤٩دا دەریاوان «ئابڵ جانسۆن تاسمان» یەکەم ئەوروپی بو کە پێی نایە کەنارەکانی نیوزلاند. بەھۆی کۆژرانی چەندین مەلەوانی پاپۆرەکەی جانسۆن بە دەستی مائورییەکان بۆ ماوەیەکی زۆر چیدی ئەوروپییەکان بەم دورگەدا نەھاتنەوە ١٢٠ ساڵ پاش ھاتنی دەریاوان جانسۆن لە ساڵی ١٧٦٩ دەریاوانی بەریتانی «جەیمز کۆک» ڕێی کەوتە ئەم دورگەیە و لەم ڕێکەوتە بەدواوە پێوەندی ئەوروپی و مائورییەکان دەستی پێکرد. لە سەدەی نۆزدە کۆچکردنی ئەوروپییەکان بۆ نیوزلاند دەستی پێکرد. ئەمانە زۆرتر گروپ گەلێکی ئاینی بوون کە لە سکۆتلاند و بەریتانیاوە ھاتبون. بەپێی ڕێکەوتنی حکوومەتی بەریتانیا و مائورییەکان لە ساڵی ١٨٤٠ ئەم وڵاتە بوە بەشێک لە ئیمپراتوَرییەتی بەریتانیا. لە ساڵی ١٨٥٦ یەکەم حکوومەتی ئۆتۆنۆم لەم وڵاتەدا پێکھات و لە ساڵی ١٨٧٦ دەسەڵاتی ناوەندی دەستی بە سەرانسەری ئەم وڵاتەداگرت. نیوزلاند لە ساڵی ١٩٠٧ سەربەخۆیی ڕاگەیاند بەڵام پۆستی ڕەمزی سەرۆکی حکوومەتی بۆ شاژنی بەریتانیا ھێشتەوە. جێگری شاژن لەو وڵاتە سەرفەرمانداری گشتییە کە بە پێشنیاری سەرۆک وەزیر و بە دەنگی پەرلەمان ھەڵدەبژێردرێ