قەزای کەرکووک قەزایەکی سەر بە پارێزگای کەرکووکە لە باشووری کوردستان لە عێراق، ناوەندی قەزاکە شاری کەرکووکە، ھەروەھا ناوەندی پارێزگای کەرکووکە، بە فەرمانێکی شاھانە لە ساڵی ١٩٣٧ی زایینی دامەزراوە، کۆی ڕووبەرەکەی نزیکەی (٥٥٦٧٫١) کیلۆمەتر دووجایە و ژمارەی دانیشتووانەکەی (١،١٨٤،٧٢٢) کەسە.[٢] ئەم قەزایە ناوەندێکی بازرگانی و کشتوکاڵی و پیشەسازییە، بەو پێیەی زەویەکانی گۆگرد و غاز و نەوتیان تێدایە. کێڵگەی نەوتی دەوڵەمەندی تێدایە. بەرھەمھێنانی نەوتی بازرگانی لە کەرکووک لە ساڵی ١٩٢٧ لە بیری ژمارە ١ لە بابەگوڕگوڕ دەستی پێکرد. یەدەگی نەوتی دۆزراوی کێڵگە بەرھەمھێنەرەکان دەگاتە ٢٥٬٥٨٣ ملیۆن بەرمیل.

قەزای کەرکووک
بە عەرەبی: قضاء کرکوک
بە ئینگلیزی: Kirkuk District
نەخشەی قەزاکانی پارێزگای کەرکووک
Map
قەزای کەرکووک
وڵات عێراق
 کوردستان
ھەرێمباشووری کوردستان
(ناوچە جێناکۆکەکان)
مەڵبەندکەرکووک
ژمارەی ناحیەکان٧
ژمارەی گوندەکان٢٣٦
بوون بە قەزا١٨٥٠
دەسەڵات
 • قایمقامفەلاح یایچلی
ڕووبەر
 • قەزا٥٥٦٧٫١ کیلۆمەتری چوارگۆشە (٢٬١٤٩٫٥ میلی چوارگۆشە)
 • ئاو٣٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە (١٠٠ میلی چوارگۆشە)  ٢%
 • شاری
١٥٩٫٦٥ کیلۆمەتری چوارگۆشە (٦١٫٦٤ میلی چوارگۆشە)
بەرزایی
٣٦١ مەتر (١٬١٨٤ پێ)
بەرزترین بەرزایی
٩٤٠ مەتر (٣٬٠٨٠ پێ)
نزمترین بەرزایی
١٩٤ مەتر (٦٣٦ پێ)
ژمارەی دانیشتووان
 • قەزا١،١٨٤،٧٢٢
 • چڕی٢١٢٫٨ کەس لە کیلۆمەتری چوارگۆشە (٥٥١ کەس لە میلی چوارگۆشە)
سەرناوی دانیشتووکەرکووکی
زمان و ئایین
 • زمانکوردی (سۆرانیعەرەبی، تورکمانی و سوریانی
 • ئایینئیسلام(سوننە و شیعەیارسان و مەسیحی
 • ب پ م(٢٠١٧)٠٫٧٠٦[١]
بەرز · ٢ەم بۆ ١٧
ناوچەی کاتیUTC+٣:٣٠ (ناوچەی کاتی)
 • ھاوین (DST)UTC+٤:٣٠ (ھاوین)
تەلەفۆن٩٦٤+
وێبگەhttps://www.kirkuk.gov.iq/

ناو دەستکاری

ناوی ئەم قەزایە لە ناوەندەکەیەوە وەرگیراوە کە شاری کەرکووکە. سەبارەت بە ناوی کەرکووک، ھەر لە دێرینەوە بە چەندین شێوە ھاتووە، چەندین قۆناغی دەسەڵاتدارێتی ناوخۆ و دەرەکی بە سەر ئەم شارە و ناوچەکەدا ھاتووە، ئەمەش وەھای لێکردووە کە چەندین ناوی ھەبێت.[٣]

  • ئارابخا: کۆنترین ناوی کەرکووکە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ھەزارەی دووەمی پێش زایین. کە بە زمانی گۆتی پێیان وتووە ئارابخا و ھەروەھا پایتەختی میرنشینەکەیان بووە.
  • ئامابجە: ئەکەدیەکان وایان پێ وتووە.
  • کنھار: سۆمەرییەکان وایان پێ وتووە.
  • کارمای و کارکا: سامییەکان وایان پێ وتووە.
  • کارکۆک: واتا ئیشی زۆر چاک و باش.
  • کوڕکوڕا: لە سەردەمی ئەسکەندەری مەزن ئەم ناوەی ھەبووە گوایە لە گڕی بابە گوڕگوڕەوە ھاتووە.
  • کورکوراک: لە سەردەمی سوباریەکاندا وایان پێ وتووە.
  • کەرخ سلۆق: واتا شاری سلوقییەکان.
  • کەرخاوسلۆق: واتا شاری شورەدار.
  • کرکر: واتا ناوەندێکی ئاگرینی.
  • گەمرەکان: لە سەردەمی ساسانییەکان وایان پێ وتووە.
  • باجرمێ و باگرمێ: لە سەردەمی خەلافەتی ئیسلامیدا وای پێ وتراوە.
  • کەرکووک: بۆ یەکەین جار لە سەردەمی تەیمووری لەنگدا لە لایەن (شەرەفەدین عەلی یەزیدی)ەوە بەکارھێنراوە، لە پەرتووکی(تاریخ تیمور یا زەفەرنامە) تیایداھاتووە لە ساڵی (٨٠٦ک/١٤٠٣ز).‎[٤]

جوگرافیا دەستکاری

قەزای کەرکووک ھاوسنوورە لەگەڵ؛

ڕووبەر دەستکاری

ڕووبەری ئەم قەزایە (٣٣١٠کم٢)یە لە (٣٢٪) پارێزگای کەرکووک پێکدەھێنێت و (٠٫٧٥٪) عێراق پێکدەھێنێت.[٦]

دانیشتوان دەستکاری

دانیشتوانی ئەم قەزایە لە کورد، تورکمان، عەرەب و کلدانی پێکھاتووە، بە پێی پێشبینی دەستەی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ دانیشتوانی ئەم ناحیەیە (١،١٨٤،٧٢٢)کەسە. لە (٦٨٫٦٢٪)ی دانیشتوانی پارێزگای کەرکووک و (٢٫٨٦٪)ی دانیشتوانی عێراق پێکدەھێنێت.[٧][٨]

مێژوو دەستکاری

قەزای کەرکووک وەک یەکەی کارگێڕی کە لە مێژوودا ئاماژەی پێکرابێت دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عوسمانی، کاتێک لە ڕووی کارگێڕییەوە دەوڵەتی عوسمانی پێشکەوت و یەکەی کارگێڕی قەزای ھێنایە ناو یەکە کارگێڕییەکانی.

سەردەمی عوسمانی(١٥٥٤-١٩١٨) دەستکاری

  • لە ساڵی ١٥٥٤ کە عوسمانییەکان ئەو ناوچەیەیان داگیر کرد، دەسەڵاتی ناوچەکەیان بەخشی بەو میرە کوردانە کە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی عوسمانییەکاندا ھاوکارییان ھەبوو. ھەروەھا ئەیالەتی شارەزووریان درووستکرد. کە ئێستا. بەنزیکەیی سنووری باشووری کوردستان دەناسرێت. کەرکووک پایتەختی ئەم ئەیالەتە بووە. بۆیە ڕاستەوخۆ نەخراوەتە ناو سیستەمی کارگێڕی عوسمانیەوە. فەرمانڕەواکان ئەندامی ھۆزە کوردییەکان بوون و تەنیا بە دەگمەن سەربازی عوسمانی لە ئەیالەتەکەدا ھەبوون.[٩]
  • لە سەدەی ١٨ و نۆزدەھەمدا، ئەیالەتەکە کەوتە ژێر دەستی بنەماڵەی بابان. ئەندامانی ئەم بنەماڵەیە توانیان بە گەرەنتیکردنی ئاسایشی سنوورە ناجێگیرەکانی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی لەگەڵ ئێران لە بەرامبەر ئۆتۆنۆمی تەواودا، دەسەڵاتی خۆیان بپارێزن. سنجاقی بابان کە شاری کەرکووکی لەخۆگرتبوو، بەناوی ئەو بنەماڵەیەوە ناونراوە.[١٠]
  • بابانەکان چاویان لە میرە کوردەکانی میرنشینی ئەردەڵان دەکرد کە بەشەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستانیان لە ژێر دەستدابوو، بۆ ئەوەی ببنە ڕکابەری سروشتییان، و لە ساڵی ١٦٩٤ سلێمان بەگ ھێرشی کردە سەر ئێران و شکستی بە میری ئەردەڵانی ھێنا. دوای ساڵی ١٧٨٤،بابانەکان پایتەختەکەیان گواستەوە بۆ شاری نوێی سلێمانی کە بەناوی دامەزرێنەری خانەدانەکەوە ناونرا. لە ساڵی ١٨٥٠دا دواجار دەسەڵاتی بابانەکان کۆتایی پێھات. ھەرێمەکە لە ساڵی ١٨٦٢دا خرایە ژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی ئەیالەتی بەغداوە، کەرکووک بووە سنجاقێکی ئەم ئەیالەتە.
 
ئەیالەتی شارەزوور لە ١٦٠٩

قۆناغی یەکەم: لە نێوان ساڵانی(١٨٥١-١٨٦٩) دەستکاری

سیستەمی کارگێڕی ئەم قۆناغە لەژێر ھەژموونی دابەشبوونی جوگرافیای ھۆزەکاندا بووە، سنووری ئەم لیوایە و لیوا ھاوسنوورەکانی میراسی ناکۆکی نێوان ھەردوو میرنشینی بابان و میرنشینی سۆران بوو، لەکاتێکدا دەسەڵاتی میر محەممەدی ڕەواندوز ھەردەھات فراوانتر دەبوو تاگەیشتە سنووری کۆیە و ڕانیە و دەربازی دەستە چەپی زێی بچووکیش بوو. چەندین ناحییەی ئەیالەتی شارەزووری خستە سەر میرنشینەکەی لەوانە ناحیەکانی(عەسکەر، ئاغجەلەر، کێوەچەرمەڵە، چیاسەوز، گڵناغاج، قەسرۆک، گردخەبەر، جبق قلعە و شوان) لەگەڵ مەنگوڕایەتیدا.

ناکۆکی نێوان میرانی بابان ھەر بەردەوام بوو، میر محەممەد بە ھەلی زانی ھێرش بکاتە سەر میرنشینی بابان، وەزیر (عەلی پاشا-والی بەغدا) لەگەڵ حکومەتی ئێراندا ھاوپەیمانییەکی دژی میرنشینی سۆران بەست و ھەردووکیان ھاوکاری سڵێمان پاشای بابانیان کرد، ئەمە لە کاتێکدا ھێزی سۆران لە پێشڕەویدا بوون و گەیشتبوونە سورداش سوپای ھەردوولا لە قەمچوغە گەیشتنە یەک و شەڕێکی قورس لە نێوانیاندا ڕوویدا و سوپای سۆران ناچار بوو پاشەکشێ بکات بۆ کۆیە و ھێزی سڵێمان پاشای بابان کەوتە دوای و لە نزیک کۆیە جارێکیتر شەڕ ڕوویدا، ھێزی بابان و ھاوپەیمانەکانی زیانی زۆریان بەرکەوت و ھەردوولا گەیشتنە ڕێکەوتن کە ھێڵی ڕانیە، بتوێن، خەلەکان، چناران تا زێی بچووک و دەربەند ببێتە سنووری نێوانیان. دوای لە ناوچوونی ھەردوو میرنشینەکە(سۆران لە ١٨٣٦) و (بابان لە ١٨٥١)دا ئەم سنوورە وەک خۆی مایەوە.[١١]

ئەیالەتی شارەزوور(١٥٥٤-١٨٦٢) لە چوار لیوا پێکھاتبوو، لیوای کەرکووک، لیوای زەنگاباد، لیوای ڕەواندزو لیوای سلێمانی. لیوای کەرکووک لەم سەردەمەدا لە (٨) قەزا پێکھاتبوو (قەزای کەرکووک، قەزای ئاڵتون کۆپری و ھۆزی عوبێد، کە ئەم ھۆزە دەوارنشین بوون، قەزای ئەربیل، قەزای بالیسان، قەزای کۆیە، ھۆزی سن و ئاکۆ و خۆشناو، ھۆزی بڵباس).

دوای ھەڵوەشاندنەوەی ئەیالەتی شارەزوور لە ساڵی ١٨٦٦دا ناوی لیوای کەرکووک بوو بە لیوای شارەزوور، وەئەم لیوایەش چووە سەر ویلایەتی بەغدا. لە ساڵی ١٨٦٨دا ناوی یەکەی کارگێڕی (لیوا) گۆڕدرا بە (سنجاغ).[١٢]

لەم سەردەمەدا قەزاکان فرە ناوەند بوون، ھێشتا یەکەی ناحیە نەھاتبووە ناو یەکەی کارگێڕی ئەم فرەناوەندانە دەوری ناحیەی دەبینی، قەزای کەرکووکیش فرە ناوەند بوو کە ئەمەش ناوەندەکانی بوو(کەرکووک، قەرەحەسەن، گوک تەپە، شوان، تازەخورماتوو، داقووق، بەشیر، جەباری، گل، قەڵخانلوو، ھەفتەغار).

قۆناغی دووەم؛ لە نێوان ساڵانی(١٨٦٩-١٨٧٢)دا دەستکاری

قۆناغی (مەدحەت پاشا)یە کە بۆ ماوەی سێ ساڵ والی ویلایەتی بەغدا بوو، ھەرچەندە تەمەنی ئەم قۆناغە کەم بوو، بەڵام تێیدا گۆڕانکاری جەوھەری ئەنجامدرا لەوانە:

  1. ھەڵوەشاندنەوی فرە ناوەندی قەزاکان: بەشێکی زۆری قەزاکان فرە ناوەند بوون و بەشێکی ئەم ناوەندانە بەناوی ھۆزەکانەوە بوو، لەم قۆناغەدا فرە ناوەندەکان ھەڵوەشێنرانەوە و لە جیاتی ئەوە یەک ناوی بۆ دانرا.
  2. کۆکردنەوەی قەزاکان: بەشێک لە قەزاکان کۆکرانەوە لە یەک قەزادا، و یەک ناوی بۆ داندرا. وەک قەزای کەرکووک کە لە ناوەندی شاری کەرکووکدا کۆکرایەوە.[١٣]

قۆناغی سێیەم لەنێوان ساڵانی(١٨٧٣-١٩١٨)دا دەستکاری

لەم قۆناغەدا چەندین گۆڕانکاری سازدرا، لەوانە لیواکانی دەوڵەتی عێراقی ئێستا کەمکرایەوە بۆ (٨)سنجاغ-لیوا، لیواکانی کەش کران بە قەزا و بەشێکی زۆری قەزاکانیش کرانە ناحیە. یەکە کارگێڕییەکانی باشووری کوردستان دەکەونە سنووری سنجاغەکانی(مووسڵ و شارەزوور و بەغدا). تا پێکھێنانی ویلایەتی مووسڵ لە ساڵی(١٢٩٦ک-١٨٧٩ز)دا ھەموو سنجاغەکانی سەرەوە سەر بە ویلایەتی بەغدا بوون و دوای ئەو بەروارە ھەردوو لیوای سلێمانی و شارەزوور خرایە سەر ویلایەتی مووسڵ. خاڵی گرنگی ئەم قۆناغە لەوەدایە کە تۆماری زانیاری وردی یەکە کارگێڕییەکان لە ساڵنامەی ویلایەتەکاندایە، لە قۆناغی دووەمی سەردەمی عوسمانیدا زێی بچووک کرابووە سنوری نێوان ھەردوو لیوای سلێمانی و ڕەواندز، لەم قۆناغەدا چەمی ژاراوە و زێی بچووک بووە سنووری نێوان سنجاغی شارەزوور و سلێمانی، بە واتایەکی تر ناحیەی پشدەر خرایە سەر لیوای سلێمانی و شوێنی ھۆزەکانی(مەنگوڕ و مامش و ڕەمەک) لە پشدەر جیاکرایەوە و خرایە سەر قەزای ڕانیە و ناحیەی شوانیش گەڕایەوە سەر سنجاغی شارەزوور، ھەرچەندە ماوەی ئەم قۆناغە درێژترە و زانیارییەکانیشی لە ئاستی بەرزدایە، گرنگترین ئەم گۆڕانکاریانە ھەڵوەشاندنەوەی سنجاغی ڕەواندز ھەروەھا سنجاغی ڕەواند بووە قەزای ڕەواندز و قەزاکانی(سیدەکان، باڵەک و ھەریر) کرانە ناحیە و خرانە سەر قەزای ڕەواندز، قەزاکانی(شوان، ئاڵتوون کۆپری، مەڵحە و دووزخورماتوو) کرانە ناحیە و خرانە سەر قەزای کەرکووک، قەزای(داودە و قەرەتەپە) کرانە ناحیە و خرانە سەر قەزای سەلاحیە لەم سەردەمەدا ناوی قەزای کفری گۆڕدرا بە قەزای صەلاحیە. [١٤]

  • یەکە کارگێڕییەکان لە ساڵی ١٨٩٠دا:
  1. ھێنانە کایەی ناحیەی گل لە سنووری قەزای کەرکووک.
  2. لە دوای ھێنانەکایەی ویلایەتی مووسڵ و ھەڵوەشاندنەوەی قەزای قەرەداغ لە سنووری سنجاغی سلێمانیدا، گۆڕانکاری لە سنووری ھەردوو سنجاغدا ئەنجامدرا، پێشتر ھەر یەک لە ناحیەی سەنگاو و ناحیەی زەنگەنە سەر بە قەزای قەرەداغ بوون، دوای ھەڵوەشاندنەوەی ئەو قەزایە، ناحیەی سەنگاو بە قەزای بازیانەوە بەسترایەوە، ناحیەی زەنگەنەش ھەڵوەشێنرایەوە و ھەر چوار یەکەی(بناری گل، قەڵغانلوو، جەباری) ناحیەی گلیان پێکھێنا و بە قەزای کەرکووکەوە بەسترانەوە، ناوەندی ئەم ناحیەیەش گوندی کۆشکی سەرو بوو.
  3. لە دوای ساڵی ١٨٩٠ز چەندین گۆڕانکاری کارگێڕی لە سنوورەکەدا ڕوویدا. ناوی سنجاغی شارەزوور گۆڕدرا بە سنجاغی کەرکووک، ناحیەی داقووق لە سنووری قەزای کەرکووک ھاتە کایەوە، ناحیەی دووزخورماتوو بە قەزای سەلاحیەوە بەسترا، لە سنووری قەزای ڕەواندز ناحیەی شێروان ھاتەکایەوە و ناحیەی مزووری باڵا لکێندرا بە قەزای ڕەواندزەوە.

لە سەردەمی ئینگلیز و پاشایەتییدا(١٩١٨ - ١٩٥٨) دەستکاری

یەکێک لە ئەنجامەکانی جەنگی جیھانیی یەکەم، دەوڵەتی عوسمانی زۆربەی ویلایەتەکانی لەدەست دا، لەوانە ویلایەتی بەسڕە، ویلایەتی بەغدا و ویلایەتی مووسڵ، ئینگلیزەکان لە ماوەی ئەو جەنگەدا توانیان خاکی ئەم ویلایەتانە کۆنتڕۆڵ بکەن. لە دەوڵەتی نوێی عێراقدا کۆیان بکەنەوە و حکومەتێک دابمەزرێنن. حکومەتی تازە پێکھێنراو ھەستا بەڕێکخستنەوەی یەکە کارگێڕییەکانی دەوڵەتی عێراق، یەکە کارگێڕییەکانی لیوای کەرکووک وەک پێشووی خۆی بوو بە دەستکارییەکی کەمەوە.

قۆناغی یەکەم؛ لە نێوان ساڵانی(١٩١٨-١٩٢٥)دا دەستکاری

  1. لەم قۆناغەدا ناحیەی گل ھەڵوەشایەوە.
  2. ھاتنە کایەی ناحیەی قەرەحەسەن لە قەزای کەرکووک.
  3. پاشان قەزای گل ھاتە کایەوە و ناحیەی قەرەحەسەن بووە ناحیەی ناوەندی قەزای گل و لە قەزای کەرکووک دابڕێنرا.
  4. لەم قۆناغەدا قەزای کەرکووک پێکھاتبوو لە (ناحیەی ناوەندی قەزای کەرکووک، ناحیەی مەڵحە و ناحیەی ئاڵتوون کۆپری).

قۆناغی دووەم؛ لە نێوان ساڵانی(١٩٢٦-١٩٣٦)دا دەستکاری

بە ئیرادەی مەلەکی ژمارە(٢٠٠) لە ٢٩\٦\١٩٣٣دا ناحیەی شوان لە قەزای کەرکووک و ناحیەی سەنگاو لە قەزای گل دابڕێنران و بە قەزای چەمچەماڵەوە لکێندران. ناحیەی داقووق لە قەزای کەرکووک دابڕێنراو بە قەزای گلەوە لکێنرا، ھەروەھا ناوەندی قەزای گل لە قادرکەرەمەوە گواسترایەوە بۆ لەیلان.

قۆناغی سێیەم؛ لە نێوان ساڵانی(١٩٣٦-١٩٤٧)دا دەستکاری

  1. قەزای گل ھەڵوەشایەوە، لە بری ناحیەی قەرە حەسەن ھاتە کایەوە و لکێندرا بە قەزای کەرکووکەوە.
  2. بە ئیرادەی مەلەکی ژمارە(٥٦٤) لە ٢٧\١١\١٩٤٥دا، قەزای کەرکووک لەم ناحیەیانە پێکھاتبوو(ناحیەی ئاڵتون کۆپری، ناحیەی مەڵحە، ناحیەی قەرەحەسەن و ناحیەی شوان).
  3. ناوەندی ناحیەی مەڵحە لە گوندی تەل عەلییەوە گواسترایەوە بۆ پڕۆژەی حەویجە، بە بەیانی وەزارەتی ناوخۆ ژمارە(٥٧١٤) لە ساڵی ١٩٤٣دا.[١٥]

قۆناغی چوارەم؛ لە نێوان ساڵانی(١٩٤٧-١٩٥٨)دا دەستکاری

  1. لە ساڵی ١٩٥٦دا، ناوی ناحیەی مەڵحە گۆڕدرا بە ناحیەی حەویجە لە قەزای کەرکووکدا.
  2. قەزای کەرکووک لەم ناحیەیانە پێکھاتبوو(ناحیەی ئاڵتون کۆپری، ناحیەی حەویجە، ناحیەی قەرەحەسەن و ناحیەی شوان).

لە سەردەمی کۆماریدا (١٩٥٨ - ١٩٩٠)دا دەستکاری

سەردەمی ئینگلیز و پاشایەتی چل ساڵی خایەند، تێیدا پەیکەری کارگێڕی یەکە کارگێڕییەکانی دەوڵەت جێگیرکرایەوە و زۆربەی گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانی بە مەبەستی کارگێڕی بوو. لە بەرواری ١٤\٧\١٩٥٨دا سەردەمێکی نوێ لە عێراقدا دەستی پێکرد، سیستەمی پاشایەتی گۆڕدرا بە کۆماری، لەم سەردەمەدا زۆرترین گۆڕانکاری لەم وڵاتەدا ئەنجامدرا، لە بواری فکری و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی. ئەم گۆڕانکارییانەش ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی بە سەر بواری کارگێڕیدا ھەبوو، زۆرترین ڕەنگدانەوەشی لە لیوای کەرکووکدا ھەبوو، بۆیە زۆرترین گۆڕانکاری کارگێڕی تیایدا ئەنجامدرا.[١٦]

ئەم سەردەمە پڕە لە گۆڕانکاری سیاسی، حکومی عەبدولکەریم قاسم (٥) ساڵ، نەتەوە پەرستەکان بە سەرکردایەتی عەبدولسەلام عارف، دواتر براکەی عەبدولڕەحمان عارف (٥) ساڵ، دەسەڵاتی بەعسییەکان لە دوو قۆناغدا، ئەحمەد حەسەن بەکر (١٩٦٨ - ١٩٧٩) و سەددام حوسێن (١٩٧٩ - ٢٠٠٣). کاریگەری ئەم فرە دەسەڵاتە و دەستتێوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لە سیاسەتی عێراق، لەسەر گۆڕاکارییە کارگێڕییەکان بە زەقی دەردەکەوێت، زۆربەی زۆری ئەو گۆڕانکارییانە سیاسی بوو، ئامانجی لە ناوبردنی بزوتنەوەی سیاسی کوردستان بوو، وە گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە ستراتیژییەکان بوو، بەتایبەت ئەوانەی دەوڵەمەند بوون بە سامانە سروشتییەکان.[١٧]

قۆناغی یەکەم؛ لەنێوان ساڵانی(١٩٥٨-١٩٦٥)دا دەستکاری

  1. بە فەرمانی کۆماری ژمارە(٤٨٦) لە ١٤\٨\١٩٦٠دا، (١٨)کەرتی ناحیەی ئاڵتون کۆپری، (٨)کەرتی ناحیەی حەویجە و (٨)کەرتی ناحیەی ناوەندی قەزای کەرکووک، دابڕێنران بۆ ھێنانە کایەی ناحیەی دووبز لە سنووری قەزای کەرکووکدا و ناوەندەکەی گوندی دووبز بوو.[١٨]
  2. بە فەرمانی کۆماری ژمارە(٦٣٥) لە ٢٦\١٠\١٩٦٠دا، (٣٥)کەرتی ناحیەی ناوەندی قەزای کەرکووک و (١٧)کەرتی ناحیەی داقووق، دابڕێنران بۆ ھێانەکایەی ناحیەی تازەخورماتوو لە سنووری قەزای کەرکووک ناوەندەکەشی شارەدێی تازەخورماتوو بوو.[١٩]
  3. (٩)کەرتی ناحیەی داقووق و کەرتێکی ناحیەی ناوەندی قەزای کەرکووک بە ناحیەی حەویجەوە لکێندرا.
  4. بە فەرمانی کۆماری ژمارە(٣٢٨) لە ٢٩\٦\١٩٦١دا، (١١) کەرتی ناحیەی ناوەندی قەزای کەرکووک و (١٩)کەرتی ناحیەی تازەخورماتوو دابڕێنران بۆ ھێنانە کایەی ناحیەی ڕیاز لە سنووری قەزای کەرکووک، ناوەندەکەی گوندی خسێفی بوو کە لە دوایدا ناوی گۆڕدرا بە ڕیاز.[٢٠]
  5. بە فەرمانی کۆماری ژمارە(٣٧٨) لە ٢٩\٧\١٩٦١دا، قەزای حەویجە لە سنووری پارێزگای کەرکووکدا ھاتە کایەوە و ھەردوو ناحیەی حەویجە و ناحیەی ڕیازی پێوە گرێدرا و ناوەندەکەشی شارۆچکەی حەویجە بوو.[٢١]
  6. لەم قۆناغەدا قەزای کەرکووک پێکھاتبوو لە (٦) ناحیە کە ئەمانە بوو(ناحیەی ناوەندی قەزای کەرکووک، ناحیەی ئاڵتوون کۆپری، ناحیەی دووبز، ناحیەی قەرەحەسەن، ناحیەی شوان و ناحیەی تازەخورماتوو).

قۆناغی دووەم؛ لە نێوان ساڵانی(١٩٦٥-١٩٧٧)دا دەستکاری

  1. دابڕانی (٥)کەرت لە ناحیەی تازەخورماتوو، لکاندنیان بە ناحیەی ناوەندی قەزای کەرکووکەوە.
  2. بە فەرمانی کۆماری ژمارە(٦) لە ٢-١-١٩٧٢دا، (٨)کەرتی ناحیەی ڕیازی سەر بە قەزای حەویجە لکێندرا بە ناحیەی تازەخورماتووی سەر بە قەزای کەرکووک.
  3. بە فەرمانی کۆماری ژمارە(٣٨٤) لە ٤-٩-١٩٧٢دا، (٧) کەرتی ناحیەی ناوەندی قەزای کەرکووک، (١١)کەرتی ناحیەی دووبز، (٨)کەرتی ناحیەی تازەخورماتوو و (٢)کەرتی ناحیەی ڕیاز دابڕێنران بۆ ھێنانەکایەی ناحیەی یایچی لە سنووری قەزای کەرکووک، ناوەندەکەی گوندی یایچی بوو.[٢٢]
  4. بە فەرمانی کۆماری ژمارە(٣٢) لە ٢٤-١-١٩٧٦دا، (٦) کەرتی ناحیەی ناوەندی قەزای چەمچەماڵ بە ناحیەی قەرەحەسەنەوە لە قەزای کەرکووک بەسترایەوە.
  5. بە فەرمانی کۆماری ژمارە(٣٣) لە ٢٥-١-١٩٧٦دا، (٢٩) کەرتی ناحیەی کەندێناوە و (١١) کەرتی ناحیەی قەڕاجی قەزای مەخموور بە ناحیەی دووبزەوە بەستران. ھەروەھا (٢) کەرتی ناحیەی قوشتەپەی قەزای ھەولێر بە ناحیەی ئاڵتون کۆپری قەزای کەرکووکەوە بەسترا.
  6. بە فەرمانی کۆماری ژمارە(٧٢) لە ١٥-٢-١٩٧٦دا، قەزای دووبز ھاتە کایەوە و شارۆچکەی دووبز ناوەندی بوو، ھەروەھا ھەردوو(ناحیەی ناوەندی قەزای دووبز و ناحیەی ئاڵتون کۆپری پێوە گرێدرا.
  7. بە فەرمانی کۆماری ژمارە(٢٥٦) لە ١٨-٥-١٩٧٦دا، ناحیەی داقووق لە قەزای دووزخورماتووی پارێزگای سەلاحەددین دابڕێنرا و بە قەزای کەرکووکەوە لکێندرا.[٢٣]
  8. بە فەرمانی کۆماری ژمارە(٣٤٥) لە ٢٢-٦-١٩٧٦دا، (٢) کەرتی ناحیەی داقووق سەر بە قەزای کەرکووک دابڕێنرا بۆ ھێنانە کایەی ناحیەی حەمرین لە قەزای دۆری سەر بە پارێزگای سەلاحەددین.[٢٤]
  9. ھەرسێ کەرت(گوند)ی (حەسەن خانە، حەمک، ھەفتاچەشمەناحیەی قادرکەرەم بە ناحیەی قەرەحەسەنەوە لکێندرا. ھەروەھا گوندی عەلی میکایلی ناحیەی شوان بە ناحیەی ناوەندی قەزای چەمچەماڵەوە لکێندرا.
  10. لەم قۆناغەدا قەزای کەرکووک پێکھاتبوو لە (٦) ناحیە کە ئەمانە بوو(ناحیەی ناوەندی قەزای کەرکووک، ناحیەی داقووق، ناحیەی یایچی، ناحیەی قەرەحەسەن، ناحیەی شوان و ناحیەی تازەخورماتوو).

قۆناغی سێیەم؛ لە نێوان ساڵانی(١٩٧٧-١٩٨٦)دا دەستکاری

  1. بە فەرمانی کۆماری ژمارە(٦٥٢) لە ٣-١١-١٩٧٧دا، (٢١)کەرتی ناحیەی قەرەحەسەن و (٩)کەرتی ناحیەی شوان دابڕێنران بۆ ھێنانە کایەی ناحیەی ئەلڕەبیع و ناوەندەکەی گوندی قەرەھەنجیرە و بە قەزای کەرکووکەوە گرێدران.[٢٥]
  2. بە فەرمانی کۆماری ژمارە(٢٣٢) لە ٦-٥-١٩٧٩دا، کەرتێکی ناحیەی شوان بە ناحیەی ئاڵتون کۆپرییەوە بەسترا و (٣)کەرتی ناحیەی ئاڵتون کۆپریش بە ناحیەی شوانەوە بەسترا.
  3. بە فەرمانی کۆماری ژمارە(٢٣٢) لە ٦-٥-١٩٧٩دا، کەرتێکی ناحیەی ناوەندی قەزای چەمچەماڵ بە ناحیەی ئەلڕەبیعەوە بەسترا.
  4. بە بڕیاری حکومی مەحەلی ژمارە(٢١٤٢١) لە ساڵی ١٩٧٩دا، کەرتێکی ناحیەی قەرەحەسەن بە ناحیەی داقووقەوە لکێندرا.
  5. لەم قۆناغەدا قەزای کەرکووک پێکھاتبوو لە (٧) ناحیە کە ئەمانە بوو(ناحیەی ناوەندی قەزای کەرکووک، ناحیەی داقووق، ناحیەی یایچی، ناحیەی قەرەحەسەن، ناحیەی شوان، ناحیەی تازەخورماتوو و ناحیەی ئەلڕەبیع).

قۆناغی چوارەم؛ لە نێوان ساڵانی(١٩٨٧-١٩٩٠)دا دەستکاری

لەم قۆناغەدا بەشێکی زۆری ناحیەکانی ئەم پارێزگایە ھەڵوەشێنران، قەزای دووبز بچووک کریەوە بۆ ناحیە و ھەموو کەرتەکانی سەروو زێی بچووک بە پارێزگای ھەولێرەوە لکێندران. قەزای داقووق ھاتە کایەوە و لە سنووریدا ناحیەی ڕەشادیش درووستکرا. جێگۆڕکێی کەرتەکان لە نێوان یەکە کارگێڕییەکاندا کرا.

  1. دابڕانی کەرتێکی ناحیەی قادرکەرەم و لکاندنی بە ناحیەی لەیلانەوە.
  2. بە فەرمانی کۆماری ژمارە(٣٢١) لە ١١-٦-١٩٨٧دا، ناحیەکانی(قەرەحەسەن، شوان، یایچی، ئەلڕەبیع و ئەلقودس)ی سەر بە پارێزگای کەرکووک ھەڵوەشێنران.
  3. بە فەرمانی کۆماری ژمارە(٤٣٤) لە ١١-٩-١٩٨٩دا، گۆڕانکاری گەورە لە سنووری پارێزگای کەرکووکدا ئەنجامدرا و بریتییەلە: أ:- قەزای دووبز ھەڵوەشێنراو لە بری ئەو ناحیەی دووبز پێکھێنرا.ب:- قەزای داقووق پێکھێنرا و لە سنووردا ناحیەی ڕەشاد ھاتە کایەوە.ت:- ھەموو کەرتەکانی ناحیەی ئاڵتون کۆپری، کەرتەکانی خوارووی زێی بچووک بە ناحیەی دووبزەوە لکێندران و کەرتەکانی سەرووی زێی بچووک بە پارێزگای ھەولێرەوە لکێندران.ج:- (٤٢) کەرتی قەزای دووبز ھەڵوەشێنران و دابڕێنران، (٣٨)کەرتی بە بە قەزای ھەولێر و (٤)کەرتی بە قەزای حەویجەوە لکێندران.ح:- (١١) کەرتی ناحیەی تازەخورماتوو و (٤)کەرتی ناحیەی ڕیاز بە ناحیەی ڕەشادەوە لکێندران.خ:- (٨١) کەرتی قەزای کەرکووک دابڕێنرا، (٢٩)کەرتی بە ناحیەی دووبز، (٤٨)کەرتی بە ناحیەی تازەخورماتوو، کەرتێکی بە ناحیەی ناوەندی قەزای حەویجە و (٣)کەرتی بە ناحیەی ڕیازەوە لکێندران.[٢٦]
  4. لەم قۆناغەدا قەزای کەرکووک پێکھاتبوو لە (٣) ناحیە کە ئەمانە بوو(ناحیەی ناوەندی قەزای کەرکووک، ناحیەی دووبز و [[ناحیەی تازەخورماتوو]).

لە نێوان ساڵانی(١٩٩٠ - ٢٠٠٣)دا دەستکاری

  1. بە فەرمانی کۆماری ژمارە(٢٣٥) لە بەرواری ١-١-١٩٩٦دا، دابڕانی (٣٨) کەرت لە پارێزگای ھەولێر و لکاندنیان بە ناحیەی دووبز لە پارێزگای کەرکووک.[٢٧]
  2. بە فەرمانی کۆماری لە بەرواری ١-١-١٩٩٩دا، گەڕانەوە و سەر لە نوێ پێکھێنانەوەی ناحیەی لەیلان لە قەزای کەرکووک. بە ناوی (ناحیەی أم المعارک).[٢٨]
  3. بە فەرمانی کۆماری لە بەرواری ١-١-٢٠٠٢دا، گەڕانەوەی ناحیەی یایچی و سەر لە نوێ پێکھێنانەوەی بە ناوی (ناحیەی الملتقی).[٢٩]

لە دوای ساڵی (٢٠٠٣)ەوە دەستکاری

ناحیەکان دەستکاری

ئەم قەزایە چەندین ناحیەی ھەیە: ناحیەی حایجی، ناحیەی ئەلمولتەقە، ناحیەی تازە خورماتوو، ناحیەی لەیلان، ناحیەی شوان، ناحیەی قەرەھەنجیر.[٣١]

ناحیە دانیشتوان
لە ٢٠٠٧[٣٢]
ناوەندی کەرکووک ٦٦٣٬٣٧٩
یایجی ٨٬٠٦١
ئەلمولتەقە ١١٬٠٠٠
تازە خوورماتوو ٢٥٬٦٦٨
شوان ١٥٬٠٠٠
ئەوانیتر ٢٦٬٧٠٤
سەرجەم ٧٤٩٬٨١٢

کەش و ھەوا دەستکاری

کەشوھەوای گەرمی ناوچە نیمچە وشکەکان لە ناوچەکەدا زاڵە.[٣٣] تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانەی ناوچەکە ٢٤ پلەی سەدییە. گەرمترین مانگ مانگی تەمموزە کە تێکڕای پلەی گەرمی ٣٧ پلەی سەدییە، ساردترینیش مانگی یەکە کە ٨ پلەی سەدییە.[٣٤] تێکڕای بارانبارینی ساڵانە ٣٦٢ ملیمەتر دەبێت. تەڕترین مانگ مانگی نۆڤەمبەرە کە تێکڕای بارانبارین ٩٢ ملم دەبێت، وشکترین مانگ مانگی حوزەیرانە کە ١ ملم باران باریووە.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "Sub-national HDI - Area Database - Global Data Lab". hdi.globaldatalab.org (بە ئینگلیزی). Retrieved 2018-09-13.
  2. ^ https://web.archive.org/web/20191227090621/https://www.geonames.org/94786/kirkuk-district.html
  3. ^ ‎جەمال بابان. أصول أسماء المدن و المواقع العراقیة؛ الجزء الاول(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٠-٢-٢٠٢٣.
  4. ^ گۆران ئیبراھیم ساڵەح. کەرکووک لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٠-٢-٢٠٢٣.
  5. ^ https://www.openstreetmap.org/relation/11069459
  6. ^ https://cosit.gov.iq/documents/AAS2021/1.pdf
  7. ^ https://cosit.gov.iq/ar/2018-12-19-08-39-42
  8. ^ ‎مەحموود إسماعیل محمد شھاب. إمکانیة الوصول و الأتصال لعقد شبکة طرق السیارات فی محافظة کرکوک(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٠-١٠-٢٠٢٣.
  9. ^ https://archive.org/details/bub_gb_66hCAAAAcAAJ
  10. ^ https://books.google.iq/books?id=QjzYdCxumFcC&pg=PA70&redir_esc=y#v=onepage&q&f=false
  11. ^ عباس العزاوی. عشائر العراق(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 1-11-2022.
  12. ^ سالنامة ولایت بغداد(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  13. ^ شەھید مامۆستا سوھەیل خورشید عەزیز - شەماڵ. ئەتڵەسی باشووری کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  14. ^ سالنامة ولایت بغداد(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  15. ^ https://lib.cihanuniversity.edu.iq/index.php?p=show_detail&id=10016
  16. ^ ‎شەھید مامۆستا سوھەیل خورشید عەزیز - شەماڵ. ئەتڵەسی کارگێڕی باشووری کوردستان(پارێزگای کەرکووک، دیالە و کووت)(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  17. ^ شەھید مامۆستا سوھەیل خورشید عەزیز - شەماڵ. ئەتڵەسی باشووری کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  18. ^ http://wiki.dorar-aliraq.net/iraqilaws/law/200.html
  19. ^ http://wiki.dorar-aliraq.net/iraqilaws/law/210.html
  20. ^ http://wiki.dorar-aliraq.net/iraqilaws/law/479.html
  21. ^ http://wiki.dorar-aliraq.net/iraqilaws/law/481.html
  22. ^ http://wiki.dorar-aliraq.net/iraqilaws/law/5976.html
  23. ^ http://wiki.dorar-aliraq.net/iraqilaws/law/11721.html
  24. ^ http://wiki.dorar-aliraq.net/iraqilaws/law/12310.html
  25. ^ http://wiki.dorar-aliraq.net/iraqilaws/law/9609.html
  26. ^ http://wiki.dorar-aliraq.net/iraqilaws/law/15066.html
  27. ^ http://wiki.dorar-aliraq.net/iraqilaws/law/2161.html
  28. ^ http://wiki.dorar-aliraq.net/iraqilaws/law/8782.html
  29. ^ https://web.archive.org/web/20221003234508/http://wiki.dorar-aliraq.net/iraqilaws/law/15902.html
  30. ^ https://cosit.gov.iq/documents/AAS2021/1.pdf
  31. ^ https://www.aa.com.tr/tr/dunya/irakin-kerkuk-kentindeki-patlamalarda-16-kisi-yaralandi-/1659894
  32. ^ "Archived copy" (PDF). Archived from the original (PDF) on 2020-11-12. Retrieved 2016-01-14.{{cite web}}: CS1 maint: archived copy as title (link) ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  33. ^ https://hess.copernicus.org/articles/11/1633/2007/hess-11-1633-2007.html
  34. ^ https://web.archive.org/web/20200511075542/https://neo.sci.gsfc.nasa.gov/dataset_index.php