بەکارھێنەر:Épine/پڕۆژەی قوتابخانە - کۆتایی گەردوون

کۆتایی ھاتنی گەردوون
وێنەیەکی ناسا کە لە کەشتییە ئاسمانییەکەیانەوە گرتوویانە

پێشەکی: گەردوونە فراوانەکەی ئێمە پێکھاتووە لە ملیارەھا ئەستێرە، ھەسارە، ھەسارۆکە و گەلەئەستێرە و زۆر لەوە گەورەترە کە بتوانین ھەمووی ببینین، تەنانەت لە سەرەتای درووستبوونی زانستی گەردوونناسی و ناردنە دەرەوەی مانگە دەستکردەکان بۆ دەرەوەی زەوی ئێمە تەنھا بەشێکی زۆر کەم و بچووکی گەردوونمان بینیوە و ھەتاکو ئێستا نەمانتوانیوە ھیچ ژیانێکی تر لەو ناوچانەی کە گەڕاوین بە ناویاندا بەھۆی ڕۆبۆت و مانگە دەستکردەکانەوە بدۆزینەوە، بەڵام ئەم گەردوونە بێ سنوور و گەورەیەش کۆتاییەکی ھەیە. نەک ھەر زەوی و کۆمەڵەی خۆری ئێمە و گەلەئەستێرەی «ڕێگەی شیری» بەڵکو ھەموو شتێک کە لەناو گەردووندا ھەیە کۆتاییان پێ دێت و نامێنن. چەند بیردۆزەیەکی زانستی ئاڵۆز و قووڵ لەسەر ئەم ڕاستییە دەکۆڵنە و ھەر یەکەو بە شێوازێک لێکی دەداتەوە، بەڵام ھەر ھەموویان ھاوبەشن لە یەک شتدا: ڕۆژێک دێت گەردوون ھیچ ژیانێکی تێدا نامێنێت. با ئەو بیردۆزانەی کە باس لەم ڕاستییە دەکەن بە کورتی بناسین و باسیان بکەین:

  1. ھەڵوەشانە گەورەکە: (بە ئینگلیزی: The Big Rip) ئەمە یەکێکە لەو بیردۆزانەی کە پشت بە «ھێزی تاریک – Dark Energy» و گەورەبوون و کشانە بێ کۆتایی و بەردەوامەکەی گەردوون دەبەستێت بۆ پشتڕاستکردنەوەی خۆی، وای دادەنێت بەھۆی ئەوەی کە گەردوون بەردەوام بێ کۆتایی لە فراواندایە، گەلەئەستێرەکان، ھەسارەکان، ئەستێرەکان و ماددەکان (دواتر ھەموو ئەو ئەتۆمانەشی کە ماددەیان پێکھێناوە) چیتر لەتوانایاندا نامێنێت کە خۆیان پێکەوە بگرن، بۆیە ھەڵدەوەشێن. ئەم بیردۆزەیە دەڵێت کە ئەگەر چڕییەکەی گەردوون کەمتربێت لە چڕی گرنگ (چڕی گرنگ ئەو چڕییەیە کە گەردوون تێیدا بە یەکسانی دەمێنێتەوە و پێکھاتووە لەو سنوورەی کە تێیدا یان گەردوون بەردەوام فراوان دەبێت یانیش بەسەر خۆیدا دەتەقێتەوە)، فراوانبوونی گەردوون بەردەوام دەبێت، لە پاڵیشیدا بڵاوبوونەوە خێراکەی کە گەلەئەستێرەکان ھەڵدەوەشێنێت ھەر بەردەوام دەبێت. ئەگەر ھاتوو کاتێک چڕییەکەی گەردوون یەکسان بوو لەگەڵ چڕی گرنگ، کشان و فراوانبوونەکەی ھەر بەردەوام دەبێت، بەڵام وردە وردە بە تێپەڕبوونی کات کەمتر دەبێتەوە. لە کۆتاییدا، ئەگەر چڕی گرنگ گەورەتر بێت لە چڕییەکەی گەردوون، فراوانبوونەکەی گەردوون دەوەستێت و ھەموو ئەو ماددانەی کە لە گەردووندا ھەن لە خاڵێکدا بە یەکەوە کۆ دەبنەوە و بەرەو یەک ڕادەکێشرێن. ئەمەش دەبێتە ھۆی ڕوودانی تاکڕاکێشان و دەبێتە ھۆی دووبارە دروستبوونەوەی تەقینەوە گەوەرەکەی کە لەسەرەتاوە گەردوونی دروست کردووە. بەپێی ڕۆبێرت کاڵدوێڵ، ئەگەر ھاتوو ئەم سیناریۆ لەناوبەرە بەسەر ھەموو ئەوانی تردا سەربکەوێت و ڕاست دەربچێت، لە دەورووبەری ٢٢ بلیۆن ساڵی تر ڕوودەدات، تاکو ئەو کاتە خۆری ئێمە بووە بە زەبەلاحی سوور و زەوی لەناوبردووە، دواتریش بۆتە شەموولەیەکی سپی. بەڵام وای دادەنێین کە زەوی لە کڵپە و پلە بەرزەکەی خۆر دەرباز بووە، ٣٠ خولەک پێش ئەوەی دووبارە تەقینەوە گەورەکە ڕووبداتەوە، زەوی بە خۆیدا دەتەقێتەوە.
  2. بەستنە گەورەکە: (بە ئینگلیزی: The Big Freeze • ھەروەھا ناسراوە بە مەرگی گەرمی) ئەمەشیان یەکێکە لە بیردۆزە بەناوبانگەکانی تر کە کۆتایی ھاتنی گەردوون بە پشتبەستن بە سرووشتی ھێزی تاریک دەسەلمێنێت. ئەم بیردۆزە وای دادەنێت کە گەردوون بە خێراییەکی زۆر فراوان دەبێت و ئەم خێراییەش بەردەوام لە زیادبووندایە، لە ھەمان کاتدا، گەرمی بەناو گەردووندا بڵاودەبێتەوە و ھێشووەکان و ئەستێرە و گەلەئەستێرەکانیش ھەموویان وێران دەبن و لەناودەچن. دواتر پلەی گەرمیی ساردتر و ساردتر دەبێت ھەتاکو پلەی گەرمی گەردوون دەبێتە سفری تەواو. ئەمەش پلەیەکە کە گەردوون تێکدەدات و وای لێ دەکات کە نەتوانێت ئەتۆمەکان پێکەوە بنێت. کاتێک کە ئەمە ڕوویدا، ئەگەر گەردوون ھێشتا لە فراوانبووندا بێت، ئەوا ئەو ئەستێرە و گەلەئەستێرە و ئەو ھەسارانەشی کە ماونەتەوە ئەمەندە لە یەکتر دووردەخرێنەوە ھەموویان ئەو ماددانە لەدەست دەدەن کە پێویستن بۆ ڕیزبوون و پێکھێنانی کۆمەڵەی تر. بەھۆی ئەمەشەوە ڕووناکی بە تەواوەتی لە گەردوون دەبڕێت و خامۆش دەبێت، وە دواتر ھەموو ئەو ئەستێرە و ھەسارانەی کە ماونەتەوە بە تەنھا و بە خاوی لەناودەچن و نامێنن. زاناکان دەڵێن ئەگەر ژیانێک ھەبێت لەسەر ئەو ھەسارە تاق و تەنیایانەی شارستانییەتەکانی داھاتوو، ئەوا پێیان وادەبێت کە ئەوان تەنھان و ھەرگیز ژیانێکی تر نادۆزنەوە و ڕوناکی ھیچ ئەستێرەیەک نایانگاتێ. زاناکان لە ئێستادا ئەم بیردۆزەیان بەسەر ھەموو ئەوانی تردا پێ پەسەند ترە و پێیان وایە کە ئەگەری ڕوودانی زیاترە.
  3. وردکردنە گەورەکە: (بە ئینگلیزی: The Big Crunch) بە ئەنجامی ڕاستەوخۆی تەقینەوە گەورەکە ناسراوە. ئەم پیردۆزەیە پێی وانییە کە فراوانبوونەکەی گەردوون بەردەوام دەبێت بۆ ھەتاھەتایە، بەڵکو پێیوایە دوای کتێکی دیاری نەکراو (لەوانەیە چەند تریلیۆن ساڵێکی تر)، چڕییە مامناوەندییەکەی گەردوون فراوانبوونەکە دەوەستێنێت و گەردوونیش پڕۆسەی تەقینەوە بەسەر خۆیدا دەستپێدەکات. دوای تێپەڕبوونی ھەندێک کات، ھەموو ماددە و تەنۆچکەکانی کە لەناو گەردووندا ھەن ڕادەکێشرێن بەرە و یەک و دەبێت بە تەنێکی پڕی زۆر گەورە، وەک چاڵێکی ڕەش. پێدەچێت ڕووداوێکی لەم شێوەیە پێشووتر ڕوویدابێت، زاناکان وای بۆ دەچن کە ئەم گەردوونەی ئێمە دەیبینین ئەنجامی سوڕی تەقینەوەی گەورەیە، دوترێت کە پێش ئەم گەردوونەی ئێمە ئێستا تێیداین دانەیەکی تر ھەبووە. بە پێچەوانەی دوو بیردۆزەکەی ترەوە، ئەم سیناریۆیە پشت بە داخراویی جیۆمێتری گەردوون دەبەستێت. ڕووداوێکی وەک ئەمە تەنھا لە ماوەی ھەناسە دانێکدا ڕوودەدات.

ئایا چۆن گەردوون کۆتایی دێت و کام لەم بیردۆزانە ڕاستترینن؟

دەستکاری
 

ڕاست و دروست نییە ئەگەر بڵێین کە یەکێک لەم بیردۆزانە ١٠٠% ڕاستترن لەوەی تر، چونکە ئەمانە تەنھا بیردۆزەن، بەڵام لە ئێستادا، زاناکان پێیان وایە کە بیردۆزەی بەستنە گەورەکە ئەگەرێکی زیاتری ھەیە کە ڕووبدات وەک لە بیردۆزەکانی تر. ڕۆبێرت کاڵدوێڵی زانکۆی دارتماوت ھۆکاری سەرەکی بەناوبانگبوونی بیردۆزەی ھەڵوەشانە گەورەکەیە و ئەو پێی وایە کە گەردوون لەڕاستیدا بەم شێوەیە کۆتایی دێت، لەلایەکی ترەوە ھەردووک بیردۆزەکەی تر شوێنکەوتووی زۆریان ھەیە و ئەمەش وای کردووە کە پرسیار دروست ببێت لەوەی کە ئایا کام لەم بیردۆزانە دروستترە. لەبەر ئەوەی کە زاناکان زیاتر بە گشتی باوەڕیان بەوە ھەیە کە بەستنە گەورەکە ئەگەری ڕوودانی زیاترە، منیش تیشک دەخەمە سەر ئەوە و باسی ئەوە دەکەم. لەسەرەتادا با وردە وردە بەرەو پێش بتانبەم و باسی ئەو ڕووداوانە بکەم کە پێشبێنی کراون ڕووبدەن تا بزانین لە داھاتوودا چی ڕوو دەدات:

دوای ھەزار ساڵی تر

دەستکاری

زۆربەی ئەو زمانانەی کە ئێستا لەسەر گۆی زەوەی قسەی پێ دەکرێت نامێنن، لەبیر دەگرێن و ھەرگیز جارێکی تر بۆ گفتوگۆکردن بەکارناھێندرێنەوە. ھەچ زمانێک کە دەربازبێت و بمێنێتەوە ئەمەندەی گۆڕانکاری بەسەردا دێت ھەرگیز وەک جارانی نامێنێتەوە و ئەگەر مرۆڤێکی ئێستە بنێرینە داھاتووەوە لەو زمانە (ئەگەر ھی خۆشی بێت) تێناگات، ئەو ڕێزمان و وشانەی ئێستا بەکاری دەھێنین ئەوکاتە نامێنن و بەکارنایەن، ھەروەک چۆن ئێستە ئێمە ڕاستەوخۆ لە ئینگلیزییەکەی شەکسپیر تێناگەین.

دوای ٢٠٠٠ ساڵی تر

دەستکاری

گەرمبوونی جیھانی ھێشتا ھەر بەردەوام دەبێت و پلەی گەرمی زەوی ھەشت پلەی سیلیزی بەرز دەبێتەوە لەم کاتەدا، بەشێکی زۆری بەرگە سەھۆڵییەکانی گرینلاند دەتوێنەوە و دەریاکان شەش مەتر بەرزتر دەبنەوە، کە زیانێکی زۆر دەگەێنێت بە وڵاتە ھەژارەکان و ئەو وڵاتانەی کە لە دەریاکانەوە نزیکن.

١٣,٠٠٠ ساڵی تر

دەستکاری

سووڕانەوەی زەوی پێچەوانە دەبێتەوە و دەبێتە ھۆی پێچەوانەبوونەوەی وەرزەکان. زستانی بەستەڵەکی باکوور لە حوزەیرانەوە دەستپێدەکات لێرەوە. بەشی باکووری زەوی کەش و ھەوایەکی سەختی دەبێت، ئەمەش دەبێتە ھۆکاری کۆچکردنی مرۆڤەکان بەرەو باشوور. ڕێژەی کاربۆن دایاکسایدەکان دادەبەزێت. بەپێی کارتەر، مرۆڤایەتی بە ڕێژەی ٩٥% ئەگەری نەمانیان دەبێت، بەڵام من لێرەدا ئەم بانگەشەیە بە ھەڵە دادەنێم و گریمان مرۆڤایەتی توانی دەربازیبێ لەم سیناریۆیە.

٢٠,٠٠٠ ساڵی تر

دەستکاری

شاری چێرنۆبڵ، کە چۆڵکرا لە ساڵی ١٩٨٦ بەھۆی تەقینەوەی بۆمبی نەوەوییەوە، تیشکە زیانبەخشەکانی لەسەر نامێنێت و دەتوانێت جارێکی تر میواندارێتی ژیان و مرۆڤەکان بکاتەوە.

٢٥,٠٠٠ ساڵی تر

دەستکاری

پەیامی ئێریکیبۆ، کۆمەڵەیەک لە داتای و زانیاری ڕادیۆیی کە لە ١٦ی تشرینی دووەمی ١٩٧٤دا ناردرا بۆ دەرەوەی زەوی، دەگات بە شوێنە دیاریکراوەکەی. ھەچ ژیانێکی بە بوونی ئەم پەیامە بزانن ئەوا ئاگادار دەبنەوە کە ئەوان تەنھا نین لەم گەردوونەدا. ئەگەر ھاتوو وەڵامیان دایەوە ئەوا پەیامەکەیان تا ٢٥,٠٠٠ ساڵی تر دوای ئەوە بە مرۆڤایەتی ناگاتەوە. کڵاوە سەھۆڵییەکانی جەمسەری باکووری مەریخ دەتوێتەوە بەھۆی گەرمبوونەوە.

٥٠,٠٠٠ ساڵی تر

دەستکاری

تاڤگەکانی نایاگرا دووری ٣٢ کیلۆمەترەکەی بۆ دەریاچەی ئیری پڕکردۆتەوە و ون بووە. پلەی گەرمی سەرانسەری زەوی دوو پلەی سیلیزی تر زیا دەکات، لەم کاتەدا سەھۆڵەکانی گرینلاند بەتەواوەتی ھەموو تواونەتەوە. بەپێی دوو زانا، زەوی دیسانەوە بە سوڕێکی بەستەڵەکی تردا دەڕوات بەبێ بایەخدان بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بەھەرحاڵ. ئەگەر ھەر ژیانێکی تر ھەبووبێت لەو شوێنەی ئێمە پەیامی ئێریکیبۆمان بۆ ڕەوانەکردووە لەم کاتەدا لەوانەیە وەڵامەکەی ئەوانمان پێ گەیشتبێت.

٨٥,٠٠٠ ساڵی تر

دەستکاری

لەم کاتەدا ئەگەر ھێشتا مرۆڤایەتی مابێت، کە من وای دادەنێم، ئەوا ھیچ شتێک وەک و جاران نامێنێت بۆ مرۆڤایەتی، ھەمووشتێک بە تەواوی دەگۆڕدرێت و لەوانەیە ھەموو مرۆڤایەتی تەنھا یەک حکومەتی ھەبێت و وڵات و جیاوازی چینایەتی و شەڕ نەمابێت بەھۆی ئەم سیستمەوە. ئایینەکانی وەک مەسیحییەت، ئیسلام و جوولەکە کە بۆ ماوەیەکی زۆر ماونەتەوە نامێنێت و لەبیر دەکرێن و ئایینی تر دێنە ئاراوە، لەوانەشە کە ھیچ ئایینێک نەمێنێت بەھۆی پێشکەوتنی بیرکردنەوەی مرۆڤایەتییەوە.

١٠٠,٠٠٠ ساڵی تر

دەستکاری

ڤی وای کانیس مەجۆرێز - VY Canis Majoris دەتەقێتەوە و دەبێت بە گەورەترین ھایپەرنۆڤا کە لە گەردووندا بینراوە و دەبینرێت، ئەگەری ھەیە لە زەویشەوە دیار بێت. بار و دۆخی زەوی شلۆق دەبێت و تەقینەوەی گڕنکانی لەسەرانسەری گۆی زەوی ڕوودەدات، کە خۆڵەمێش دەخاتە ناو ئاسمانەکانەوە، تیشکی خۆر دەگرێت، ئۆکسجین پیس دەکات و گەرمی دادەبەزێنێت، دەبێتە کارەساتێکی جیھانی. ماددەی تایتانیوم نامێنێت. لە ئێستادا دەبێت مرۆڤایەتی ئەو تەکنەلۆجیا و کەرەستانەی ھەبێت کە پێویستێتی بۆ گەشتکردنی بە کۆمەڵ بۆ سەر مەریخ. مەریخ بەرجەستە کراوە و ئێستە بەرگی ھەوا و ئۆکسیجینی خۆی ھەیە و زۆربەی مرۆڤەکان لەوێ دەژین.

٢٩٦,٠٠٠ ساڵی تر

دەستکاری

ڤۆیەجەر دوو - Voyager 2 بە ٤.٣ ساڵی ڕووناکی بەلای سیرییەسدا تێپەڕ دەبێت، ھەر ژیانێکی زیرەک ھەبێت لەو ناوچەیەدا تۆمارە ئاڵتوونییەکەی کە مانگە دەستکردەکە ھەڵیگرتووە دەیدۆزنەوە و درک بەوە دەکەن کە ئەوان تەنھا نین لە گەردووندا.

٥٠٠,٠٠٠ ساڵی تر

دەستکاری

زەوی لەلایەن نەیزەکێکی ١ کیلۆمەتری کە ھێزی ٦٠,٠٠٠ مێگاتەنی ھەیە لێی دەدرێت. ئەمە نابێتە ھۆی لەناوبردنی ھەر ژیانێک کە لەسەر زەوی ھەبێت، بەڵام زیانێکی زۆر گەورە لە زەوی و سروشتی زەوی دەدات، لەڕاستیدا بەھۆی ئەو زیانەی کە لە زەوی داوە لەوانەیە ھەر یەکێک لەو مرۆڤانەی کە لەسەر ڕووی زەوی مابێتنەوە بمرن، نەک بەھۆی خودی ئەسترۆیدەکەوە.

یەک ملیۆن ساڵی تر

دەستکاری

ئەو شووشانەی کە لەسەر گۆی زەوی ھەن ھەموویان شیی بوونەتەوە، لەگەڵ ھەر ھەموو ئەو پەیکەرانەی کە ئەمڕۆ ھەمانن، بێجگە لە پەیکەرە بەردینەکان، ئەگەر لەناو نەچووبێتن تاکو ئێستە. نزیکەی ھەموو ئەوانەی کە لەسەر مانگی زەوی بەجێمان ھێشتبوون ھەموویان ون دەبن. مرۆڤایەتی، ئەگەر مابێت تاکو ئێستە، ئەوە بە گەلەئەستێرەی ڕێگەی شیریدا بڵاوبوونەتەوە. ئەمە کەمترین کاتە کە مرۆڤایەتی پێویستێتی بۆ بڵاوبوونەوەیان بە ناو ڕاکێشگەکەی خۆماندا.

دوو ملیۆن ساڵی تر

دەستکاری

ئاوی زەریا و دەریاکان دووبارە پاکدەبنەوە و ئەو پیسیانەی کە مرۆڤەکان بڵاویانکردۆتەوە بەناویاندا شی دەبنەوە. گراند کانیۆن دەبێت بە دۆڵ.

٧,٢٠٠,٠٠٠ ساڵ دواتر

دەستکاری

ھیچ پاشماوەیەکی شارستانییەتی مرۆڤایەتی لەسەر گۆی زەوی نامێنێتەوە. تەنھا ھەندێک لە پاشەڕۆکانمان دەمێنێتەوە، وەک وایە ھیچ بوونەوەرێک لێرە نەژیابێت. ئەگەر ھاتوو ژیانی دەرەکی پەیامەکانی ئێمەیان پێ گەیشت و پە شێوازێک ھاتنە سەر گۆی زەوی، لەوانەیە ھیچ نەدۆزنەوە.

١٠,٠٠٠,٠٠٠ ساڵی تر (لەناوچوونی گشتی)

دەستکاری

تیشکێکی بەھێزی گاما لە زەوی دەدات کە بەھۆی تەقینەوەیەکی سوپەرنۆڤای نزیکەوە دروست بووە، گازی ئۆزۆن کون دەکات و لەناوی دەبات، دەبێتە ھۆی لەناوچوونی ھەر بوونەوەرێک کە مابێتەوە دووبارە. زەوی کاتێکی زۆری ویست بۆ پاککردنەوە و چارەسەرکردنی ئەو زیانانەی کە مرۆڤەکان پێیان گەیاندووە، بەڵام وەک وایە لە کارەساتێکەوە ڕوویکردبێتە کارەساتێکی تر. بەشێکی ئەفریقا ژێر ئاو دەکەوێت و ئەفریقا دابەش دەبێت بۆ دوو پارچە.

٢٧,٠٠٠,٠٠٠ ساڵی تر

دەستکاری

مرۆڤی زیرەک (بە مرۆڤی ئێستای خۆمان دوترێت مرۆڤی زیرەک یان ھۆمۆ ساپییەن - Homo sapiens) لەناودەچێت و ئەوەی ماوەتەوە لە مرۆڤ ھەنگاوێکی ترە لە ئێڤەلوشن. ئەو مرۆڤانەی کە بە ناو ڕاکێشگەکەماندا بڵابوونەتەوە لەوانەیە دابەش ببن بۆ بوونەوەری جیاجیا بەھۆی زاوزێکردن لەگەڵ بوونەوەرێک کە سەر بە شارستانییەتێکی دەرەوەی مرۆڤایەتییە، کە لەوانەیە ببێتە ھۆی شەڕ لەناو بۆشایی ئاسماندا لەنێوان ئەم مرۆڤانەی دواڕۆژ. لەم کاتەدا مرۆڤەکان ئەمەندە زیرەک دەبن کە دروستکردنی بۆمبی نەوەوی و فڕاندن و بەرھەمھێنانی کەشتی ئاسمانی سەرەتایی دەبێت لەلایەن و لەوانەیە سەیریان لێبێت ئەگەر بزانن کە باپیرانیان ئەمەندە کارێکی سەخت بووە لایان.

١٠٠,٠٠٠,٠٠٠ ساڵی تر

دەستکاری

ئەگەر ھەیە نەیزەکێکی زۆر گەورە لە زەوی بدات، یەکێک لەوانەی کە پێشووتر بۆتە ھۆی لەناوبردنی داینەسۆرەکان. ئەگەر لەدوای کۆتا کارەسات کە بەسەر زەویدا ھات ھیچ ژیانێکی سادەش دروست بووبێتەوە، ئەوە دووبارە لەناودەچنەوە. لەمەوبەدواوە سوڕانەوەی زەوی ھەرگیز وەک جارانی ڕێک نابێتەوە و بەڵکو بە تەواوی بە ھەڵکەوت دەبێت و کەش و ھەوای زەوی دووبارە لەوەی ئێستای شلۆق تر دەبن و زەوی ناتوانێت جارێکی تر ژیان بگرێتە خۆی. لە ھەمان کاتدا، بازنەکانی زوحەل ون دەبن.

٢٥٠,٠٠٠,٠٠٠ ساڵی تر

دەستکاری

بەھۆی جووڵەی پلێتە تەکتۆنییەکانی سەر زەوییەوە، ھەموو کیشوەرەکان یەک دەگرن.

٦٠٠,٠٠٠,٠٠٠ ساڵی تر

دەستکاری

زەوی کۆتایی پێ دێت، تیشکە زیانبەخشەکانی خۆر دەگەنە سەر زەوی و ئاوی سەر زەوی ھەمووی دەبێت بە ھەڵم، بەردەکان ڕەق دەبن و جووڵەی پلێتە تەکتۆنییەکان نامێنن، ئەمەش وا لەوە دەکات کە ڕێژەی کاربۆن دایۆکساید دابەزێت. ئەمەش وادەکات کە ڕۆشنەپێکھاتنی C3 نەمێنێت و دەبێتە ھۆی مردنی ٩٩%ی گژووگیاکانی سەر زەوی.

یەک بلیۆن ساڵی تر

دەستکاری

ڕووناکی خۆر زیاددەکات بە ڕێژەی ١٠%، وا لە پلەی گەرمی زەوی دەکات ببێت بە ٤٧ پلەی سیلیزی. سەر گۆی زەوی دەبێت بە تەم و شێ کە بەھۆێ بەھەڵمبوونی ئاوی دەریا و زەریاکانەوە ڕوو دەدات و لەکۆتایی ھاتنی پڕۆسەی بەھەڵم بوون، زەوی دەبێت بە تەنھا بەردێکی وشکی ڕق. لەوانەیە بە ڕێژەیەکی زۆر کەم ئاو لە شوێنێکدا مابێتەوە کە تیشکی خۆری بەر ناکەوێت. ئەگەر ھێشتا دوو تۆمارە زێڕەکەی مانگی دەستکردی ڤۆیەجەر نەدۆزرابێتنەوە ئەوا ھەموو زانیارییەکانیان لەدەست دەدەن و ژیانی دەرەکی ھەرگیز لەبارەی مرۆڤایەتییەوە نازانێت.

١.٣ بلیۆن ساڵ دواتر

دەستکاری

مەریخ دەیتوانی لەم کاتەدا بەبێ دەستتێوەردانی مرۆڤ ژیانی لەخۆ بگرتایە. کرۆکی دەرەکی خۆر دەیبەستێت و ھەموو گەرمییەکەی لەدەست دەدات، زەوی لە سوڕانەوە دەکەوێت و ھێزی ڕاکێشانی نامێنێت.

٢.٨ بلیۆن ساڵ دواتر

دەستکاری

زەوی بە تەواوی دەمرێت.

٤ بلیۆن ساڵی تر

دەستکاری

کۆمەڵەئەستێرەی ڕێگەی شیری لەگەڵ کۆمەڵەئەستێرەی ئەندرۆمێدا یەک دەگرن و ڕاکێشگەی مێڵکۆمێدا یاخود شیرۆمێدا دروست دەبێت. ھۆکاری ئەم پێداکێشانە بەھێز و یەکگرتنەی ئەم دوو کۆمەڵەئەستێرەیە دەبێتە ھۆی تێکدانی خولانەوە و جووداکردنەوەی ھەزارەھا و ملیۆنەھا ھەسارە و ئەستێرە لە کۆمەڵەی خۆرەکانیان، کۆمەڵەی خۆری ئێمەش شوێنە جێگیرەکەی ئێستای لەدەست دەدات.

٥.٤ بلیۆن ساڵی تر

دەستکاری

ھایدرۆجینی کرۆکی خۆر وردە وردە کز دەبێت و خۆریش دەبێتە زەبەلاحێکی سوور و دەکشێت بەرە و ھەسارەکان کە دەوریان داوە. لە چەند بلیۆن ساڵێک دوای ئەمە، زەوی و مەریخ لەجێی خۆیان بەھۆی ھێزی ڕاکێشانی خۆرەوە توند جێگیر دەبن و پلەی گەرمی بەرگی دەرەوەیان بەرز دەبێتەوە.

٧.٩ بلیۆن ساڵ دواتر

دەستکاری

خۆر دەگاتە کۆتا فراوانی، ٢٥٦ جار گەورەتر لە قەبارە ئاساییەکەی، ھەردوو ھەسەرەی ڤینۆس و عەتارد لەناو دەبات. مانگی زەوی پەرت پەرت دەبێت و دەکەوێتە سەر زەوی و لەناودەچێت. لەوانە نییە کە مەریخ لەناو بچێت، بەڵام توانای ئەوەی نابێت ژیان لەخۆ بگرێت. وا پێشبینی کراوە کە یەکێک لە مانگەکانی زوحەل بەناوی تایتن لە ئێستادا دەتوانێت بەخێرھاتنی ژیان بکات.

٨ بلیۆن ساڵ دواتر

دەستکاری

خۆر بچووک دەبێتەوە بۆ شەموولەیەکی سپی. ئەگەر زەوی لەناو نابرابایە، ئەوا پلەی گەرمی بەخێراییەکی زۆر دادەبەزی لەسەری، لەگەڵ ھەموو ھەسارەکانی تری ھاوەڵی. تەنھا شت کە ئێستە مابێتەوە چەند ھەسارەیەکی تەنھا، سارد و وشکن کە ناتوانن ھەرگیز جارێکی تر ژیان لەخۆ بگرنەوە.

١٤.٤ بلیۆن ساڵ دواتر

دەستکاری

دوای چەند بلیۆن ساڵێک لە مانەوەی خۆر وەک شەموولەیەکی سپی، خۆرەکە دەبێت بە شەموولەیەکی ڕەش، پلەی گەرمی نزم دەبێتەوە و ھیچ ڕووناکییەکی نامێنێت. ئێستە خۆر ھیچ نییە بێجگە لە تۆپێکی تاریک و ساردی کاربۆنی. ئەمەش دەبێتە کۆتایی تەمەنە درێژەکەی خۆر. ھەندێک لە زاناکان پێیان وایە کە لەڕاستیدا خۆر کواندریلیۆن ساڵی دەوێت بۆ ئەوەی ببێت بە شەموولەی ڕەش.

١٠٠ بلیۆن ساڵ دواتر

دەستکاری

سیناریۆی بەستنە گەورەکە دەستپێدەکات و گەردوون بەردەوام لە گەشەکردندا دەبێت، ئەمەش وا لە ھەموو گەلەستێرە و ڕاکێشگەکانی دەورووبەری ڕێگەی شیری/شیرۆمۆدا بەشێوەیەک لێی دووربکەونەوە کە ھەرگیز نەبیندرێنەوە، ئەگەر ھیچ بوونەوەرێکی زیرەکی تر بێتە بوونەوە بە شێوازێک لەم کاتەدا، لەوانەیە ھەرگیز نەتوانن گەلەستێرە بدۆزنەوە و لەوانەیە پێیان وابێت کە گەلەستێرەکەی ئەوان تەنھا دانەیە لە گەردووندا. بە ھەمان شێوە ھەرگیز لەبارەی تەقینەوە گەورەکەی گەردوونەوە نازانن و ڕوودانی دیار نابێت، ئەمەش لەوانەیە وا لە ھەموو ئەو بوونەوەرانەی تری گەردوون بکات کە باوەڕیان وابێت گەردوون نە سەرەتای ھەبووە و نە کۆتاییشی دەبێت.

یەک تریلیۆن ساڵی تر

دەستکاری

ھیچ ئەستێرەیەکی نوێ دووبارە دروست نابنەوە، ئەوانەشی کە ھەن یەک بە یەک دەمرن و گەردوون ڕەش دەبێت. ئەو ھەسارانەی کە ماونەتەوە بەتەنھا بە ئاسماندا گەشت دەکەن و دەخولێنەوە.

١٠٠ تریلیۆن ساڵی تر

دەستکاری

نزیکەی ھەموو ئەو ئەستێرانەی کە مابوونەوە لەم ساتەدا دەسوتێن و دەمرن و نامێنن. تەنھا شت کە دەمێنێتەوە لە گەردووندا شەموولەی قاوەیی و سپین لەگەڵ ئەستێرەی نیوترۆنی و کونە ڕەشەکان. دواتر ئەمانیش زۆر بەخاوی یەک یەک دەمرن.

١٠٠ کوینتیلین ساڵ دواتر

دەستکاری

ئەو ھەسارانەی کە لە کۆمەڵەی خۆری ئێمەدا ماونەتەوە خۆیان دەکێشن بە یاکتر و ئەستێرە ڕەشەکەی نزیکیان کە پێشووتر خۆر بوو. دواتر ئەگەری ھەیە کە کونێکی ڕەش ھەموویان ھەڵمژێت و لەناویان بەرێت.

١ نۆنیلیۆن ساڵی تر

دەستکاری

ھەر یەکێک لەو ئەستێرە شەموولانەی کە ماونەتەوە لەناودەچن بەھۆی کونی ڕەشی زەبەلاحەوە، شەموولە قاوەییەکان تا دوای چەند کوینتیلیۆن ساڵێکی تر دواتر نامرن ئەگەر کونە ڕەشەکان لەناویان نەبەن.

یەک گووگڵ ساڵی تر

دەستکاری

لەم کاتەدا، کۆتا کونی ڕەش لەناو دەچێت. و ئێستە ھیچ ئەستێرەیەک، ھەسارەیەک، مانگێک، ھەسارۆکەیک یان ڕاکێشگەیەک لە گەردووندا نەماوەتەوە. لە گەردووندا ئێستە تەنھا پارچە-ئەتۆمی زۆر زۆر بچووک ماونەتەوە، لەکاتێکدا کە گەردوون ھێشتا ھەر فراوان دەبێت، ئەم پارچە-ئەتۆمانە ھەرگیز بەلای پارچە-ئەتۆمێکی تردا تێپەڕ نابن و نزیک نابنەوە. لە ئێستادا ھەر چەندە پارچە ئەتۆمیشی تێداماوەتەوە، وەک وایە ھیچی تێدا نەمابێتەوە. تەنھا ڕەشییەکی بێ کۆتایی ئەبێت بۆ ھەتا ھەتایە و ھەرگیز جارێکی تر ھیچ ژیانێک دروست نابێتەوە. بەم شێوەیە بیردۆزەی بەستنی گەورە باس لە کۆتایی گەردوون دەکات.

سەرچاوەکان و پەراوێزەکان

دەستکاری
  • وێبگەڕی کۆرا، ڕێکەوتی سەردانکردن: ٤ی شوباتی ٢٠١٧.
  • ویکیپیدیای ئینگلیزی
  • بەڵگەفیلمی "کاتژمێری مردنی گەردوون"، ٤ی شوباتی ٢٠١٧
  • ماڵپەڕی ڕێکەوتی داھاتووە دوورەکە، ٥ی شوباتی ٢٠١٧

ئامادەکردن: ژیار محمد، وەشانێکی ئەلیکترۆنی ئەم پڕۆژەیە لە ویکیپیدیای کوردی ناوەندی لەسەر ھەژماری Lost Whispers تایبەت بە ژیار بەردەستە. پێشکەشە بە م. ڕێبوار.