خەلافەتی ڕاشدین

پێنج خەلیفەکەی دوای کۆچی دوایی محەمەدی پەیامبەر

خەلیفەکانی ڕاشدین ئەو چوار فەرمانڕەوایەن کە لەدوای وەفاتی حەزرەتی پێغەمبەر(صلی الله عليه وسلم) حوکمی موسڵمانانیان کردووە.

ئەم وتارە بەشێکە لە زنجیرەی

خەلافەت


خەلافەتی ڕاشدین

ئەبوبەکر · عومەر کوڕی خەتتاب
عوسمان کوڕی عەفان · عەلی کوڕی ئەبووتالیب

<دەوڵەتی ئەمەوی

موعاویە کوڕی ئەبووسوفیان · یەزید کوڕی معاویە ··· موعاویە کوڕی یەزید ··· مەروان کوڕی حەکەم

دەوڵەتی عەبباسی

ئەلسەفاح · ھارون ڕەشید ··· موستەعسیم بیللا

دەوڵەتی عوسمانی
دەوڵەتی فاتیمی
بابەتە پەیوەندیدارەکان

خەلافەتی ئەمەوی لە ئەندەلوس · خەلافەتی عەبباسی لە قاھیرە.

پایتەختی خەلافەتەکان

مەدینە · کووفە
دیمەشق ·بەغدا
قاھیرە . قوڕتوبە
ئەستەمبوڵ

ناودارەکانی خەلافەت

معاویە کوڕی ئەبووسوفیان · عومەری کوڕی عەبدول عەزیز
ئەبوجەعفەری مەنسور · ھارون ڕەشید
سوڵتان عوسمانی یەکەم . سوڵتان محەمەد فاتیح
سەلیمی یەکەم . سوڵتان سولەیمان قانونی
عەبدول حەمیدی دووەم

پێرستی ناوی خەلیفەکان دەستکاری

ناوی خەلیفە ماوەی خەلافەت ژیانی
ئیمامی ئەبوبەکری صدیق ١١ ک:١٣ ک ٣٨ پێش ک تا ١٣ ک
ئیمامی عومەر کوڕی خەتتاب ١٣ ک:٢٣ ک ٢٧ پێش ک تا ٢٣ ک
ئیمامی عوسمان کوڕی عەفان ٢٣ ک:٣٥ ک ٣٣ پێش ک تا ٣٥ ک
ئیمامی عەلی کوڕی ئەبوتالیب ٣٥ ک:٤٠ ک ١١ پێش ک تا ٤٠ ک
ئیمامی حەسەن کوڕی ئیمامی عەلی(ڕەزای خوایان لێبێت) ٤٠ ک:٤١ ک ٣ ک:٥١ ک

حەزرەتی ئیمامی ئەبوبەکری صدیق(ڕەزای خوای لێبێت) دەستکاری

یەکێکە لەو ھاوەڵانەی کە ھاوڕێیەتی پێغەمبەری(صلی الله عليه وسلم) کرد لەسەرتای ئیسلامەوە، وە زۆر نزیک بووە لێوەی، وە یەکەم خەلیفەی ڕاشدینە و یەکێکە لەو دە کەسەی مژدەی بەھەشتیان پێدراوە، ناسراوە بە صدیق لەبەر ئەوەی لە یەکەم ساتەوە شایەتی بۆ ڕاستی و دروستی بەسەرھاتی ئیسرا و میعراج دا، و لە کاتی نەخۆشیحەزرەتی پێغەمبەر(صلی الله عليه وسلم)، داوای لە حەزرەتی ئەبووبەکر کرد نوێژبە موسڵمانان بکات، و لەدوای کۆچی دوایی پێغەمبەر موبایەعەی خەلافەت درا بە ئیمامی ئەبووبەکر(رضي الله عنه) لە سەقیفەی بەنی ساعدە، لە ساڵی ١١ی کۆچی خەلافەتی گرتە دەست و بۆماوەی دوو ساڵ و چوار مانگ بەردەوام بوو، لە ماوەی دەسەڵاتیا شەڕی ڕەدە ڕوویدا، و فەرمانی بە کۆکردنەوەی قورئان کرد. کۆچی دوایی کرد لە ساڵی ١٣ی کۆچی.

گرنگترین ڕووداوەکانی سەردەمی حەزرەتی ئیمامی ئەبووبەکر(ڕەزای خوای لێبێت) دەستکاری

 
خەلافەتی ئیمامی ئەبووبەکر لە فراوانترین ئاستیدا، ساڵی ٦٣٤ک
  • ناردنی ھەڵمەتەکەی ئوسامەی کوڕی زەید: پیغەمبەر(صلی الله عليه وسلم) لە پێش وەفاتیدا ھەڵمەتێکی سەربازی بە سەرکردایەتی ئوسامەی کوڕی زەید(ڕەزای خوای لێبێت) ئامادەکرد بە ئامانجی تۆڵە سەندنەوەی شەهیدانی جەنگی موتتە وتەمێ کردنی غەساسینە بینێرێت بۆدەوروبەری شام، کاتێک ئوسامە ھەواڵی نەخۆشی پێغەمبەری(صلی الله علیه وسلم) بیست سەنگەری گرت لە نزیک مەدینە، ئیمامی ئەبووبەکر دوای ئەوەی موبایەعەی پێدرا فەرمانی دا بە سوپاکەی ئوسامە تا بە ئاڕاستەی خۆی بجوڵێت.
  • جەنگی ھەڵگەڕاوەکان (ڕەدە): ژمارەیەک لە ھۆزەکان دوای وەفاتی پێغەمبەر(صلی الله عليه وسلم) پاشگەز بوونەوە لە دانی زەکات، وچەند کەسێک پەیدا بوون کە بانگەشەی پیغەمبەرایەتیان ئەکرد، بەم جۆرە وەفاتی حەزرەتی پیغەمبەر(صلی الله عليه وسلم) دەرفەتی لەبەردەم ئیمان لاوازان و دوو ڕووان ڕەخساند، وە ئیمامی ئەبوبەکر(رضي الله عنه) بە دلێری و نەبەردییەوە بەرەنگاری ھەڵوێستی ھەڵگەڕاوەکان وبانگەشەکەرانی پێغەمبەرایەتی وزەکات نەدەران بوویەوە وبەسەریان سەرکەوت وتوانی لەناویان ببات.
  • جەنگی زاتو سەلاسیل: جەنگێک بوو لە نێوان فەرمانڕەوای فارسی ویلایەتی حیرە کە ھەوڵیدا پێشڕەوی ئیسلام بوەستێنێت، بەڵام ھێزی موسڵمانان بە سەرکردایەتی خالید کوڕی وەلید رضي الله عنه توشی شکستی بکەن، ئەو جەنگە بەو ناوە ناونراوە لەبەر ئەوەی ھێزە فارسییەکان لە ترسی ڕاکردنی سەربازییەکانی بە زنجیر بەیەکەوە بەسترابوون.
  • جەنگی ئەجنادەین، جەنگیکی گەورە بوو لەنێوان بیزەنتییەکان وموسڵماناندا لە بەرەی شام وبەسەرکەوتنی موسڵمانان کۆتایی ھات.

حەزرەتی ئیمامی عومەر کوڕی خەتتاب(ڕەزای خوای لێبێت) دەستکاری

دووەمین و بەھێزترین خەلیفەی ڕاشدینە و یەکێکە لەو دە کەسەی مژدەی بەھەشتیان پێدراوە، خەلافەتی گرتە دەست بە داوای حەزرەتی ئیمامی ئەبوبەکر و موبایەعەی ھاوەڵەکان، سەردەمی ئیمامی عومەر(ڕەزای خوای لێبێت) ناسراوە بە فراوانبوونی دەوڵەتی ئیسلامی کە فەتحی شام ومیسر وئەرمینیا وفارس وقودسی کرد و مزگەوتی ئەقسا بۆیەکەم جار کەوتە دەستی موسڵمانان، سەردەمی عومەر ئەناسرێت بە سەردەمی فتوحات ودادپەروەری وسەردەمی زێڕینیدەوڵەتی ئیسلامی، چەندین ناوەند ودەزگای بۆ خزمەتی موسڵمانان بۆیەکەم جار بنیاتنا، شەھید کرا لە ساڵی ٦٤٤ز.

 
خەلافەتی ئیمامی عومەر(رضي الله عنه) لە فراونترین ئاستیدا

گرنگترین ڕووداوەکانی سەردەمی ئیمامی عومەر دەستکاری

  • جەنگی پرد (الجسر): جەنگێک بوو لە نێوان فارس و موسڵماناندا، کە موسڵمانان پاشەکشەیان کرد.
  • جەنگی بوەیب: لە دوای جەنگی پرد خەلیفە عومەر یارمەتی نارد بۆ موسڵمانان ولە جەنگێکدا لە بوەیب ڕووبەڕووی فارسەکان بوونەوە وسەرکەوتنێکی ڕوونیان بە دەستھێنا.
  • جەنگی قادسیە: بە سەرکەوتنێکی یەکلایی موسڵمانان لە ململانێیان لەگەڵ فارس وگورزێکی کوشندەی دژ بە دەوڵەتی فارسی لە عیراقدا دائەنرێت، دوای ئەوەی ئیمامی عومەر سوپایەکی بە سەرکردایەتی سەعدی کوڕی ئەبو وەقاس رضي الله عنه نارد بۆ یارمەتی ھێزی موسڵمانان لە عێراق، حەزرەتی سەعد لە قادسیە سەنگەری گرت و ڕووبەڕوو بونەوە لەگەل سوپای فارس بە سەرکردایەتی سەرکردەی ناسراوی فارس ڕۆستەمی کوڕی ھورمز، جەنگەکە بە سەرکەوتنی موسڵمانان وکوژرانی ڕۆستەم کۆتایی ھات.
  • فەتحکردنی مەدائین: پایتەختی یەزدوگوردی پاشای فارس بوو و موسڵمانان فەتحیان کرد.
  • فەتحکردنی جەلەولا وحەلوان: دوای ڕوخانی پایتەختەکەی یەزدگورد سوپایەکی نارد بۆ جەلەولا ولەگەڵ موسڵمانان بە یەکیاندا وموسلمانان دەریان کرد وکە ھەواڵی شکستەکە گەیشت بە یەزدگورد کە لە حەلوان بوو پاشەکشەی کرد بۆ ڕەی بۆ باکوری فارس و حەزرەتی سەعد فەتحی ناوچەکانی تری عێراقی کرد وەک (تکریت وموسڵ وماسبازان وقرقیسیا وھیت ودست میسان).
 
شوێنی جەنگی قادسیە، لە نەخشەکەدا ھێزی موسڵمانان بە سور دیاری کراوە بە بەرامبەریدا ھێزی ساسانییەکانە بە شین.
  • فەتحکردنی ئەھواز: ھەر لە پێشرەوی موسڵماناندا لە سنوری فارس فەتحی ئەھواز و ڕامھورز وتوستەر کران.
  • جەنگی نەھاوەند: جەنگێک بوو لە نێوان فارس وموسڵماناندا لە نەھاوەند، ئەم جەنگە بە کۆتایی جەنگە گەورەکانی مێژووی فتوحاتی ئیسلامی لە فارس دائەنرێت و بە (فەتحولفتوح) ناوی دەبەن، چونکە ڕێگەی لەناوبردنی کیسراکانی کردەوە لەبەردەمیاندا وبەدوایدا چەند شارێکی فارسەکان لە چەند لایەکی یەک لە دوای یەکدا ڕوخان وەک ئەسفەھان وڕەی وئازربایجان و باب وخۆراسان. کاتیک یەزدگورد بەم سەرکەوتنەی موسلمانانی زانی وەک پەنابەر لە سەمەرقەند دابەزی وبەمەش دەوڵەتی کیسرای ساسانیەکان بە تەواوی کۆتایی پێھات.
  • فەتحکردنی حەلەب و دیمەشق وحەفل: ئیمامی عومەر(ڕەزای خوای لێبێت) نەخشەیەکی سەربازی بۆ فەتحی شام دانا و لە ئەنجامدا فەتحی فەحل ودیمەشق وبەعلبەگ وحومس کرا.
  • جەنگی یەرموک: جەنگێکی قورس بوو لە نێوان بیزەنتییەکان وموسڵمانان کە ماوەی حەوت ڕۆژبەردەوام بوو، دەرئەنجام بە سەرکەوتنی موسڵمانان بە سەرکردایەتی خالید کوڕی وەلید ڕەزای خوای لێبێت کۆتایی ھات.
  • فەتحی بەیتولمەقەدەس:دوای شەڕی یەرموک دەسەڵاتی بیزەنتییەکان لە بەردەم موسڵمانان داڕما، وموسڵمانان پێشڕەوی فەتحکردنی ناوچەکانیان کرد تا گەیشتنە فەتحی بەیتولمقەدیس خودی ئیمامی عومەر شارەکەی لە دەستی بەتریک سفونیوس وەرگرت.
  • تەواوکردنی فەتحی ھەموو شام: ھیرقلی پاشای ڕۆم لە وڵاتی شام بەرەو قوستەنتینیە گەڕایەوە وماڵئاوایی لە سووریا کرد.
  • فەتحی جەزیرەی فوراتی: فەتحکردنی ئەم جەزیرەیە پێویست بوو بۆپاراستنی دەسکەوتی موسڵمانان لە شام، ولەماوەی دوو ساڵدا فەتحی ھەموو جەزیرەکە کرا.
  • فەتحکردنی قەڵای بابلیۆن: موسڵمانان بە سەرکردایەتی عەمری کوڕی عاس(ڕەزای خوای لێبێت) لەگەڵ سوپای بیزەنتیدا بەیەکیاندا، موسڵمانان لە دوایدا توانیان قەڵای بابلیۆن فەتح بکەن.
  • فەتحکردنی ئەسکەندەریە، موسڵمانان دوای ئەوەی گەمارۆیان لەسەر دانا توانیان فەتحی بکەن.
  • دەستگرتنی تەواو بەسەر میسردا.

حەزرەتی ئیمامی عوسمان کوڕی عەفان(ڕەزای خوای لێبێت) دەستکاری

 
خەلافەتی ئیمامی عوسمانی کوڕی عەفان لە فراوانترین ئاستیدا، ساڵی ٦٥٥ک

سێیەم خەلیفەی ڕاشدین و یەکێکە لەو دە کەسەی مژدەی بەھەشتیان پێدراوە، حوکمی گرتە دەست لە دوای حەزرەتی ئیمامی عومەر کاتێک لە تەمەنی ٦٨ساڵیدا بوو، لە سەردەمی ئیمامی عوسماندا موسڵمانان قوبرسیان فەتح کرد و یەکەم کەشتیی دەریایی ئیسلامی دروستکرا بۆ ئەوەی سنورێک دابنێت بۆ داگیرکاریەکانی بیزەنتییەکان لە کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست، ھەروەک لە سەردەمی ئیمامی عوسماندا قورئان لە یەک بەرگدا کۆکرایەوە و چەندین چاپی لێگیرایەوە، وە شەهید کرا لە مەنزڵگاکەی خۆیدا.

گرنگترین ڕووداوەکانی سەردەمی ئیمامی عوسمان(ڕەزای خوای لێبێت) دەستکاری

  • چەند ھەڵمەتێک لە خۆراسان وئەرمینیا وئاسیای بچوک:کاتێک ئیمامی عوسمان خەلافەتی گرتە دەست چەند هەڵگەڕانەوەیەک ڕوویدا، جا حەزرەتی ئیمامی عوسمان سوپای بۆ ناردن گێڕانەوەیان بۆ ژێردەستی دەوڵەت، لەوانە: گێڕانەوەی ھەمەدان وجەنگی ڕەی و فەتحکردنەوەی ئەسکەندەریە وئازربایجان وئەرمینیا.
  • درێژەدان بە فەتحی ئیسلامی: لە درێژەی فەتحی موسڵمانان چەند ناوچەیەک فەتحکران وەک (داربجرد وتەبەرستان وجۆرجان وجوزجان وتالقان).
  • کۆنترۆڵی دوورگەی قوبرس: حەزرەتی موعاویەی کوڕی ئەبوسوفیان(ڕەزای خوای لێبێت) بە پاڵپشتی ئیمامی عوسمان دوورگەی قوبرس و پاشان دوورگەی سەقڵیەی فەتح کرد.
  • جەنگی زاتوسەواڕی: یەکەم شەڕی دەریایی موسڵمانان بوو دژی بیزەنتییەکان وموسڵمانان سەرکەوتن وئەو جەنگە بەو ناوە ناونرا چونکە بەلەمی بچوک زۆر لەو جەنگەدا بەکار ھاتبوون.

حەزرەتی ئیمامی عەلی(ڕەزای خوای لێبێت) دەستکاری

کوڕی مامی حەزرەتی پێغەمبەر(صلی الله عليه وسلم) و چوارەم خەلیفەی ڕاشدینە، موسڵمانان موبایەعەیان پێدا لە دوای شەهیدبوونی حەزرەتی ئیمامی عوسمان(ڕەزای خوای لێبێت)، لەگەڵ گرتنە دەسەتی دەسەڵاتدا والییە کۆنەکانی لادا و کەسانی تری لە شوێنیان دانا، لە ماوەی دەسەڵاتیدا چەند شەڕێک ڕوویان دا کە وەک شەڕی جەمەل کە حەزرەتی تەڵحە و حەزرەتی زوبێر و حەزرەتی عائشە(ڕەزای خوایان لێبێت) داوای تۆڵە سەندنەوەی ئیمامی عوسمانیان ئەکرد، بەڵام حەزرەتی ئیمامی عەلی(کرم الله وجهه) ئەو کاتەی بەکاتی تۆڵەسەندنەوە نەدەزانی بەهۆی چەند هۆکارێکی سیاسی، بەڵام هاوەڵانی تر(ڕەزای خوایان لێبێت) سووربوون لەسەر تۆڵە سەندنەوە، جا لە نێوانیان شەڕی جەمەل ڕوویدا، کە حەزرەتی تەڵحە و حەزرەتی زوبێر شەهید بوون، لەوکاتەدا حەزرەتی ئیمامی عەلی(ڕەزای خوای لێبێت) فەرمووی: خۆزگە ٢٠ ساڵ پێش ئێستا مردبام و ئەو ڕۆژەم نەبینیبا.(کە ڕۆژێکی ناخۆش بوو بەسەر هاوەڵاندا هات).

وە شەری سەفین ڕوویدا لەگەڵ حەزرەتی معاویە(ڕەزای خوای لێبێت)، کە ئەویش وەکو حەزرەتی تەڵحە و زوبێر(ڕەزای خوایان لێبێت) داوای تۆڵەی حەزرەتی ئیمامی عوسمانی ئەکرد، بەڵام حەزرەتی ئیمامی عەلی(ڕەزای خوای لێبێت) ئەو کاتە ناخۆشانەی بە کاتی تۆڵەسەندنەوە دانەدەنا، واتا بەهیچ جۆرێک ئەو جەنگانەی سەردەمی هاوەڵان بۆ دەسەڵات نەبووە و مەبەستیان تۆڵە سەندنەوە بووە لە خەواریج و دووڕووەکان، بەڵام خەلیفەی موسڵمانان حەزرەتی ئیمامی عەلی، تۆڵەسەندنەوەکەی دوادەخست بەهۆی نالەباری ڕەوشەکە، هەندێ لە هاوەڵانیش(ڕەزای خوایان لێبێت) ئەو دواخستنەیان بە چاک نەدەزانی، جا لەو ڕاجیاییە ئەو ڕووبەڕووبوونەوانە ڕوویاندا(ڕەزای خوا لە هەر هەموویان)

 
دەوڵەتی ئیسلامی لە سەردەمی ئیمامی عەلی کوڕی ئەبوتالیب، ناوچەی ڕەنگە سەوزە کاڵەکە بە تەواوەتی لە ژێر دەسەڵاتی ئیمامی عەلی نەبووە.

گرنگترین ڕووداوەکانی سەردەمی ئیمامی عەلی دەستکاری

  • گۆڕینی پایتەخت لە مەدینەوە بۆ کوفە
  • داستانی نەھرەوان: خەواریج و دووڕووان لەدوای ئاژاوە دەگەڕان و داوایان سەربازەکانی ئیمامی عەلی دەکرد حەزرەتی معاویە شەهید بکەن، وە پاشان چوونە لای ئیمامی عەلی بۆ ھەمان مەبەست، بەڵام حەزرەتی ئیمامی عەلی ڕەتی کردەوە، ئەوانیش کە زانیان ئامانجە گڵاوەکانیان بۆ ناچێتە سەر؛ لە خەلافەتی ڕاشیدین هەڵگەڕانەوە و دواتریش حەزرەتی ئیمامی عەلی لە خەواریجییەکانی دا و شکاندنی لە جەنگی نەھرەواندا.

فراوانبوونی سەربازی دەستکاری

سەردەمی خەلافەتی ڕاشدین، دەوڵەتی ئیسلامی بەھێزترین دەوڵەت بوو لە ڕووی سەربازییەوە لە کاتانەدا فراوانترین ڕووبەری ھەبوو، کە دەوڵەتی ئیسلامی حیجاز وشام ومیسر وعێراق وفارس وخۆراسانی لە خۆ ئەگرت. سوپای خەلافەتی ڕاشدین یان سوپای موسڵمانان لە سەردەمی خەلافەتی ڕاشدین، ھەیئەیەکی سەربازی سەرەکی بووە لە سەرەتای فەتحە ئیسلامییەکاندا لە سەدەی حەوتی زاینی، ئەو کاتانە سوپای ئیسلام دەرکەوت وەک ئاستێکی بەرزی ڕێکخستن و یەکێک بوو لە بەھێزترین سوپاکانی جیھان لە ھێز وچالاکیدا. قەبارەی سوپاکە ١٣٬٠٠٠ سەرباز بوو لە ساڵی ٦٣٢ز، بەڵام لەگەڵ فراوانبوونی خەلافەتدا، سوپا فراوان بوو تا ئەگەیشتە ١٠٠٬٠٠٠ سەرباز لە دەوروبەری ساڵی ٦٥٧ز، ولە سەرکەوتوو ترین سەرکردەکانی سوپاکە، خالید کوڕی وەلید ڕەزای خوای لێبێت کە سەرکردەی فەتحی ئیسلام بوو بۆ وڵاتی فارس وسوریا، ھەروەھا عەمری کوڕی عاس(ڕەزای خوای لێبێت)، سەرکردەی فەتحی ئیسلامی بوو بۆ میسر.

ڕێکخستنی سوپا دەستکاری

حەزرەتی ئیمامی عومەر یەکەم فەرمانڕەوای موسڵمانان بوو سوپای ڕێکخست وەک دەزگایەکی دەوڵەت، و ئەم چاکسازییە لە ساڵی ٦٣٧زدا بوو، لە سەرەتادا لە ھۆزی قوڕەیش وپشتیوانان پێکدەھات، وئەم سوپایە گەشەی کرد تا ھەموو نیمچە دوورگی عەرەبی گرتەوە لەو خاکانەی فەتح کراوان، ھەموو ئەوانەی دەیانتوانی بەشداری شەڕ بکەن ناویان تۆمار کرا وخشتەی ئاستە جێگیرەکان دیار کرا، وە ئەو پیاوانەی ناویان تۆمار کرا بۆ خزمەتی سەربازی دوو بەش بوون،

  1. ئەو پیاوانەی سوپای یاسایی پێک دەھێنن.
  2. ئەو پیاوانەی لە ماڵی خۆیان ئەژین، بەڵام لە کاتی پێویستیدا بانگ دەکرێن.

موچەیان ئەدرێتێ لە سەرەتای مانگی موحڕەم، وزیادەکەیان وەرئەگرن لە وەرزی درەودا. ومۆڵەت دەدرێتبە پیاوەکان لە کاتی دیاری کرودا، ئەو ھێزانەی لە ناوچە دوورەکاندا کۆبوونەتەوە، چوار مانگ جارێک مۆڵەت وەرئەگرن.

ھەموو دەستەیەکی سوپا ئەفسەرێکی خەزانە و ژمێریار و قازی وژمارەیەک وەرگێڕیان لەگەڵدا بووە ھەروەھا پزیشک و تیمارکەر. بزوتنەوە سەربازییەکان بەپێی وەرزەکان ڕێکئەخران، لە وڵاتە ساردەکاندا لە وەرزی ھاویندا ڕێکئەخرا، وە لە وڵاتە گەرمەکاندا لە زستاندا ڕێکئەخران، وە لە بەھاردا ھێز ئەنێران بۆ ئەو وڵاتانەی کەش وھەوایەکی باشی ھەیە.

بەپێی زانیارییەکان ھەموو سەربازێک ئەبێت کە چەند شتێکی تایبەتی لەگەڵ خۆی بپارێزێت، لەوانەش مقەست وھەندێک لۆکە وجانتای خواردەمەنی و… ھتد. وزانیاری تایبەت دەرچوو لە حەزرەتی ئیمامی عومەرەوە داوای خوێندن و ڕاھێنانی سەربازەکان ئەکاتەوە لەسەر چوار شت، ئەوانیش، ئەسپ سواری، ونیشانە گرتن ومەلەوانی وڕۆیشتنی پێخاوسی بوون.

ڕژێمی کۆمەڵایەتی دەستکاری

لە سەردەمی حەزرەتی ئیمامی عومەر(ڕەزای خوای لێبێت) بیت المال (خەزێنەی دەوڵەت) بنیاتنرا وفراوانکرا ودەزگایەکی بنیاتنا بۆ بەڕێوەبردنی دارایی دەوڵەتەکە لە ماوەی فەتحەکاندا و لەزۆربەی حاڵەتەکاندا، وە هەموو خەلیفەکان ئاگاداری خەرجی وبنیاتنانی پرد وڕێگاکان بوون.

نیشتەجێبوون دەستکاری

  • ناوچەی بەسڕە چڕی دانیشتوانی کەم بوو کاتێک فەتح کرا لەلایەن موسڵمانانەوە لە سەردەمی حەزرەتی ئیمامی عومەر، بە باشیان زانی کە بیکەنە بنکەیەک و دواتریش لە ناوچەکە نیشتەجێ بوون ومزگەوتیان تیا بنیاتنا.
  • کاتێک فەتحی مەدیەن کرا موسڵمانان نیشتەجێبوون تێیدا، ئیمامی عومەر بڕیاری نیشتەجێبوونەوەی ٤٠٬٠٠٠ کەسی دەرکرد لە کوفە، دەستیان کرد بە دروستکردنی بینای نوێ بە خشتی قوڕ لە جیاتی قامیش کە زۆر لە ناوچەکەدا بڵاو بوو بەڵام زوو گڕی ئەکرد.
  • لە کاتی فەتحی میسردا، موسڵمانان ناوچەی فوستاتیان بەکار ھێناوەک بنکەیەکی سەربازی، ودوای فەتحی ئەسکەندەریە موسڵمانان گەڕانەوە بۆ فوستات ودواتر بینایان تیا دروستکرد.

سەرچاوەکان دەستکاری

  • پوختەی میژووی ئیسلامی، نوسینی د. سھیل طقوش
  • ویکیپیدیای ئینگلیزی
  • وێکیپیدیای عەرەبی