کنیەز ئیبراھیم میرزایێف

کنیەز ئیبراھیم میرزایێف (بە ڕووسی: Князь Ибрагим Мирзоев؛ لەدایکبووی ١ی ئایاری ١٩٤٧ لە زەنگیباسەر، ئەرمەنستان - مردووی ٨ی ئابی ٢٠٢١ لە کازاخستان) مامۆستای زمان، چاند و مێژووی کوردی و سیاسەتوانی کوردی ئێزیدیی خەڵکی ئەرمەنستان و کازاخستان بوو.[١]

ژیان دەستکاری

کنیەز ئیبراھیم میرزایێف لە ڕۆژی ١ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندی زەنگیباسەری شارۆچکەی ماسیس لە وڵاتی ئەرمەنستان لە بنەماڵەیەکی کوردی پەیڕەوی ئایینی ئێزیدی لە دایک بوو. لە یەریڤان لە بواری زمان، مێژوو و چاندی ڕۆژھەڵات بڕوانامەی دکتۆرای وەرگرت. ئەو ھەتا ساڵی ١٩٩٠ بەڕێوەبەری دپارتەمانی زمانەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوین لە زانکۆی حکوومیی یەریڤان بوو.

کنیەز بەدوای ئەوەی کە وەکوو مامۆستا لە زانکۆی سەنت پیتەرزبورگ ناسێندرا، وەکوو بەڕێوەبەری زانکۆی حکوومیی قەزاقستان خەریکی چالاکی بوو. ئەو لە کۆتاییەکانی تەمەنی وەکوو جێگری سەرۆکی پەرلەمانی خەڵکی کازاخستان کار دەکرد. میرزایێف بەماوەیەکی درێژ سەرۆکی فیدراسیۆنی ئەنجومەنە کوردییەکانی یەکێتیی کۆمارییە سۆسیالیستەکانی سۆڤیەت چالاک بوو.

کنیەز میرزایێف خاوەنی ٥ منداڵ بوو. کنیەز جگە لە زمانی زگماکیی کە کوردیی کرمانجی بوو، بە زمانەکانی تورکیی ئازەربایجانی، ئەرمەنی، فارسی، تورکیی ئەستەمبوڵی، ڕووسی، کازاخی و ئینگلیزی شارەزا بوو.[١]

کارەکان دەستکاری

کنیەز میرزایێف نزیکەی ٢٥ پەرتووک و سەدان وتار لە بواری زمان، چاند، مێژوو و وێژەی کوردی لە خۆی بەجێ ھیشتووەتەوە.

مردن دەستکاری

کنیەز ئیبراھیم میرزایێف لە ڕؤژی ٨ی ئابی ٢٠٢١، لە تەمەنی ٧٤ ساڵیدا بەدوای ٢٠ ڕۆژ خەبات لەگەڵ نەخۆشیی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەیەک لە نوورسوڵتانی قەزاقستان کۆچی دوایی کرد. جەستەی کنیەز میرزایێف بەدوای ڕێوڕسمی بەخاک سپاردن لە تابۆتێکی ھەڵپێچراو بە ئاڵای کوردستان لە گۆڕستانی گوندی ئاشیبولاخ لە کازاخستان بە خاک سپێردرا.[١]

سەرچاوەکان دەستکاری