بابەتی بەکارھێنانەکانی زەوی(Land use) لەو بابەتانە ھەژمار دەکرێت کە بووەتە جێگای گرنگی پێدانی زۆرێک لە جوگرافیزانان بەھۆی ئەو ڕۆڵەی ھەیەتی لە دیاریکردنی پەیوەندی مرۆڤ بە زەوی و ئەو چالاکییانەی کە پێی ھەڵدەستێت. مەبەست لە بەکارھێنانی زەوی، چالاکیی مرۆڤ و کردارەکانییەتی لەسەر ڕووی زەوی لە یەکە ڕووبەرێکی دیاریکراودا، جا ئەم ڕووبەرە شارستانی بێت یا خود لادێیی، و بە گوێرەی داواکاری و پێداویستییەکانی لە پێناو مانەوە لە ژیاندا. بەکارھێنانەکانی زەوی بە شیوەیەکی جوگرافی بەوە پێناسە دەکرێت کە بریتییە لە وەسفکردنی چۆنییەتی بەکارھێنانی زەوی کە شوێنی نیشتەجێبوونە یان پیشەسازییە یا خۆ کشتوکاڵییە و ….

پێناسە دەستکاری

سەبارەت بە شاریش جوگرافیزانان و پسپۆڕانی بواری پلاندانان ئەم زاراوەیە بە کار دەھێنن بۆ دەربڕینی ئەو چالاکییانەی کە زەوی شارستانی بەکاردێنن یاخۆ لە سەری دامەزراون لە شاردا، ھەروەکوو ئەوەی دەگوترێت بەکارھێنانی نیشتەجێبوون، بەکارھێنانی بازرگانی، پەروەردیی، تەندرووستی و چەندانی تر لە بەکارھێنانەکانی زەوی کە بۆشایییەک لە ڕووبەری شار بەکار دێنێ. ھەروەھا بەوەش پێناسە دەکرێت کە بریتییە لە دابەشبوونی شوێنیی ئەرکەکانی شار، نیشتەجێبوون، ئایینی، بازرگانی، خزمەتگوزاری و فەزا بەتاڵەکان تێیدا. بەکارھێنانەکانی زەوی لە ناوچە شارستانییەکاندا دیاردەیەکی دینامیکە، دەگۆڕێت بە گۆڕانی کات و شوێن؛ ئەمەش لە دەرئەنجامی جوڵە و جێگۆڕکێ و فراوانبوونی جێگا و ئەرکەکانی بەکارھێنانی زەوی لە ماوەی قۆناغە جیاوازەکاندا، کە دەکرێت کورت بێت یاخود درێژە بکێشێت بە گوێرەی ئەو بارودۆخانەی دێنە پێش یان بەدەردەکەون لە ماوەی ھەر قۆناغێک لە قۆناغەکانی گەشە و پێشکەوتنی شاردا و بەگوێرەی داواکارییەکانی دانیشتووان و پلەی بەرەو پێشچوونی شارستانی و ئاستی گوزەرانی دانیشتووانی و دانیشتووانی ھەرێمەکەی، ئەوا دەتوانین بڵێین بەکارھێنانەکانی زەوی لە شاردا بریتییە لە کارلێکی نێوان ئەرک و خزمەتگوزارییەکان لەگەڵ زەوی شار، کە دەبێتە مایەی پێدانی تایبەتمەندی جیاواز بۆ ھەر جۆرە بەکارھێنانێک.

سەرچاوەکان دەستکاری

قادر عەزیز، ئەمیر(٢٧١٣ک)؛ ھەڵسەنگاندنێکی جوگرافی بەکارھێنانەکانی زەوی ئاینی لە شاری ھەولێر بەبەکارھێنانی GIS، نامەی ماستەڕ، زانکۆی سەڵاحەددین.

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری