جەمال خەفاف : ( ١٩١٧ - ١٩٥٢) بازرگان و نووسەر و شاعیر

پێشینەی خێزانیان دەستکاری

حاجی ئیبراھیم‌ئاغای کوڕی حاجی حەمەسەعیدئاغای خەفاف، کە دەوڵەمەندێکی سلێمانی و سەرقاڵی بازرگانی و ١٩٢٢ ئەندامی مەجلیسی لیوای سلێمانی بووە و شوباتی ١٩٥٩ کۆچی‌دواییی کردووە، چوار کوڕ (جەمال ئاغا، حەمەسەعید ئاغا، کەمال‌ئاغا، دکتۆر نەجیب) و کچێک (عیسمەت‌خان)ی ھاوسەری دکتۆر ئیبراھیم حیلمی فەتاحی بووە.[١][٢]

سەرەتای ژیان و خوێندنی دەستکاری

 
جەمال حاجی برایم ئاغای خەفاف

جەمالی کوڕی حاجی ئیبراھیم‌ئاغا، ١٩١٧ لە سلێمانی ھاتووەتە دنیاوە. خراوەتە بەر خوێندن و تا پۆلی دووەمی ناوەندیی تەواوکردووە و دەستی لێ‌ھەڵگرتووە، ھاتووەتە سەر کار و کاسبیی ناوبازاڕ. کەوتووەتە بەڵێندەرێتی و -لەوانە- بنکەی ئێشکگرتنی پۆلیسی ئەزمڕی دروست‌کردووە. کشتوکاڵیشی لە زەوی‌وزاری شارەزووری ئەوڕەحمان‌ئاغای ئەحمەدپاشای خەزووری‌دا کردووە. ماوەیەکی کورتیش لە (شەریکەی شیمال) بۆ گواستنەوە کە لە سلێمانی دامەزراوە، کاری‌کردووە. دواین کاری لە سلێمانی، لەسەر ئاشی مەکینەی ئارد بووە، کە نیوەی ھیی باوکی بووە لە جێی (خانەسووتاو)ی ناوشار. ئەوجا لە ١٩٤٨دا چووەتە بەغدا بۆ کاری بازرگانیی کاڵای وەک تووتن. لەوێ خانی ھەبووە لە (سوق الصفافير).[١][٢]

ژیانی هاوسەرگیریی دەستکاری

 
١. جەمال حاجی برایم‌ئاغای خەفف، ٢. نەورۆزی کوڕی ، سەرچاوە : ئەرشیفی دیجیتاڵی و ئەسڵیی بنکەی ژین

جەمال خەفاف، ڕۆژی ٣/٣/١٩٣٧ لەگەڵ خاتوو شەفیقە کچی عەبدولڕەحمان‌ئاغای ئەحمەدپاشا خێزانی پێک‌ھێناوە، دوو کوڕ (بەھرۆز و نەورۆز) و سێ کچ (پەری، فائیقە، پەخشان)ی لێ‌بووە. ھەرچەندە بە لاوی سەریی‌ناوەتەوە، کوردێکی سەرڕاستی کوردپەروەر و ئەندامی حیزبی (ھیوا) و دەوڵەمەندێکی خێرخوازیش بووە، عەرەبی و ئینگلیزیشی زانیون.[١][٢]

كۆچی دوایی دەستکاری

دواجار نەخۆش‌کەوتووە و دوچاری (شێرپەنجەی سی) بووە، سەری لە لوبنان داوە بۆ چارەسەر و گومانی نەخۆشیی سیلی لێ‌کراوە، بۆیە ماوەیەک لە خانەیەکی حەوانەوەدا ھێڵراوەتەوە و ئەنجامی نەبووە. پاشان لەگەڵ حەمەسەعیدی برای ڕووی‌کردووەتە شاری لەندەن بۆ ھەمان مەبەست، لەوێ نەخۆشییەکەی دەست‌نیشان‌کراوە کە شێرپەنجەیە. پتر لە دوو ساڵ بەو دەردەوە ناڵاندوویە و ئازاری کێشاوە، تا لە ڕۆژی ٢٢/١٢/١٩٥٢دا لە بەغدا کۆچی‌دواییی کردووە. تەرمەکەی ھێنراوەتەوە بۆ سلێمانی و لە (گردی شەھیدان) نێژراوە.[١][٢]

بەرهەمەكانی دەستکاری

ئەو ماوەیە کە لە بەغدا ژیاوە، لە لایەکەوە بیروەوەریی ڕۆژانەی ساڵانی ١٩٤٨-١٩٤٩ی خۆی نووسیوە، لە لایەکی‌ترەوە دۆستایەتیی لەگەڵ شاعیرانی عەرەبی وەک بەدر شاکر سەییاب و خالید شەوواف ھەبووە، ئارەزووی وێنەگرتن، تەماشاکردنی فلیمی سینەما، پوول‌کۆکردنەوە و وێنەکێشانیشی کردووە. جەمال خەفاف، نووسینی لە (گەلاوێژ، نزار)دا بڵاوبووەتەوە و دەستی شیعرنووسینیشی ھەبووە. بەرھەمێکیی بە نامیلکە بەچاپ گەیاندووە :

  • دڵدارانی ڤینیسیا، چاپخانەی ژیان- سلێمانی، ١٩٤٢ .[١][٢]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ ئ ا ب پ ت   سەرچاوە: ژیاننامەیەکی دەستخەت و ئامادەکراوی بەڕێز محەمەدسەعید خەفافی برای و ھێندێ زانیاریی دیکەی وەرگیراو لە بەڕێز نەورۆز خەفافی کوڕی.
  2. ^ ئ ا ب پ ت گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ل 8042 - 8043 ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .