ئازادیی ئەکادیمی

ئازادیی ئەکادیمی بریتییە لە چەمکی ڕەوشتیی و یاسایی بۆ دڵنیابوونەوە لە ئازادی دەربڕین و بۆچوونەکان لەلایەن ئەندامانی ئەکادیمی ناوەندە زانستییەکانەوە کە بە ئەرک و بنەمای بنچینەیی ئەکادیمیا دادەنرێت، دەبێت ڕۆشنبیر و نووسەران خاوەنی ئازادی فێرکردن یان گەیاندنی بیروبۆچوونەکان بن بەبێ ئەوەی ھیچ ھەڕەشەیەکی (سەرکوتکردن، بێ کاریی یان بەندکردن)یان لەسەر دروست ببێت. ھەرچەندە بنەمای سەرەکی ئازادی ئەکادیمی دەربارەی ئەو نووسین و لایەنە ئەکادیمییانەیە کە مامۆستایان و لێکۆلەران لە بەرھەمە پەیوەستدارەکان لە شارەزایییەکانی خۆیان دا دەری دەبڕن بەڵام ئێستا لێکدانەوەی ئازادییەکە فراونتر کراوە بۆ ئەو بابەتانەشی کە دەکرێت پەیوەندیدار نەبێت بە لایەنی شارەزایی خۆیان و لەدەرەوەی بابەتە ئەکادیمیاکان بێت چونکە بە جۆرێک لە ئازادی دەربڕین تەماشادەکرێت.[١]

ئازادیی ئەکادیمی بابەتێکە جێی مشتومڕە و لە ڕاستی دا جێبەجێکردنی سنووردارە. لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەپێی ئەو لێدوانە پەسەندکراوەی دەربارەی ئازادیی ئەکادیمی و پلە شارەزایییەکان لە ساڵی ١٩٤٠ لەلایەن (یەکێتی ئەمریکی مامۆستایانی زانکۆ)ەوە دەرچوو، مامۆستایان و فێرکاران دەبێت وریابن و دوورکەونە لەو بابەتانەی جێی مشتومڕن یان ئەو بابەتانەی پەیوەندییان نییە بەسەر لایەنی شارەزاییانەوە. ھەروەھا کاتێک لەناو شوێن و خەڵکی گشتی دا دەدوێن، ئازادن لە دەربڕینی بۆچوونەکانیان بەبێ ترس و دوودڵی لە سانسۆری دامەزراوەیی یان ھەر ڕێکاری سزادەرانە بەڵام دەبێت پارێزراویی پیشان بدەن و بەڕوونی پیشانی بدەن کە بەناوی دامەزراوە زانستییەکەیانەوە قسە ناکەن و تەنھا بۆ خۆیان قسە دەکەن. یاساکان ھەڵدەستن بە پاراستنی ئازادی ئەکادیمی و دڵنیایی دەبەخشن کە دەکرێت مامۆستایان لە کارەکانیان دووربخرێنەوە تەنھا لەبەر ھۆکاری نەشیاویی پیشەیی بەردەوام یان ھەر ھەڵسوکەوتێک کە ببێتە ھۆی سەرگۆنەکردن لەلایەن کۆمەڵگەی ئەکادیمییەوە.[٢]

لایەنگرانی ئازادیی ئەکادیمی باوەڕیان وایە کە ئازادی پرسیارکردن و دەربڕین لەلایەن مامۆستا و خوێندکارانەوە بەشێکی ھەرە سەرەکی بەرنامە و تەواوی پرۆسەی ئەکادیمیا و خوێندنە و پێ لەسەر ئەوە دادەگرن کە کۆمەڵە و دەستە ئەکادیمییەکان بە بەردەوامی دووچاری سەرکوتکردن بوونەتەوە بەھۆی ئەوەی توانای بڵاوکردنەوە و شێوەکردنی زانیارییەکانیان ھەیە. کاتێک ڕۆشنبیران دەیانەوێت ھەستن بە فێرکردن یان گەیاندنی ئەو ڕاستی و بۆچوونانەی نەخوازراون لەلایەن کۆمەڵە سیاسییە دەرەکی و لایەنە دەسەڵاتدارەکانەوە ئەوا دووچاری ناوزڕاندن، لەکارلابردن، بەندکردن و تەنانەت مردنیش دەبنەوە. بۆ نموونە، لە باکووری ئەفریقا مامۆستایەکی زانکۆ لە بواری تەندروستی گشتی دا دۆزییەوە کە لە وڵاتەکەی دا ڕێژەی گیانلەدەستدانی کۆرپەلە لەوە بەرزترە کە ئامارەکانی حکوومەت ئاماژەیان پێکردبوو، بۆیە لە ئەنجام دا مامۆستاکە کارەکەی لەدەستدا و بەندکرا.

یەکێک لەو ھۆکارانەی کۆمەڵگە و کەسانی زانستی پارێزگازگاریی کردنی ئازادی ئەکادیمیییان بەلاوە گرنگە لە یەکێک لە نموونەکانی یەکێتی سۆڤێیەت دا دەردەکەوێت کە دەبێتە یەکلایکردنەوەی چارەنووسی زانستی زیندەزانی لەو وڵاتەدا. زانایەکی زیندەزانی یەکێتی سۆڤێت بەناوی (ترۆفیم لیسێنکۆ) ھەستا بە ڕەتکردنەوەی زانستی ڕۆژاوایی دەربارەی لێکۆڵینەوەیەک لەسەر مێشی میوەیی جۆری (Drosophila melanogaster) و ھەستا بە پێشنیارکردنی شێوازێکی دیکەی کشتوکاڵکردن لەسەر ڕێبازی "کشتوکاڵی بەکۆمەڵ". بۆچوون و نووسینەکانی لیسێنکۆ پەسەندکراو و ویستراو بوو لەلایەن یەکێتی سۆڤێیەتەوە لەبەر ئەوەی دەکرا وەک پروپاگەندە بەکاربھێنرێن و لە ئەنجام دا ترۆفیم لیسێنکۆ کرا بە بەرێوبەری (ئەکادیمیای سۆڤێتی بۆ زانستە کشتوکاڵییەکان). لیسێنکۆ ھەستا بە دامەزراندنی ناوەندێک کە ئەرکیان قەدەغەکردن و لابردنی ئەو زانایانە بوو کە بە بۆچوونی دەوڵەت "بیرۆکەی زیانبەخشیان" بڵاودەکردەوە و بووە ھۆی بەندکردن و کوشتنی سەدان زانای سۆڤێتی. بۆچوون و بیرۆکەکانی لیسێنکۆ دەربارەی "کشتوکاڵی بەکۆمەڵ" لە وڵاتی یەکێتی سۆڤێت و چین دا جێبەجێ کرا و لە ئەنجام دا ئەو برسێتییە گەورەیەی ڕووی تێکردن بەشێوەیەکی لاوەکیی ھۆکارەکەی بۆ بنەما پروپاگەندەکارییەکانی لیسێنکۆ دەگەرێتەوە و کە باوەڕ وایە تەنھا لە چین برسێتییەکە زیاد لە ٣٠ ملیۆن کەسی کوشتبێت.[٣]

(ئەکادیمییەکان بۆ ئازادی ئەکادیمی - Academics For Academic Freedom – AFAF)ی شانشینی یەکگرتوو بریتییە لە ھەڵمەتێک بۆ ئەو مامۆستا، فێرکار و توێژەرانەی دەیانەوێت ھەستن بە بڵاوکردنەوەی پەیامێکی گشتی پاڵپشتیکردنی ئازادی پرسیارکردن و ئازادی دەربڕین. پەیامەکەیەیان دوو بنەمای سەرەکی لەخۆدەگرێت:

  • ئەکادیمیستەکان لە ناوەوە و دەرەوەی پۆلەکان خاوەنی ئازادییەکی بێ سنوورن بۆ پرسیارکردن و ھەڵسەنگاندنی ژیرییە باوەکان و پێشکەشکردنی بۆچوونی مشتومڕخوار و ناباو، چ ئەم کردانە بە نەشیاو و نەخوازراو تەماشابکرێن یان نا.
  • دامەزراوە زانستی و ئەکادیمییەکان ھیچ مافێکیان نییە ھەستن بە تەسکردنەوە یان سنووردارکردنی ئەم ئازادی ئەکادیمییەی کارمەندانی یان بەکاربھێنن وەک بنچینەی لەکارلابردن و ڕێکاری سزایی.

سەرچاوەکاندەستکاری

  1. ^ 1940 Statement of Principles on Academic Freedom and Tenure, American Association of University Professors and of the Association of American Colleges, p. 4.
  2. ^ Van Alstyne, William (1975). ‘‘The Specific Theory of Academic Freedom and the General Issue of Civil Liberty’’. In The Concept of Academic Freedom, ed. Edmund Pincoffs. Austin: University of Texas Press, 1975.
  3. ^ Michael Polanyi (1958). Personal Knowledge. ISBN 0-7734-9150-3.