کورد لە سەردەمی ئەمەوییەکان

کورد لە سەردەمی ئەمەوییەکان (٤١ – ١٣٢) کۆچی.

نەخشەى دەسەلاتی ئەمەوییەکان

گرنگترین ھەڵوێستە دوولایەنەکانی کورد لەسەردەمی ئەمەوییەکاندا دەستکاری

  • یەکەم: کورد یارمەتی زۆری ئەو بزوتنەوە و کۆمەڵە سیاسیانەی دەدا کە دژی دەوڵەتی ئەمەوی وەستابوون، وەکو بزووتنەوەی خەواریج کە ژمارەیەکی زۆری کورد چوونە ریزی ئەم بزووتنەوەیە.
  • دووەم : ناوچەی جزیرە و شارەزووریان وەکو بنکەیەک بۆ زۆرربەی چالاکییەکانیان لە دژی دەسەلاتی ئەمەوی ھەڵبژارد.
  • سێیەم : کوردەکان یارمەتی بزوتنەوە ئۆپزسیۆنەکانیان دەدا کە دژی دەولەتی ئەمەوی ھەستابوونەوە بۆ نموونە بزووتنەوەی عەبدولڕەحمان کوڕی ئەلئەشعەف.
  • چوارەم : ھەندێ لە کوردەکان پاڵپشتی خەلیفەی ئەمەوییەکانیان دەکرد لە چەسپاندنی بنەماکانی دەسەلاتی خۆیان، لەوانەش یارمەتیدانیان لە دامرکاندنەوەی بزووتنەوە تەرەفی کوری مغیرە، لە ساڵی ٧٦ی کۆچی.

ھەروەھا دوو لایەنیی کورد لە سەردەمی دوایین خەلیفەی ئەمەوییەکاندا دەرکەوت کە خەلیفە مەروانی کوڕی محەمەد بوو، کە پاڵپشتییان کرد لە گەیشتنە سەر حوکم. لەبەر چەند ھۆکارێک لەوانە:

  1. چونکە دایکی خەلیفە مەروان کوری محەمەد، کورد بووە .
  2. خەلیفە مەروان لە ھەرێمی جزیرە و لەناو کورددا گەورە بووە و پەروەردە کراوە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش ژمارەیەکی زۆری کورد لەوانەی دژایەتییان دەکرد چوونە ڕیزی دەعوەتی عەباسی کە دەولەتی ئەمەویی لەناو برد، ئەمە لەلایەکەوە . لەلایەکی تریشەوە کوردەکان میرە ھەڵاتووەکانی ئەمەوییان لە ھەڕەشەی سەرکردەی عەباسییەکان دەحەواندنەوە و ڕزگاریان دەکردن، بەتایبەتی لە نزیک ناوچەی جوولەمێرگ کە لە ھەرێمی کوردستانی تورکیای ئێستا نیشتەجێبوون.

ھۆکاری ھەڵوێستە دوو لایەنانەکانی کورد لەکاتی دەسەلاتی ئەمەوییەکاندا دەستکاری

  1. لەبەر ئەوەی دەوڵەتی ئەمەوی ھەبوون و دەسەڵات و کاریگەریی زۆری لەسەر واقیعی ناوچەکەدا ھەبوو، بۆیە کورد لەکاتی بەھێزیدا خۆیان لێیان دەپاراست و لەکاتی لاوازیشدا لەدژیان ھەڵدەگەڕانەوە.
  2. شوێنی ستراتیژی ناوچە کوردنشینەکان وەکو گۆڕەپانێک بۆ ئەو ڕووداوە سیاسییانەی بووەتە ھۆی جیاوازیی لە ھەڵوێستەکان.
  3. دابونەریت و عورفی عەشایری کە لەنێو کورددا بەربڵاو بوو لە پاراستنی ئەو کەسانەی کە پەنایان بۆ دەبردن و بەھەوارھاتنی ھەڵاتووەکان و بەجێگەیاندنی پەیمانەکانیان، کە ئەمانەش ژمارەیەکی زۆری مێژوونووسەکان ئاماژەیان بۆ کردووە.
  4. ھەڵوێستی باشی ھەندێ لە خەلیفە ئەمەوییەکان لەھەمبەر کورد وەکو خەلیفەی ئەمەوی عومەری کوڕی عەبدول عەزیز بە پێچەوانەی ھەندێ لە خەلیفە ئەمەوییەکانی دیکە.

کورد و کۆتایی دەوڵەتی ئەمەوی دەستکاری

چەندین ھۆکار ھەبوون کە بوونە ھۆی رووخانی دەوڵەتی ئەمەوی، بەڵام گرینگترینیان ئەوەیە کە کەسایەتییەک قەدەر وای بۆ ویست کە باڵی شۆرشی دەعوەتی عەباسی لە ئەستۆی خۆی بگرێت کە لە ناوچەی خوراسانەوە ھەستایەوە دەست بە ئاڵای ڕەشی عەباسییەکان، کە بەمەش دوای چەندین شەڕی گەورە کە کوردستان گۆڕەپانی ژمارەیەکیان بوو، کۆتایی دەوڵەتی ئەمەوی ڕاگەیەندرا، ڕۆل و ڕەگەزی ئەم کەسایەتییە مشت و مڕێکی زۆری لەسەربووە، ئەم کەسە ناوی ئەبو موسلم خوراسانییە کە لە ناوچەی خوراسانەوە بە ئاڵای ڕەش و دەعوەت بۆ دەوڵەتی عەباسی بە دەرکەوت. لەلایەکی ترەوە ناوچەی کوردستان بوو بە گۆڕەپانێک بۆ ململانێی سەربازی لەنێوان ھێزە عەباسییەکانی کە لە خوراسانەوە ھاتبوون و نێوان ئەمەوییەکان، کە بەھێزترین ئەم شەڕانە لە نەھاوەند و شارەزوور بوو کە تای تەرازووەکەی بۆلای عەباسییەکان شکاندەوە و سەرکردەی عەباسی دەستی کرد بە ئاگادارکردنەوەی والی و بەرپرسەکانی خەلیفە مەروانی دووەم و داوای لێیان دەکرد کە بێنە ڕیزی سوپای سەرکەوتووی عەباسی، یەکێک لەو نوێنەرانەی کە عەباسییەکان ناردیان بۆ والی ئەمەوی لە ئەرمەنستان و ئازەربایجان پیاوێکی کورد بوو و ئەمەوییەکان دەستگیریان کرد لەکاتێک لەڕێگای دابوو بۆ ئەرمەنیا و نامەکەیان لە عەمامەکەیدا دۆزییەوە.

شەڕی زاب دەستکاری

ئەو شەڕەیە کە سوپای ئەمەوی بە سەرکردایەتی خەلیفە مەروان، لەگەڵ سوپای عەباسییەکان کەوتنە بەرامبەر یەکتری لەنزیک ڕووباری زاب (زێی گەورە) لە کوردستان ساڵی ١٣٢ی کۆچی، ھەندێ کورد چوونە ڕیزی سوپای عەباسییەکان لەکاتی نیشتەجێبوونیان لە ناوچەی شارەزوور لەوکاتەی کە ھەندێکی تر لەگەڵ خەلیفەی ئەمەوی مەروان دەجەنگین، ھەروەھا ئەم شەڕە بەناوبانگترین و گەورەترینیانە لەنێوان ھەردوولا، و لەئەنجامیشدا سوپای ئەمەوییەکان شکستی خوارد و خەلیفە مەروان بۆ شام ڕای کرد و لەوێ کوژرا، بەمەش دەولەتی ئەمەوی کۆتایی پێھات و سەردەمێکی نوێ دەستی پێکرد کە سەردەمی عەباسییەکانە.

سەرچاوەکان دەستکاری

دەقی ئەو وانەیەیە لە بابەتی (کوردولۆجی) لە زانکۆی دھۆک - کۆلیژی پەروەردە- زاخۆ لە نیسسانی ٢٠٠٩ پێشکەش کرا لەلایەن مامۆستا (ابستام محمد)