چایخانەی شەعب چاخانەیەک لە شاری سلێمانییە کە ھەر لە سەرەتاوە مەڵبەندی کۆبونەوە و حەوانەوەی خوێندەواران و ھونەرمەندان و نووسەران بووە. سەرەتای دروستبوونی چایخانەی شەعب ئەگەرێتەوە بۆ ساڵانی پەنجا و وەستا شەریفی چایچی سەرپەرشتی کردووە. عومەر شەریف خاوەنی چایخانەی شەعب لە بارەی سەرەتای دروست بوونی چایخانەی شەعبەوە بەم جۆرە دوا: لە سەرەتادا وەستا شەریفی باوکم چایچی دەسگێر بووە پاشان بیری لە دانانی چایخانەیەک کردووە و ناوی ناوە چایخانەی (شەعب) سەبارەت بەوەی کە بۆ چایخانەکە ناوی شەعبی لێنراوە وەستا عومەر وتی: لە ساڵانی زوودا بیناکە ئوتێلێک بووە ناوی (شەعب) بووە ھەر بۆیە ئەم ناوەش لە چایخانەکە نرا.

لە سەرەتادا چایخانەی شەعب بەم شێوەیەی ئێستا نەبووە و وەھا گەورە نەبووە شوێنی کتێبخانەکەی ئێستا چایخانە بووە و حەوشەکەشی شوێنی خواردەمەنی بووە کە خاوەنەکی ناوی وەستا نەزەر بووە. دواتر لە ساڵانی شەستەکاندا و پاش کۆچی دوایی وەستا نەزەر حەوشەکە ئەبێتە شوێنی ئەرز و حاڵچییەکان. دواتر لە سەرەتای ساڵانی حەفتادا چایخانەکە تەشەنەی سەندوەو گەورە کراوە.. وە لەو کاتەوە تا ئێستا دوو جار چایخانەکە نۆژەن کراوەتەوە جاری یەکەم لەسەر ئەرکی خۆمان و دوا جاریش ساڵی ٢٠٠٦ بووە لەسەر دەستی حکوومەتی ھەرێم کە ئەو کات عومەر فەتاح سەرۆکی حکوومەت بووە.

سەبارەت بەوەی کە لە سەرەتادا کێ سەردانی چایخانەکەی کردووە کاک عومەر وتی: کۆمەلێک کەسی ناودار سەردانی چایخانەیەکەیان کردووە ھەندێک لەوانە کە پێک ھاتبوون لە شاعیر و ھونەرمەندان و نووسەران سەردانی چایخانەکەیان کردووە وەک شێرکۆ بێکەس و ئەحمەد ھەردی و حەمە ساڵح دیلانی شاعیر و عەبدوڵڵا جەوھەر و مامۆستا ئەخۆل و گەلێکی تر سەردانی چایخانەکەیان کردووە. لە سەردەمی ڕژێمی بەعس دا چەند جارێک چایخانەی شەعب کەوتووەتە بەر ھێرشی ملازم موحسین و ئیھانەی بە نوسەران و ئەو گەنجانە کردووە کە لە چایخانەکەدا دانیشتوون و کۆبونەتەوە.

یەکێک لە شتە سەرنج ڕاکێشەکانی تری ئەم چایخانەیە (دەفتەری بیروەرییەکان)ە، کە بیرەوەری ئەو نووسەر و ھونەرمەندانە دەگێڕیتەوە کە سەردانی چایخانەکەیان کردووە. لە لاپەڕەیەکی ئەو دەفتەرەدا مامۆستا شێرکۆ بێکەس بەم شێوەیە باس لە چایخانەی شەعب دەکات: (من ئەم چایخانەیە وەک چیرۆکێک ئەبینم کە بەردەوام ژیانی ئەم شارەمان بۆ ئەگیڕێتەوە). وە شاعیری گەورەی عەرەب سەردانی چایخانەی شەعبی کردووە و لە دەفتەری بیرەوەرییەکاندا شیعرێکی بۆ چایخانەکە نووسیوە کە دەڵێ: (چایخانەی شەعب لە باڵاییدا بژی و شیعرێک دابھێنە، بکشێ و بەرینی زەوی زیاد بکە). وەک کۆمەڵێک نووسەری بیانی سەردانی ئەم چایخانەیەیان کردوە وەک: ھێنری دیلانی شاعیری فەڕەنسی و فازڵ سامر و عەلی حەسەن فواز و ئەردەشیری ڕۆستەمی و ڕۆبێرت کلایتەر).

  • کە دەچیتە ناو چایخانەکەوە چاوت بە کۆمەلێکی زۆر لە وێنەی ھەڵواسراو دەکەوێت کە پێک ھاتوون لە وێنەی شاعیر و ھونەرمەند و رۆژنامەنووس و سەرکردە و پێشمەرگە نەمرەکان. لە بارەی ھەڵواسینی ئەم وێنانەوە بە چایخانەکەوە (عومەر شەریف)ی چایچی وتی: (ھەڵواسینی ئەم وێنانە لای ئێمە وەک وەفا و خۆشەویستییەکە بۆ ئەوانەی جێ دەستیان لە بوارەکاندا دیارە و ماندوبوون).

ئێستا چایخانەکە کۆمەڵیکی زۆر لە گەنجان و ڕۆشنبیران ڕووی تێدەکەن و تێیدا بە یەکتر شاد ئەبنەوە و گفتوگۆ لە بارەی ئەدەبیات و ھونەر و ڕۆژنامەوانییەوە دەکەن. یەکێکیان بۆبەسەربردنی کاتە و ئەوی دییان بۆ ئاگاداربوونەوە لەدنیای ڕۆژانەی کوردستان، بۆ شیکارکردنی ئەو دۆخەی کە پێیدا تێپەر دەبین، یان قسە و باسە لەسەر دنیای ئەدەب و فیکر. چایخانەی شەعب وەک فۆڕم ھیچ جیاوازییەکی لەگەڵ چایخانەکانی تردا نییە بەڵام ئەوەی کە جیاوازی پێ دەبەخشێ جۆری ئەو کەسانەن کە ڕووی لێدەکەن وەک ڕۆژنامەنوسان و ھونەرمەندان و شاعیران. ئەوەی جێی سەرنجە لەم چایخانەیەدا ئەوەیە کە ھەندێ جار ژنانیش ڕوو لە چایخانەکە دەکەن بەڵام بە شێوەیەکی کەم تەنھا ئەوانە نەبێ کە لە ئەوروپاوە دەگەرێنە یان ژنانی بیانی کە سەردانی سلێمانی دەکەن و دێنە چایخانەکە.

سەرچاوەکان دەستکاری