وتووێژ:ڕشتەی مرواری

بەشێک لە وتارەکە دەستکاری

ئەمەی خوارەوە بەشێکە لە وتارەکە کە پاش خاوێنکردنەوە ڕاگوێزراوەتەوە بۆ ئێرە؛ بە ھۆی ڕێنەکەوتن لەگەڵ ئامانجەکانی وتارەکاندا(بەشێک لە کتێبەکەیە). MarMzok لـێدوان-- ١٥:١٩, ١٥ کانوونی یەکەم ٢٠١١ (UTC)

مامۆستا علاء الدین سجادی‌ سەرەتای رشتەی مرواری بەم شێوەیەی خوارەو دەست پێ دە‌کات:

سەرەتا

گێتی ئەدەب گێتیەکی فراوانە، نامەوێ لەمەوە بدوێم ئەگەر یەکێک ویستی بەپوختی لێی تێ بگا تەماشای کتێبی (مێژووی ئەدەبی کوردی) علاْ دین سجادی بکا. بەڵام ئەوە ئەڵێم قەومی کورد ناموسی تەبێعی ھەزاران ساڵە ھێشتویەتەوە، ھۆی ئەم مانەوەیە گەلێ شت بووە، یەکێک لەوانە تەریکیء گۆشەگیری بووە لەعالەمی بێگانە، ئەم سوچەی زمانەکەی بۆ ھێشتوتەوە. ناتوانی قەومێک ناوبنێی بەقەوم تا زمانی نەبێ، بۆیە بەئینگلیز وە یا جەرمەن وە یا عەرەب ئەوترێ ئینگلیز، جەرمەن، عەرەب، چونکە زمانیان ھەیە، کەزمان نەبوو قەومیەت نییە. کوردیش تائێستە بۆیە ماوەتەوە، چونکە زمانی ھەبووە، ئەگەر زمانەکەی نەبێ مەفەومی کورد لەفەرھەنگا نامێنێ.

لەسەرەتای ئەم سەدەی بیستەمەوە وردە وردە خوێندەواری لەناو رەمەکی کورددا پەرەی سەندوەو ئەستێنێ. ئینکار ناکرێ خوێندەواری چرای ژیانە بەڵام لەلایەکی ترەوە من ھەست بەزیانێکی گەورەی ئەکەم لەم رووەوە؛ ھەست بەوە ئەکەم چونکە خوێندەوارییەکە بەزمانی کوردی نییە ھەتا سەدەی بیستەم بەسەر ئەچێ قەومی کوردیش نەمێنێ. بۆیە ئەڵێم نەمێنێ چونکە مناڵەکە لەقوتابخانەی غەیری کوردی لەباتی وشەیەکی کوردی فێری وشەیەکی غەیری کوردی ئەبێ، ئەو وشەیە دێنێتەوە ماڵەوەو قسەی پێ ئەکا، برا بچکۆڵەکەو خوشکە نەشمیلەکەی لێوە فێر ئەبن، باوکی مناڵەش ئەڵێ کۆرپەڵەم فێری زمانی نان پەیدا کردن بووە ئەویش وەری ئەگرێ، دایکەشی ئەڵێ لەدەورت گەڕێم چەند قسەکانت جوانە؟! ئەویش فێری ئەبێ!. بەرە بەرە زمانی قوتابخانەی غەیری کوردی مناڵە کە شوێن ھەوارێکی خۆش بۆ خۆی لەماڵی باوکی مناڵەدا دروست ئەکاو زمانی مادەرزادی کوردییەکە لەژێریا دەست ئەکا بەنقەنق!. کە پشتێک بەم جۆرە رۆیشت پشتی دووەھەمء سێھەم ئەڵێن باووباپیری ئێمە بەرەحمەت بن- بەزمانێک قسەیان ئەکرد کە پێیان ئەوت زمانی کوری!.

ئەوانەی کەھەست بەقەومیەتی کوردی ئەکەنء ھەست بەوە ئەکەن کە (بڤە)یەکی گەورە ئابڵۆقەی زمانەکەیانی داوە ئەگەر تەنھا ئەم قسەیە بخوێننەوە ئەکەونە سەر ئەو باوەڕە کە زیندو کردنەوەو بوژاندنەوەی زمانی کوردی لەسەر قاقەز چە کارێکی گەورە ئەکاتە سەر مانەوەی قەومیەتی نەتەوەی کورد.

ھیچ ئامانجێکم نییە تەنیا پاراستنی زمانی کوردی نەبێ، ئەویش بۆ پاراستنی قەومیەتی کورد لەو تەنگوچەلەمانە کە گەمارۆی داون. دنیای ئیمرۆ وەکو دنیای دوێنێ نییە، گۆڕانی ئیمڕۆ وەکو گۆڕانی پێرێ نییە، قەومی کورد ئەبێ کۆشش بکا- بەبێ جیاوازی- بۆ پاراستنی قەومیەتی خۆی. ئەم کۆششە بەخزمەتکردنی زمانەکەی ئەبێ، زمانی خۆت بپارێزەو بەزمانی خۆت بخوێنەرەوە ئیتر خەمی ھیچت نەبێ.

ھیتلەر کە یادداشتەکەی (کفاحی) دانا وتی: (ئەم نوسینەم بەزمانێکە گەورەتر عالمێکی رایەخ چۆنی لێ تێ ئەگا شوانێکی سەر کێویش ھەر بەو جۆرە لێی تێ ئەگا؛ بەزمانێکە کە زمانی ئەڵەمانییە.) منیش ھەر ئەوەندە ئەڵێم. ئینجا بابچێنە سەر بارێکی تر بۆ منء ئەم کتێبە:-

بەبیرەوەری خۆم حەزم بەقسەی خۆش کردوەو لەبیستنی قسەیەکی خۆش وەکو ھەستم بەدەنگێکی نھێنی خۆش کردبێ وابووم، لەبەر ئەوە خۆم لەخۆمەوە ھەر ئەگەڕام بەشوێن ئەو قسەو سەرگوزەشتە کوردییانەدا کە لەناو کورددا باو بوون، بەبێ ئەوە بەشتێکی تر بزانم گەلێکیان لەسنگما مانەوە، دیسان ھەر تێریشم نەئەخوارد ئەمویست زیاتر ببێت، لەپاشا کە ئەمبینی گەلێکی تر وەکو من ھەر حەز بەقسەو سەرگوزەشتەی خۆش ئەکەنء شوێنی ئەکەون، بەلامەوە سەیر بوو کە ئەمە بۆچ وایە؟ لەپاش ورد کردنەوە تەماشام کرد ئەمانە مەعانیە روحیانەن کە بەوشە تەعیبریان پێ لێ ئەدرێنەوە؛ ئەمانە ئەو ئەدەبەن کە لەگەلڕ سروشتی ئادەمیزاد تێکەڵاوکراون.

ئەو وەختە بۆم ساغ بوەوە کەراستە ئادەمیزاد بەبنەچە پابەندی ئەدەبە، چونکە ئەدەب خۆراکی روحەکەیەتی. بۆم ساغ بوەوە کە گەورەیی ئەدەب بناغەی ھەموو گەورەییەکە- با ھەست بەگەورەیییەکانی تریش نەکرێت-.

کەچومە بنجء بناوانی کارەوە دەستم کرد بەخوێندنەوەی شتی تر، تەماشام کرد تەنھا قەومی کورد نەبێ قەومەکانی تر بەھەردوو دەستەوە چونەتە ژێر ئەدەبیات، ھەر جۆرە شتێکیان بۆبێت خێرا لاپەڕەی کتێبەکانیان پێپڕ کردۆتەوەو نەیانھێشتووە ون ببێت. کە ئەمەم بینی وتم ئایا بۆچی شتی وامان نەبووە؟. لەگەلڕ ئەو ھەموو قسە خۆشانەدا کەھەمانە!. لەوە زیاتر ھیچم بۆ نەدۆزرایەوە کە رەنگبێ لەناو ئێمەدا وتەی شورەیی (عەیبە) نەیھێشتوە ھیچ شتێک پێکەوە بنێن. دیارە ھەر واش بووە چونکە زۆرتر ئەوقسەو سەر گوزەشتە خۆشانە تا ئێستە ھەروا بەرشخەنێکەوە گێڕاونەتەوەو لەوانە بوون ھەر لەگەلڕ یەکێک یەکێکیانی لێ گێڕابێتەوە خێرا لێی ھاتبێتنە سەرپێء( عەیب نیە تۆ ئەم قسە ناشیرینە ئەگێڕیتەوە؟!.) لەگەلڕ ئەوەشدا ئەو قسەیە کە ناشیرین وە یا پێچەوانەی ئەدەبء شەرم دائەنرێ ئەوە جەوھەری ئەدەبء ئەقڵەو ئەدەب لەو دروست ئەبێ.

ئەدەب پەردەی ژیانی کۆمەڵە، کە، شان بەشانی ھاتۆتە خوارەوە،، ژیریء زەینی پێشان ئەدا، رابواردنء ھەڵسوکەوتیان ئەخاتە روو. ئەو پارچە قسانە وەکو لەرواڵەتا ساویلکەن لەمەعنادا زۆر شت ئەگەیەنن، ئاسمانی مەعنایان گەلێ بەرزترە لەو ئاسمانە کە تیایانا دەرئەکەون. قەومەکانی تر ھەموو شتێکیان وتوەو نوسیویانەتەوە- ئیتر چاک بوبێتن یاخراپ- نەیانھێشتووە سەریان تیا بچێ.

منیش لەبەر ئەمانە ھاتم لەم سەر گوزەشتء پەندانە بە ئەندازەی دەسەڵات وەبگرە زیاد دەسەڵاتیشم لێ کوکردنەوەو حەزم کرد لەم رەوشەوە کتێبێکمان ببێت. ئەزانم سەرەتا لەوانەیە زۆر کەس لێ بکەویتە تەقەوەو بڵێ: قسەکان بێ شەرمیء پێچەوانەی ئەدەب دیوەخانانە نەئەبوایە شتیوا بنوسرایە.

منیش ھەقیان ئەدەمێ؛ چونکە ھەموو شتێک لەسەرەتاوە لەبەر ئەوە تازە کورەیە بەرھەڵستی بۆ پەیدا ئەبێ بەڵام لەپاش ماوەیەک ئیمان بەوە دێنن کە سوچێک لەئەدەبی ون بووی کوردی، زیندوو بۆتەوەو دار مێخەکی سیسی ئاو لێ بڕاو گەشێنراوەتەوە. ئەمەو دیسان ئەڵێ:_

کابرایەک نوێژی نیوەڕۆی ئەکرد وتی: ( نیەتمە ھەشت رکات نوێژی ئەم نیوەڕۆیە ئەکەم.) کە لێ بوەوە مەلاپێی وت باوکم نوێژی نیوەڕۆ چوار رکاتە، کەی ھەشت رکاتە؟ نوێژەکەت بکەرەوە. ئەویش پێی وت: (مامۆستا! من ھەشت رکاتم کردوە ، خوا، تێ کەوی چواری چاکی بۆ خۆی ھەڵبژێریء چوارەکەی تری بداتەوە بەسەر خۆما!.) ئێستەش ئەم کتێبە ھەرکەس ئەیخوێنێـتەوە ئەوی چاکە بۆ خۆی ھەڵبژێریء ئەوی خراپە بیداتەوە بەسەر خۆما.دیسان ئەیڵێمەوە؛ کاکی کوردی خۆشەویست! توڕە مەبە بۆ نوسینەوەی ئەم کتێبە، میللەت وەکو باخی پادشاھانە، گوڵی چاکیشی تێدایەو ەی خراپیش، لە گەورەتر کتێبی ئەدەبیاتی عالەمی عەرەبی (اغانی ابو فرجی اێفھانی)ء (عقدالفریدی ابن عبد ربە)یە، ئەم کتێبانە عالەمی ئیسلامیء غەیری ئیسلامی دانیان پیا ئەنێن کە شا کتێبی ئەدەبن، ئەمە بێجگە لە (المستگرف فی کل فن مستڤرف)ی –شھاب الدینی احمدی ابشەی- ئەگەر بەپوختی چاوێک بەوانەدا بخشێنی بۆت دەر ئەکەوێ ئەوانەی من لەم کتێبەدا نوسیومن شورەیییەکەیان نەگەیشتوتە شورەیی ھەندێ لەوانەی کە لەوانا نوسراون، ئەم قسانەی ئێرە وەکو شوێنانی تر ھەر یەکە دەورێک ئەگێڕنەوە؛ ھەم ئەدەبە، کە ئەدەب پەردەی ژیری تاکء کۆمەلڕ ئەگێڕێتەوە، ھەم بۆنێکە بۆ دەماخ کەبۆنی دەماخ لەزەتی روحیییە.

علاْ الدین سجادی ٢٤/٣/١٩٥٢

بگەڕێوە بۆ پەڕەی "ڕشتەی مرواری".