ویکیپیدیا:چۆن یارمەتیی ویکیپیدیا دەدەیت

ویکیپیدیا پشت دەبەستێت بە وتارەکان، پۆلەکان، دەروازەکان، داڕێژەکان، مۆدیوولەکان بەیەکەوە ئەم ویکیپیدیایەی ئێستایان خستۆتە ڕوو.

یارمەتی دەستکاری

پێویستە بزانیت چۆن یارمەتی ویکیپیدیا دەدەیت ئایا شارەزایت ھەیە؟ وە ئەتەوێ لەکام بەشە یارمەتی بدەیت؟ وتار نووسین؟، دروستکردن و بنیادنانی دەروازەکان لەناو وتارەکان، نووسینەوە && وەرگێڕانی مۆدیوول و داڕێژە، ھەموو ئەمانە دەتوانیت بکەیت، گەر زانیاریشت نەبێت ئەوە پەڕەی فێرکاریمان ھەیە لە ویکیپیدیا دوای خوێندنەوەیان و پراکتیز کردن لەسەریان فێربیت ھەریەکەیان چۆن کاردەکەن و شێوازی ڕێکی بۆ کارکردنیان چییە، ھەرچۆنێک بێت ھەموو فێرکاری وردەکارییە گونجاوەکان بە زمانی کوردی بەردەست نییە، بۆ نموونە وردەکاری ورد زیاتر لە زمانی ئینگلیزی بەردەستە، لەخوارەوە ھەوڵ دەدەم فێرکاری ھەریەکێک لە بەشە پێویستەکانی ویکیپیدیا بخەمە ڕوو

وتارەکان دەستکاری

نووسینەوەی وتارێک شارەزاییەکی بنەڕەتی پێویستە، لەگەل شوێنکەوتنی چەن کلیلە ستانداردێکی سەرەکی: سەرچاوەی باوەڕپێکراو، بێلایەنی ڕوانگە، بایەخداری ئەمانە کلیلن و پێویستە ھەبن بۆ ئەوەی وتارێک بە زانستنامەیی بمێنێتەوە لە ویکیپیدیا، وە ویکیپیدیا بە تەواوی لەژێر پێنج کۆلەکە دامەزراوە و ڕەگی کارکردنی ویکیپیدیان. لەناو وتارێک داڕێژە و پۆل بەکاردێت داڕێژەکان بۆ ڕێکخستنەوە و باشترکردنی وتارەکە، پۆل بۆ پۆلێنکردنی وتارە بۆ ئەوەی وتارەکە ڕیز بکرێت و بچێتە ژێر وتارە پەیوەندیدارەکان و ون نەبن، دەروازەکان بۆ کۆکردنەوەی تەواوی بابەتێکی پەیوەندیدارە بە دەروازەیەک بۆ نموونە دەروازەی زانست تەواوی ئەو وتارانەی تێدا کۆکراوەتەوە کە پەیوەندیدارە بە زانست بەشێوەیەکی دیزاین کراو دەروازەکە تایبەتە بە زانست وەک کردنەوەی دەرگای زانست وایە لەناو ویکیپیدیا، یان ھەر دەروازەیەکی تر وەک کردنەوەی دەرگای بابەتەکە وایە و چوونە ناو جیھانی ئەو بابەتەیە و دەروازەکان ڕۆلێکی گرنگ دەبینن لە ناساندن و کۆکردنەوەی وتارە پەیوەندیدارەکان.

ھەر وتارێک لە ویکیپیدیا دەینووسیت بەبێ سنوورداربوون لەلایەن بەکارھێنەرانی ترەوە دەستکاری دەکریت بۆ باشترکردن و گوونجاندنی لەگەل ویکیپیدیا یان زیادکردنی زانیاری زیاتر بۆ وتارەکە، ھەنێکجار لەوانەیە ببینیت کە زانیارییەک زیادکراوە ھەڵەیە گەر وا ھەستت کرد ئەو زانیارییەی زیادکراوە ھەڵەیە تکایە پووچەڵی مەکەوە لەجیاتی ئەوە بیسەلمێنە بۆچی ھەڵەیە دووربە لە گەڕاندنەوەی ھەڵە،

وتارەکانی ویکیپیدیا جۆراوجۆرن:

  • وتارە نایابەکان: ئەوانەن کە پڕ زانیارین و بە ڕێکی نوسراونەتەوە و ڕێکخستنەوەیان بۆ کراوە، ئەوانە ھەڵدەبژێردرێن.
  • وتارە باشەکان: بە پلەی دووەم دێن لە نایابی و باشی نووسینەوە و کوالیتی وتار، دوای پێداچوونەوە ھەڵدەبژێردرێن.
  • وتارە ناوەندییەکان: سێیەم باشترین وتارن ئەوانەن ھێشتا ھەڵنەژێردراون و پێداچوونەوەیەکی تەواویان بۆ نەکراوە، بەڵام لەڕووی زانیاری و ڕێکی نووسین و سەرچاوە و شوێنکەوتنی شێوازی ستاندارد گرنگی تایبەتی خۆیان ھەیە، ئەم جۆرە وتارانە گرنگی تایبەتی خۆیان ھەیە و زانیاری پێویست و باشیان تێدایە و لەوانەیە لە داھاتوو ھەڵبژێردرێن.
  • کۆلکە وتارەکان: ئەو وتارانەن کە زانیارییەکی سەرەتایی و بنەڕەتی لەسەر بابەتێک لەخۆ دەگرن، وەک ناساندنی بابەتێک بە شێوەیەکی سەرەتایی بێگوومان کۆلکە وتارەکان بایەخی تایبەتی خۆیان ھەیە و ھەبوونیان پێویستە، چوونکە زانیارییەکی بنەڕەتی دەخەنە ڕوو، لە داھاتوودا لەوانەیە بچنە ڕیز وتارە ناوەندی و باش و نایابەکان، ھەبوونی وتاری کۆلکە بێسوود نییە و دوودڵ مەبە لە زیادکردنی زانیاریەک بۆ ویکیپیدیا ئەگەرچی چەندیش کەم بێت، چونکە وتارەکەت لە ویکیپیدیا چەندین کەس دوای تۆ سەیری دەکات و ئەکرێ بچێتە ژێر چەندین گرنگی پێدان و ڕێکخستنەوەوە.

بۆ چۆنییەتی نووسینی وتارێک دەکرێت سوود لە جادووگەری وتارەکان ببینیت، یاخوود لەوانەیە بتەوێت سەیرێکی فێرکاری ویکیپیدیا:نووسینی وتارێکی ویکیپیدیا بکەیت، دەکرێت سوود لەمانەی خوارەوەش وەرگریت:

پۆل بۆ پۆلێنکردنی وتارە بۆ ئەوەی وتارەکە ڕیز بکرێت و بچێتە ژێر وتارە پەیوەندیدارەکان و ون نەبن. وەک پۆل:کوردستان کە گشت وتارە پەیوەندیدارەکان بە کوردستانی لەناو کۆکراوەتەوە بۆ ئەوەی ون نەبن و بە ئاسانی بدۆزرێنەوە وە پۆل دەکرێت بە دوو بەش (پۆل، ژێرپۆل)، ژێرپۆل ئەو پۆلانەن کە دەکەونە ژێر پۆلی باوان، بۆ نموونە پۆل:مێژووی_کوردستان دەکەوێتە ژێر پۆلی کوردستان و دەبێت بە ژێرپۆل لەبەر ئەوەی مێژووی کوردستان پەیوەندی بە کوردستانەوە ھەیە بەمەش پۆلی مێژووی کوردستان دەچێتە ژێر پۆلی کوردستان.

لەکاتی نووسینی وتارێک لەوانەیە پێویست بکات وتارەکە پۆلێن بکەیت بۆ پۆلێکی دیاریکراو یان چەن پۆلێکی پەیوەندیدار بە وتارەکە، نووسینی وتارێکی ژیاننامە بە نموونە وەردەگرین کە وتارەکە پۆلێن دەکەین بۆ زیاتر لە پۆلێک، وەک (کاتی لەدایکبوون، نەتەوە، بوارەکانی کەساییەتییەکە) لێرەدا حاجی قادری کۆیی وەک نموونەیەکی زیندوو وەردەگرین کلیک لەم وێنەیە بکە ( ) یاخوود بڕۆ سەر وتارەکە، دەبینیت وتارەکە پۆلێنکراوە بۆ لەدایکبووانی ١٨١٧ ئەمە مانای ئەوەیە ھەموو ئەو وتاری ژیاننامانەی لەدایکبوونیان دەکەوێتە ١٨١٧ لە پۆلی لەدایکبووانی ١٨١٧ پۆلێنکراون و کۆکراونەتەوە، بەھەمان شێوەی پۆلەکانی تریش ھەمان یاسا دەیانگرێتەوە.

لەکاتی دەستکاریکردنی پۆلەکان (زیادکردن/کەمکردن) ئێمە خێراپۆلمان ھەیە کە یارمەتیمان دەدات بە شێوەیەکی خێرا کۆمەڵە پۆلێک زیاد بکەین یاخوود کەمی بکەین، یاخوود بۆ گواستنەوە و سڕینەوەی بە کۆمەڵ ئێمە کۆماپۆل بەکاردەبەین کە یارمەتیمان دەدات کۆمەڵە وتارێکی زۆر لە پۆلێک بسڕینەوە، یان بیگوازینەوە بۆ پۆلێکی تر نموونە چەن وتارێکی مێژوویی بۆ پۆل:مێژووی_کوردستان زیادکراوە کە پەیوەندیان بەم پۆلە نییە ئێمە لەوکاتەدا بۆ سڕینەوە وتارە دەستنیشانکراوەکان لەناو پۆلێک دەستنیشان دەکەین.

لە وتاردا بۆ نوێکردنەوە و ھێنانی پۆل، ئەمە لەکاتێکدا کە وتارێکی نوێ دەنووسیت، کە دەتەوێت پۆلی وتارێک نوێ بکەیتەوە، ئێمە پشت دەبەستین بە سکرێپتێک کە تایبەت بۆ کارئاسانی ھێنان و ناسینەوەی پۆلەکان دروستکراوە لە زمانەکانی تری ویکیپیدیا، بۆ نموونە کاتێک وتارێک وەردەگێڕیتە سەر کوردی یان وتارێک لە ویکی سۆرانی ئەتەوێ بە پشت بەستنی پۆلەکانی ویکیپیدیای ئینگلیزی نوێی بکەیتەوە، لێرەدا سکرێپتێک ھەیە کە بەستەرەکان وەردەگێڕێتە سەر ئەو زمانەی کە دەتەوێت بە مەرجێک ئەو بەستەرانە نێوانویکیبۆ کرابێت و لە ویکیدراوە بەسترابێتەوە بە وتارە ھاوشێوەکانی لە زمانەکانی تر، لێرە لەسەر سکرێپتەکە بخوێنەوە و چالاکی بکە، دوای چالاکردنی سوودێکی کاریگەری ھەیە لە کارئاسانی لە وتار نووسین و ڕێکخستنەوەی وتاردا.

داڕێژە دەستکاری

داڕێژەکان وەک ناوەکەی داڕێژراوێکی پرۆگرامینگە لەناو پەڕەکانی ویکیپیدیا بەکاردێت، داڕێژەکان یارمەتی پەڕەکان دەدەن لە ناسینەوە و ڕێکخستن و پێشکەشکردن بە کوالێتیەکی باشتر و ئاسانتر دەرکەوتن لەپێش چاوی بینەر، لەوانەیە پێویست بکات زانیاری زیاتر لە ویکیپیدیای ئینگلیزی بخوێنیتەوە: Help:Template

مۆدیوول دەستکاری

مۆدیوولەکان لە ڕێگەی زمانی پرۆگرامینگی لوا کاردەکەن بۆ پێشکەشکردنی کردارێکی پڕۆگرامی کە لەوانەیە زۆربەی داڕێژەکان پشتی پێ ببەستن. زیاتر بخوێنەوە: Wikipedia:Lua

یارمەتیدان دەستکاری

ئەتوانیت یارمەتی ویکیپیدیا بدەیت بە

  • پێداچوونەوەی وتارەکان
  • نووسینی وتار
  • دروستکردنی پۆل و داڕێژە و مۆدیوول، وەرگێران و ڕێکخستنەوەیان
  • بەیەکەوە کارکردن لەگەل بەکارھێنەرانی تر وەک بەشداریکردن لە ویکیپڕۆژەکان (پۆل:ویکیپرۆژەکان ببینە)
  • چاودێری دواین گۆڕانکارییەکان بکە، ھەر خراپکارییەکت بینی پووچەڵی بکەوە.