حەسەن حەمە مارف : (١٩٢٠ - ١٩٩٧ ) نووسەر و وەرگێڕ

پێشینەی خێزانیان

دەستکاری

حەسەن کوڕی شێخ مەعرووف کوڕی شێخ حەسەن و لە نەوەی شێخ مستەفای خەرقەڕەشە کە دەچێتەوە سەر پیرخدری شاھۆ. باوکی، بە شێخ حەمەمارفی مەڵکەندی یا گورگەدەری ناسراو و ساڵانی سی شێخی ئیرشاد بووە، بەتایبەت لە ناوچەی مەریوان و ناوچەکانی دەوروبەری و دەروێشی زۆر بووە. دایکیشی، ئامینەخانی کچی شێخ محەمەدی بە (شێخی زەلان) ناوداری کوڕی شێخ ئیسماعیلە و دەچێتەوە سەر شێخ عەلییە کۆستەی دۆڵپەموو کوڕی شێخ محەمەدی نۆدێ.[١][٢]

سەرەتای ژیان و خوێندنی

دەستکاری
 
حەسەن حەمە مارف

بەھاری ١٩٢٠ لە گەڕەکی (مەڵکەندی)ی شاری سلێمانی لەدایک‌بووە. قۆناغی سەرەتاییی لە قوتابخانەی فەیسەڵییە تەواوکردووە و لە پۆلی سێیەمی ناوەندی‌دا لەبەر نەخۆشی دەرنەچووە، چووەتە خولی وەکیل‌موعەللیمی لە بەغدا و بە چەند حەفتەیەک بڕیویە و دامەزراوە بە مامۆستای قوتابخانەی سەرەتاییی بەرزنجە. پۆلی پێنجەمی سەرەتایی، بە ھیممەتی ئەو لەوێ کراوەتەوە. ئەمجا گواستراوەتەوە بۆ دێی (مۆریاس)ی ھەمان ناوچە، کە تازە قوتابخانەی تێدا دانراوە. لەبەر خزمەتی زۆری، ساڵی دوایی نێردراوە بۆ قوتابخانەی ماوەت. ئەویش دەستی لە مامۆستایی ھەڵگرتووە و چووەتە دواناوەندیی عەسکەری لە بەغدا. ساڵی دووەمی خوێندنی، لەبەر مردنی باوکی و نەخۆش‌کەوتنی خۆی، دەست‌بەرداری خوێندن بووە و گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی.[١][٢]

دائیرەی پێوەندییەکانی بریتانیا

دەستکاری

پێشتر و لە ١٩٣٥دا لە (قوتابخانەی زانستی) دەرسی وتووەتەوە و بەشداریی لە چالاکییەکانی ئەو کۆمەڵەیەدا کردووە. مەرگی باوکی ھێندە کاری تێ‌کردووە، پاش چەند مانگێک و ئەیلوولی ١٩٤٢ لە سلێمانی دوورکەوتووەتەوە. ١٢ی ئەو مانگە، بە ھیممەتی تۆفیق وەھبی‌بەگ، کراوە بە وەرگێڕی عەرەبی بۆ کوردی لە دائیرەی پێوەندییەکانی بریتانیا (دائرة العلاقات البريطانية).[١][٢]

گۆڤاری "دەنگی گێتیی تازە"

دەستکاری

ئەو ماوەیە ھاوکاریی تۆفیق وەھبیی کردووە لە دەرکردنی (بڵاوکراوەی ناوبەناو)ی کوردی‌دا (النشرة الكردية)، کە فەرھەنگی وشەی کوردی بووە و جاروباریش وتاری سەبارەت بە شەڕی تێدا بڵاوکراوەتەوە. پاشان بەشداریی دەرکردنی گۆڤاری "دەنگی گێتیی تازە"ی کردووە بە وەرگێڕانی بابەتی ھەمەجۆری زانستی و مێژوویی و جەنگی و ئەدەبی. سێ ساڵ و دوو مانگ و یازدە ڕۆژ لەو دائیرەیە کاری‌کردووە.[١][٢]

گۆڤاری"پێشکەوتن- التقدم"

دەستکاری

لە ١٩٤٣یش‌دا کراوە بە بێژەر و وەرگێڕ لە بەشی کوردیی ڕادیۆی بەغدا و ئێواران تا ساڵی ١٩٥٩ لێی ماوەتەوە. لە ئەیلوولی ١٩٤٢یشەوە لە دائیرەی ئینحیساری توتنی بەغدا دامەزراوە و بە ڕۆژ دەوامی لێ‌کردووە. سەرپەرشتی نووسین و لەچاپدانی گۆڤاری "پێشکەوتن- التقدم"یش بووە کە محەمەد بریفکانی ساڵانی ١٩٥٨-١٩٦٣ لە بەغدا دەری‌کردووە. پاشان لە ئەیلوولی ١٩٥٩دا وەزیفەکەیی گواستووەتەوە بۆ ئینحیساری تووتنی سلێمانی.[١][٢]

ژیانی هاوسەرگیریی

دەستکاری

شێخ حەسەن، ساڵی ١٩٤٦ ژنی ھێناوە.[١][٢]

دائیرەی ئینحیساری تووتن

دەستکاری

چونکە نەیتوانیوە لەبەر جیاوازیی بیروباوەڕ درێژە بە کاری ناو ڕادیۆی کوردی بدا. لەوێ، بووە بە تێبینەر (ملاحظ) لە بەشی سکاڵا (دعاوي)دا و وەک کاتب و لەگەڵ لیژنە نێردراوە بۆ پشکنینی تووتنی ناوچەی وەک پێنجوێن و چوارتا. تێکڕا ٢٧,٥ ساڵ کارمەندی دائیرەی ئینحیساری تووتن بووە. ساڵی ١٩٧٣ خانەنشین بووە. لە ١٩٧٦-٣١/١٢/١٩٨١دا دووبارە چووەتەوە سەر وەزیفە لە دائیرەی (ئيسڵاحى زەراعى) و ١٩٧٩ نێردراوە بۆ دائیرەی ئاودێری، لە ٣١/١٢/١٩٨١دا خانەنشین‌کراوەتەوە.[١][٢]

كۆچی دوایی

دەستکاری

ساڵی ١٩٩٧ کۆچی دواییی کردووە.[١][٢]

نووسین و شعیرەكانی

دەستکاری

لە پۆلی سێیەمی سەرەتایییەوە تا پۆلی شەشەم شیعری نووسیوە و ئیتر وازی لێ‌ھێناوە. وەرگێڕ و وتارنووسێکی "دەنگی گێتیی تازە" بووە، نووسینی لە (گەلاوێژ، دەنگی گێتیی تازە، پێشکەتن- التقدم، ڕۆژی نوێ، کاروان)یش‌دا بڵاوە .[١][٢]

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ   دەفتەری (١٥٥) لاپەڕەی پێوانە (٢٠,٥×٢٩,٧ سم)ی بیرەوەرییەکانی شێخ حەسەنی شێخ حەمەمارف بە دەستخەتی خۆی؛ کەمال ڕەئووف محەممەد، مێژووی ڕادیۆی کوردیی بەغدا ١٩٣٩-١٩٥٨، بەرگی یێکھەم/ بەرگی یێکھەم/ جزمی یێکھەم؛ جزمی سێھەم، ل١١٤-١٣٠، ل٦١٨-٦١٩ (ھەولێر، ٢٠١٤). بەڕێز فریا حەسەن حەمەمارفی کوڕی ئەو بیرەوەرییانەی خستە بەردەست.
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ل 8051 - 8053 ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .