ژاڵە (ناوی زانستی : Nerium oleander، بەعەرەبی: الدفلة، التفلة، الورد الکازب، بە فارسی: خرزھرە، گیش ، شب‌رەنگ، جار) درەخت یان درەختچەیەکی ھەمیشە سەوزە و زۆر ژەھراویە لە ناوچەی دەوروبەری دەریای ناوەڕاست تا دەگاتە وڵاتی چین و ئەمریکا سەوزدەبێ، ھەروەھا لە کوردستانیش ھەیە و لەھەندێ ناوچە بە شێوەی خۆرسک ڕواوە. لە زۆربەی باخچەکان و سەر شەقامەکان وەک درەختی جوانی دەڕوێنرێت و زۆر جار پاش بڕین و قەڵەم کردنی وەک پەرژین بەکار دەھێنرێت. تا ئیستا زیاتر لە ٤٠٠ جۆری ژالە پۆلێن کراوە.

ڕووەکی ژاڵە

ژاڵە گوڵی فەرمی ھیرۆشیمایە چونکە لەدوای وێران بوونی بە چەکی ئەتۆمی لەساڵی ١٩٤٥ یەکەم گوڵ بوو سەوز بویەوە و گوڵی گرت.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکا دەرکەوتووە پێکھاتەکانی ژاڵە ھیچ سودێکیان نەبووە لە چارەسەری شێرپەنجەدا.

تایبەتمەندییەکان دەستکاری

باڵای ٢.٥ تا ٦ مەتر بەرز دەبێتەوە، پەل و پۆی زۆری لێ دەبێتەوە. ڕەنگی گەڵاکانی لە دەرەوە سەوزێکی تێرە بەڵام لە دیوی ناوەوە کاڵترە. گەڵاکانی بە شێوەی سێ دانە گەڵا لە سەر لاسکەکەی دەردەچن و درێژ و باریک و ئەستوورن، دەتوانرێت بە قەڵەم بڕوێنرێت و سەوز دەبێت، زۆر حەزی لە ئاو نیە، لە خاکی نەرمدا گەشەی باشتر دەکات، زۆر حەزی لە خۆرەتاوە و کەمتر لە سێبەر، بەرگەی سەرما تا پلەی ١٠ ی سەدی ژێر سفر دەگرێت، توشی نەخۆشی شیرینە و خراپ بوونی گەڵاکان دەبێت بەھۆی چەند جۆرە مێروویەکەوە، ھەروەھا ھەندێ جۆری بێ بڕبڕەکان وەک پەپوولە لەسەر گەڵای ژاڵە دەلەوەرێت بەبێ ئەوەی ژەھراوی ببێ، یارمەتی دەریەتی بۆ دروست کردن و گواستنەوەی تۆوەکەی. شێوەی گوڵەکانی بە کۆمەڵ و چەپکە (ھێشوی) چەندین ڕەنگی ھەیە: سوور، سپی ، پەمەیی و تۆخ و کاڵ و مۆری کاڵ ھەروەھا پرتەقاڵی و زەردیشی ھەیە. گوڵ گرتن لە بەھارەوە دەست پێ دەکات تا کۆتایی پایز پێش ھاتنی سەرما دەمێنێت (نیسان –تشرینی یەکەم). دوای گوڵ کردن توۆ دەگرێت کە شێوەیەکی درێژکۆلەی ھەیە وەک گەڵاکانی لە ناو بەرگەکەیدا تۆوەکانی تێدایە (توۆدان)

ژەھری ژاڵە دەستکاری

لە دێر زەمانەوە زانراوە کە ژاڵە دارێکی ژەھراویە لەسەر مرۆڤ و ئاژەڵ ، خواردنی بڕێک لە گەڵاکانی دەبێتە ھۆی مردار بوونەوەی ئاژەڵ ، ئەو ماددە ژەھرەی تێدایە ناوی (Oleandrin ، Oleandrigenin) کە بە گلوکۆسایدی دڵ ناسراوە ( cardiac Glycosides) بەکار دێت بۆچارەسەری نەخۆشی ماسولکەی دڵ ، کە ھەندێ جار ژەھراویە لەسەر مرۆڤەکان.

خشۆکەکان و باڵندە ژەھروای نابن بەھۆ ژەھری گلکوسیادی ژاڵەوە ، بەڵام مرۆڤ و سەگ و مەرو مانگا و ئەسپ ھەستیارن بۆ ژەھری گلوکۆسایدی دڵ ، سەرەڕای بانگەشەکان لەسەر ژاأە و کاریگەری ژەھراوی بونی لەسەر مرۆڤو ئاژەڵ ،لەسالی ٢٠٠٢ لەئەمریکا ٨٤٧ کەس ژەھراوی بون بە ژەھری ژاڵە و گواستراونەتەوە بۆ سەنتەرەکانی ژەھراوی بوون و کەسیان نەمردوون، لەساڵی( ١٩٨٥ تاکو ٢٠٠٥) سێ کەس گیانیان لەدەست داوە بەھۆی ژەھراوی بوون بەژاڵەوە ، کەسی یەکەمیان سەربازێک بووە گەڵای ژاڵەی خواردووە ، دواتر لە پشکنینی خوێنی دا دەرکەوتووە کە ڕێژەیەکی زۆر لە گلوکۆسایدی دڵی تیدایە ، ھەروەھا کاریگەری ژھروای بوون لە ڕێگەی کۆمەوە ھەیە. ژەھروای بوون لە مناڵ دا زۆر ترسناکە لەکاتێک دا بە نەزانی گەڵای ژاڵە بخوات، ھەروەھا لەکاتی خۆکوشتن گەڵای ژاڵە دەخورێت.

کاریگەری ژەھراوی بوون دەستکاری

لە کاتی خواردنی ژاڵە لەلایەن مرۆڤەکان یان ئاژەڵەوە کاریگەری لە سەر کۆئەندامی ھەرس و دڵ و کۆئەندامی دەمار دەرئەکەوێت . وەک: گێژی و ڕشانەوە ، ئازاری ناوسک ، سک چوون، ھەندێ جار خوێنی پێوەیە. لێدانی دڵ بە ناڕێک و پێکی ، زۆر بەخاوی لێ ئەدات ، ڕەنگ پەڕین و ساردبوونەوەی دەست وو پێ بەھۆی تێک چوونی سوڕی خوێنەوە ، کاریگەری لەسەر کۆئەندامی دەمار بە بێ ھێزی و بێ جوڵە و لەرزینی ماسوڵکەکان ، کەوتن و بێ ھۆش بوون ئینجا مردن. دەست لێدان و ھەڵسوکەوت کردن لەگەڵ ژاڵە دەبێتە ھۆی دروست بوونی خوران و ھەستیاری لەسەر پێست و چاو و وشک کردنەوەی گەڵای ژاڵە ھیچ کاریگەری نابێت لەسەر کەم کردنەوەی ژەھرەکە ، مەترسی ھەردەمێنێت بەتایبەت لە سەر ئاژەڵ (مەر و بزن و مانگا و ئەسپ) بە چەشنێک کەمتر لە سەد گرام دەبێتە ھۆی ژەھراوی بوون و مردار بوونەوەی ئەسپ کە نیشانەکانی سک چوون و ژانە سک و ناڕێک و پێک لێدانی دڵی پێوە دیارە .

چارەسەری ژەھراوی بوون دەستکاری

وەک دیارە لە مرۆڤ و ئاژەڵ دا نیشانەکان وەک یەکن و چارەسەریش بەھەمان شێوەیە: شۆردنی گەدە تاکو ڕێژەی ھەڵمژینی ژەھەرکە کەم بکرێتەوە، ھەندێ جار خەڵوزی دەرخوارد ئەدرێ تاکو ھەرچی ژەھرێک مابێتەوە لەناو گەدەدا ھەڵی بمژی واتە ڕێگری دەکات لە بڵاو بونەوەی ژەھرەکە ، وە لەژێر چاودێری پزیشکدا دەبێت ، ھەروەھا دەرمانی خێرا کەرەوەی دڵی پێ ئەدرێت ، تاکو بەتەوای دڵنیا دەبین لە دەرکردنی ژەھرەکە لە ناو لەشیدا، بۆیە ئامۆژگاری دەکرێت کە بەھیچ شێوەیەک دەست لە ژاڵە نەدەین و لە کاروباری ڕۆژانەدا بە کاری نەھێنین، وەک ئاگر کردنەوە و چێشت لێنان و چایی کردن.

سەرچاوەکان دەستکاری