کیسەی ھەوایی یاخود سەرینی ھەوایی (بە ئینگلیزی: Airbag)، ھۆکارێکی دڵنیایی (سەلامەتی) ئۆتۆمبێلە بۆ پاراستنی گیانی سەرنشینەکانی ناو ئۆتۆمبێل لەکاتی ڕووداو و پێکداداندا. کیسەی ھەوایی وا دیزاین کراوە کە بەخێرایییەکی زۆر پڕ بێت لە ھەوا و دواتر بێتەدەرەوە لەھەرکاتێکدا کە پێکدادان یاخود ڕووداوێکی نەخوازراوی بەھێز ڕووبدات.

نموونەی پشاندانی کیسەی هەوایی لە سوزۆکی ئەلتا

سیستەمی کیسەی ھەوایی پێکدێت لە سەرینێکی ھەوایی پێچراوە (کە وەک میزەڵدان بە ھەواتێکردن گەورەدەبێت)، یەکەیەکی زۆر خێرای تێکردنی ھەوا و سێنسۆری پێکدادان. مەبەست لە دانانی کیسەی ھەوایی لە ئۆتۆمبێلدا ئەوەیە کە سەرینێکی ھەوایی دابینبکرێت لە کاتی ڕووداوەکاندا بۆ پاراستنی یاخود کەمکردنەوەی ھێزی پێکدادان لەنێوان سەرنشینەکان و پێکھاتەکانی ناو ئۆتۆمبێلەکە.

هێمای کیسی هەوایی

ڕوونکردنەوە دەستکاری

ئێستا زۆرێک لە ئۆتۆمبێلە نوێیەکان زیاتر لە چەند کیسەیەکی ھەوایییان تێدایە:

  • کیسەی ھەواییی شۆفێر.
  • کیسەی ھەواییی سەرنشین.
  • کیسەی ھەواییی تەنیشتەکان.
  • کیسەی ھەواییی تەنیشتەکان بۆ سەرنشینەکانی دواوە.
  • کیسەی ھەواییی بۆ ئەژنۆکان.
  • کیسەی ھەواییی سەر پشتێنی دڵنیایی.
  • کیسەی ھەواییی پیادەڕۆ (کە ئەمەیان تازەترین جۆریانە).
 
نموونەیەک لە کیسی هەوایی لەسەر پشتێنی دڵنیایی

کاتێک پێکدادانێک ڕوودەدات، ھەستیارەکانی پێکدادان (Impact Sensors) فەرمان دەنێرن بۆ یەکەی کۆنترۆڵکردنی ئەلیکترۆنی ECU، ئەمیش ھەڵدەستێت بە لێکدانەوەی پێکدادانەکە، بە پێی جۆر، ھێز، شوێنی سەرنشینەکان، ئاڕاستە و گۆشەی پێکدادانەکە؛ فەرمان دەچێت بۆ ئەو کیسە ھەواییانەی کەپێویستن پڕبکرێن لە ھەوا بۆ پاراستنی گیانی سەرنشینەکان.

مێژوو دەستکاری

سەرەتای بیرۆکەیەکی لەوجۆرە بۆ ئۆتۆمبێل کە تورەکەیەکی ھەوایی پربێت لە ھەوا لەکاتی پێکداداندا لە ساڵی ١٩٥١ بوو،

دواتر لە ساڵانی ١٩٧٠ دەسترا بە گەشەپێدانی کە جەندجارێک سەرکەووتووبوو، کۆمپانیای فۆرد و جەنەراڵ مۆتۆرز دەستیان کرد بە دانانی کیسی ھەوایی بۆ ئۆتۆمبێلە بازرگانیەکانیان، لە سالێ ١٩٨١ کۆمپانیای مێرسیدس کیسی ھەوای دانا بۆ مۆدێلی پۆل ئێس، لە ساڵی ١٩٨٧ کۆمپانیای پۆرشێی ئەڵمانی ئەوانیش بە سەرکەووتووی کیسی ھەواییان دانا، بەدوای ئەوانیش کۆمپانیای کرایسلەری ئەمریکی لە ساڵی ١٩٨٨ کیسی ھەوایی دانا بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان،

دوای ساڵانی ١٩٩٠ زۆربەی کۆمپانیاکان دەستیان کرد بە دانانی کیسی ھەوای بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان تا گەیشتە ئەو ڕادەیەی لە ساڵانی ٢٠٠٠ بوو بە شتێکی باو، ئێستاش بووە بە مەرجێکی سەرەکی کە دەبێت ھەموو ئۆتۆمبێلێک لایەنی کەم ٢ کیسی ھەوایی تێدابێت، ھەرچەندە زۆرێک لە کۆمپانیا نایابەکانی بەرھەم‌ھێنانی ئۆتۆمبێل لایەنی کەم ٦ کیسی ھەوایی دادەنێن بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان.

منداڵ و کیسی ھەوایی دەستکاری

ھەموو کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنانی ئۆتۆمبێل ڕێنمای و ئاگاداریەکی زۆر دەدەن کە بەھیچ شێوەیەک منداڵ لە پێشەوەی ئۆتۆمبێل دانەنرێت، چونکە لە کاتی ڕووداوەکان ئەگەرێکی زۆری ھەیە پڕبوون و دەرچوونی کیسی ھەوای ببێتە ھۆی گیان لەدەستدانی منداڵەکە، ھەر لەبەر ئەم ھۆیەیە کە زۆرێک لە کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنانی ئۆتۆمبێل سویچی کوژاندنەوەی سیستەمی کیسی ھەواییان بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان داناوە، بۆ ئەوەی لە کاتی دانانی منداڵ لە پێشەوەی ئۆتۆمبێل سیستەمی کیسی ھەوای ئۆتۆمبێلەکانیان بکوژێننەوە بۆ پاراستنی گیانی منداڵەکانیان.

کیسی ھەوایی لە مۆتۆرسایکل دا دەستکاری

لە ناوەراستی ساڵانی ١٩٧٠ەوە زۆر جۆری کیسی ھەوایی تاقی کراوەنەتەوە بۆ مۆتۆرسایکل لەلایەن تاقیگەی توێژینەوەی ھاتووچۆ لە بەریتانیا. لە ساڵی ٢٠٠٦ کۆمپانیای ھۆندای یابانی بۆیەکەم جار توانی کیسی ھەوای بۆ مۆتۆرسایکلێکی خۆی دابنێت بە ناوی ھۆندا گۆڵد وینگ، ھۆندا ڕایگەیاند کە ھەستیارێکیان لەپێشی مۆتۆرسایکلەکە داناوە کە دەتوانێت پیکدادانەکان بدۆزیتەوە کە لە رووی پێشەوە ڕوودەدەن و فەرمان بە کردنەوەی کیسی ھەوایەکە بدات.

 
کیسی ھەوایی لە مۆتۆرسایکل

ئەمانەش ببینە دەستکاری

خولانەوە بۆ ھەر خولەکێک

یەکەی جێگیرکردنی ئەلیکترۆنی

گێڕ گۆڕانی بەردەوام

سوپەرچارج

سەرچاوەکان دەستکاری