تەحسین عەلی عەبدولعەزیز ناسراو بە تەحسین مەلا عەلی ، یان حاجی تەحسین، جیھادییەکی کورد و یەکێک بوو لە چوار کوڕەکانی عەلی عەبدولعەزیز ھەڵەبجی، سەرۆکی پێشووی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان.

ژیان دەستکاری

لە تەمەنی چوار ساڵییەوە خوێندنی ئیسلامی لە ھەڵەبجە ھەبووە، لە قوتابخانەیەک کە لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو لەلایەن بنەماڵەکەیەوە دامەزراوە. ھەر لە منداڵییەوە سەلەفی بووە. تەواوی قورئان لەبیر کردووە، ھەروەھا ھەردوو سەحیحی موسلیم و سەحیحی بوخاری لەبیر کردووە کە نزیکەی ١٠ ھەزار فەرموودەی تێدایە. ھەروەھا دەوترێت دەنگێکی گەورەی ھەبووە بۆ خوێندنی قورئان. تەحسین لە ساڵی ١٩٨٧ لەگەڵ بنەماڵەکەی و ژمارەیەکی زۆر لە موجاھیدانی کوردستان بەرەو ئێران ھەڵدێن. مامی عوسمان عەبدولعەزیز، دامەزرێنەری موجاھیدین، جیھاد لە دژی ڕژێمی حیزبی بەعسی عێراق ڕاگەیاند. تەحسین زۆر گەنج بوو بۆ شەڕکردن، ھەرچەندە بەرپرسیاری چاودێریکردنی ژنانی بنەماڵەکەی لە سنە بوو. تەحسین مەلا عەلی لەو کاتەوەی ڕیشی نەتاشی. موو زۆربەی دەموچاوی داپۆشیبوو. خوشکەکەی ڕای گەیاندووە کە «ھەر لە منداڵییەوە بیری سەلەفی ھەبووە. ڕقی لە چوونە دەرەوەی ژنان بووە. ھەمیشە ناکۆکیمان ھەبوو. لە ھەر شوێنێک دەچووم، دەمبرد و لەبەردەممدا وەستابوو». کاتێک تەحسین گەورە بوو، بوو بە پێشمەرگە. دەوترێت شەڕکەرێکی لێھاتوو بووە. تەحسین ھەروەھا لە زۆر بۆنەدا سەفەری بۆ ئەفغانستان کردووە. لە ساڵی ١٩٩٤ میلیشیایەکی تایبەتی خۆی بە ناوی ھێزی شەھیدان دامەزراند کە بنکەکەی لە ناوچەی تەویلەی ئەڤرۆمان بوو. زۆری نەخایاند تەحسین مەلا عەلی تەویلە و بەشێکی زۆری ھەورامانی کۆنترۆڵ کرد و بەپێی لێکدانەوەکانی خۆی دەستی کرد بە جێبەجێکردنی شەریعەت. جەلال تاڵەبانی لە ھەڵسوکەوتی تەحسین نیگەران بوو، ئەویش ئۆفەرێکی بۆ کرد کە ئەگەر ھات بۆ سلێمانی، خانوو و زەوی و پارە و سەیارەیەکی بۆ دابین دەکرێت، ھەمووی پارەی جەلال تاڵەبانی بوو، بەڵام تەحسین ئەو ئۆفەرەی ڕەتکردەوە. لە ساڵی ١٩٩٩ تەحسین ھاوسەرگیری لەگەڵ کچی ئەحمەدی کاکە مەحموود، سەرکردەیەکی دیاری بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان دەکات. لە ساڵی ٢٠٠٢ کوڕێکیان بووە و لە ساڵی ٢٠٠٥ دووانەیان بووە. بۆ مانگی ھەنگوینییان، گەشتیان کرد بۆ چیچان بۆ شەڕکردن لەگەڵ سوپای ڕووسیا. پاشان جارێکی تر بە تەنیا گەشتێکی بۆ ئەفغانستان کرد و لەوێ چاوی بە ئوسامە بن لادن و ئەیمەن زەواھیری و ئەبو قەتادە کەوت. دلێر عەبدوڵڵا، ڕۆژنامەنووسێکی کورد لە بەھاری ساڵی ٢٠٠١ لە تەویلە چاوی بە تەحسین مەلا عەلی کەوت، وتی نووسینگەکەی ژوورێکی سادەیە لەسەر سنووری ئێران و عێراق. ناوبراو ڕای گەیاند کە تەحسین پێشوازیکار و قسەخۆشە. تەحسین ھەستا بۆ ئەوەی سڵاو لە میوانەکان بکات و خۆی ئاوی بۆ ڕژاند. باوکی دەیویست ببێتە سەرۆکی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، ھەرچەندە تەحسین ڕەتیکردەوە، چونکە نەیدەویست شانبەشانی لایەنە عەلمانییەکان بەشێک بێت لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.[١]

جیھاد دەستکاری

کاتێک زۆرێک لە گرووپە ئیسلامییە کوردەکان لە کۆتایییەکانی نەوەدەکاندا سەردانی ئەفغانستانیان کرد و لەگەڵ سەرکردە جیھادییەکان کۆبونەوە، تەنھا یەک گرووپ ئامادەبوو ببنە بەشێک لە قاعیدە. ئەو گرووپە گرووپی تەحسین بوون. لە ماوەی مانەوەی لە ئێران، تەحسین گرووپێکی جیھادی پێکھێنا کە بە «کوڕانی سەلاحەدین» ناسراوە. دوای ئەوەی ڕووی لە ئەفغانستان کرد، لەگەڵ کچی سەرۆک عەشیرەتێکی پەشتوونی ناوچەکە ھاوسەرگیری دەکات. تەحسین لەگەڵ ژنە پەشتوونەکەدا کوڕێکی ھەبوو. لەسەر داوای باوکی ژنەکە ناوی منداڵەکە عەبدولعەزیز بووە. تا ئێستاش شوێنی کوڕەکانی سەلاحەدین نادیارە، بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چالاکن و لە تێلێگرام کەناڵێکیان بە زمانی کوردی و فارسی ھەیە. تەحسین بەر لە تیرۆرکردنی، کتێبێکی ٤٢ لاپەڕەیی بە ناوی «بەیدەخنەما» نووسیوە، کە وەک دەستووری ئەو گرووپە کاری کردووە و بۆچوونی خۆی لەبارەی پرسە سیاسی، یاسایی، کوردەواری، ئیسلامی و کۆمەڵایەتییەکان ڕوون کردووەتەوە. جیاوازی نێوان ڕۆڵەکانی سەلاحەدین و لیواکانی کوردستان لە پەیوەندییان لەگەڵ قاعیدە ئەوە بوو کە کوڕانی سەلاحەدین پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ قاعیدە ھەبووە، بەڵام لیواکانی کوردستان تەنھا لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانی سەر بە قاعیدە لە عێراق پەیوەندییان لەگەڵ قاعیدە ھەبووە. تاقمەکەی تەحسین زۆر پێش ئەوەی لیواکانی کوردستان تەنانەت بەشداری جیھادیش بکەن، ئەندامانی خۆیان ڕەوانەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی قاعیدە کردبوو لە فاتا و ئەفغانستان.[١][٢]

مردن دەستکاری

لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا کە لە ١ی ئابی ٢٠١١ بوو، ھێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی بۆ سەر قەزای وەزیرستانی باشوور، تەحسین کوژرا. کوشتنی تەحسین ھیچ ھەواڵێکی لە ھەرێمی کوردستاندا نەبوو، خێزانەکەی تەنھا دوو ڕۆژ لە ھەڵەبجە و سلێمانی پرسەیان ئەنجامدا و میدیاکانیش وەک ڕووداوێکی ناگرنگ مامەڵەیان لەگەڵ مردنەکەدا کرد. دەزگا ھەواڵگرییەکانی پاکستان ھاوکاری ھەواڵگریی ئەمریکایان کرد لە دژی گرووپەکانی ئەلقاعیدە و تاڵیبان لە باشووری وەزیرستان کە مەترسیدارترین شوێنی جیھان بوو لەو کاتەدا.[٣] وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە وتارێکدا کوژرانی تەحسین مەلا عەلی پشتڕاست کردەوە.[٤]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ ئ ا "حاجی تەحسین… جیھادییەکی یاخی". www.rudaw.net. Retrieved 2023-03-18.
  2. ^ "دەرکەوتن و بەرفراوان بوونی سەلەفییەت لە رۆژھەڵاتی کوردستان". www.kurdistanc.com. Retrieved 2023-03-18. ١٨ی ئازاری ٢٠٢٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  3. ^ "حاجی تەحسین… جیھادییەکی یاخی". www.rudaw.net. Retrieved 2023-03-18.
  4. ^ میدیا, گوڵان. "ھەواڵی کوژرانی تەحسین مەلا عەلی پشتڕاست کرایەوە". گوڵان مێدیا. Retrieved 2023-03-18.