مەل، باڵندە یان پەلەوەر (بە ئینگلیزی: Bird) گیانلەبەرێکە لە لقی مازەداران، کە لەشی بە پەڕ داپۆشراوە. مەلەکان لەسەر دوو لاق دەڕۆن و ھێلکە دەکەن، و زۆربەیان دەتوانن بفڕن.

نزیک بە ١٠٬٠٠٠ جۆر مەل لە جیھاندا ھەن. ئەم گیانلەبەرانە پڕجۆرترین مازەدارانی چوارئەندامین کە لە جەمسەری باکوورەوە بگرە تا جەمسەری باشوور لە ھەموو شوێنێکدا دەبینرێن. بچووکترین پەلەوەری ئەم سەردەمە چۆلەکەمێشەیە کە ٥سم دەبێ و گەورەترینیان وشترمرخە بە ٢٬٧٥ مەتر درێژی. دیرێن ناسان لەو باوڕەدان کە پەلەوەران تەنیا کلادی دایناسۆرەکانن کە لە قەڵاجۆی خولی سێھەمی کرتاسە لە ٦٥٬٥ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، ڕزگار بوون و بەجێ ماون.

دڵی پەلەوەران چوار کەلێنی ھەیە و شاخوێنبەریان بەلای ڕاستداچەماوەتەوە. ئێسکەکانی سەریان پێکەوە لکاوە. لەم مازەدارانەدا ٩ کیسەھەوا بە سییەکانیانەوە لکاوە. ئێسکیان ھڵۆڵە تا سووک بێ. چاویان گەورەیە و ھەستی بیناییان زۆر بەھێزە.

ئەمڕۆکە پەلەوەران بەوە دەناسرێن کە: دەنووکیان ھەیە، لەشیان بە پەڕ داپۆشراوە، ددانیان نییە، ھێلکەی توێکڵدار دەکەن، میتابوولیزمی بەرز، دڵی چوارکەلێنی، ئێسکبەندی سووک و پتەویان ھەیە. پەلەوەرانی ئەم سەردەمە ھەموو جووتێک باڵیان ھەیە، بێجگە «موئا» لە نیوزیلاند کە قەڵاچۆ بووە. ژمارەیەکی کەم لە جۆرەکانی پەلەوەران ناتوانن بفڕن وەک(پێنگوین). قەلان و تووتیان وریاترین جۆری پەلەوەرانن. ھەندێ پەلەوەر ئامێر چێ دەکەن، ھەندێکیان ژیانی کۆمەڵایەتییان ھەیە و ئەزموونەکانی خۆیان دەخەنە بەردەست بەرەکانی داھاتوو.