ئەندازیاریی درووستکردن

بەشی  ئەندازیاری دروستکردن چییە ؟

لە زمانی ئینگلیزیدا بەو واتایە دێت دروستکردن بەبەکارهێنانی ئامێر، واتا دروستکردنی پیشەسازی، واتا دروستکرن ئەو پڕۆسە تەکنۆلۆجییەیە کە مادەی خاو دەگۆڕێت بۆ ئەو کاڵایانەی کە پێداویستی خەڵک دابین ئەکات، ئیتر ئەو کاڵایە هەر لە ئۆتۆمبێل و فڕۆکەوە تا پێداویستی ناو ماڵ، هەر یەك لەو کاڵایانە بە پرۆسەیەکەی دروستکردنی جیاواز تێپەڕ ئەبەن، واتا لەم بەشەدا بابەتەکان پەیوەستە بە مادەی دروستکردن و پڕۆسە و تەکنۆلۆجیای دروستکرن بەبەکارهێنانی ئامێر و بەڕێوەبردنیان، ئەم بەشە لینکێکە نێوان ئەندازیاری میکانیك و ئەندازیاری پیشەسازی و ئەندازیاری مەواد و وەبەرهێنان و ئەندازیاری کیمیایی و ئەندازیاری ئەلیکترۆن و میکاترۆنیکس و زانستی کۆمپیوتەر.

کاری ئەندازیاری دروستکردن چییە؟

بەشێوەیەکی گشتی ئەرکی ئەندازیاری دروستکردن بریتییە لە چاودێریکردنی پڕۆسەی دروستکردن و ئامێرەکان و دیزاین و بەرهەمهێنانی کاڵا بە کوالیتی باش و پارەیەکی گونجاو، هەروەها باشترین سود وەرگرتن لە ئامێر و کارمەندانی کارگە و دانانی پلان بۆ بەرەو پێشبردنی پرۆسەی دروستکردن و بەڕێوەبردنی.

بوارەکانی کارکردنی ئەندازیاری دروستکردن لە جیهاندا:

ئەندازیاری دروستکردن چانسێکی فراوانی کارکردنی هەیە لە بواری پێشەسازی، بەشێك لەم بوارانە بریتین لە پیشەسازی ئۆتۆمبێل و فرۆکە، پیشەسازی وزە، پیشەسازی ئەلەکترۆنیات و کۆمپیوتەر، پیشەسازی خواردن و پێداویستی ناو ماڵ، پیشەسازی کیمیایی، پیشەسازی پزیشکی، پیشەسازی کەرەستەی بیناسازی، پیشەسازی پێداویستی وەرزشی و زۆر بواری تر.

بوارەکانی کارکردنی ئەندازیاری دروستکردن لە کوردستان:

دیارە لە دە ساڵی ڕابردودا لە کوردستان بواری پیشەسازی تا ڕادەیەك پێشکەوتنی بە خۆوە بینی بەو هۆوە کۆمەڵێک کارگە دروست کران، ئەو بوارانەی کە لە ئێستادا ئەندازیاری دروستکردن ئەتوانێ کاری تێدا بکات بریتین لە کارگەکانی ئاسن و کارگەکانی پلاستیك و کارگەکانی دروستکردنی پێداویستی بیناسازی و کارگەکانی خواردن و ئاو و خواردنەوە، هەروەها بواری نەوت و بەرهەمهێنانی کارەبا و چەندەها بواری تر.

ئەم بەشە تەنها لە زانکۆی کۆیە هەیە